نێچیرڤان بارزانی لەبارەی شەڕ و گرژییەکانی ناوچەکە: پێویستە هەموو لایەک رێگە لەو دۆخە بگرن

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ''هێشتا داعش مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی عێراق و ناوچەکە''؛ گوتیشی، ''دۆستان و هاوپەیمانان دڵنیادەکەینەوە ئیرادە و پێداگریی جددیمان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە هەیە.''
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دەرچوونی ئەفسەرانی 29ـیەمین خولی کۆلێژی سەربازیی دووی زاخۆ، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئه‌م ديمه‌نه‌ بۆ ئێمه‌ و هه‌موو خەڵکی كوردستان جێگەی شانازيیە،‌ كە 792 ئەفسەری گەنجمان خوێندنی سەربازی، ئەکادیمی و پراکتیکییان تەواو کرد.''
 
نێچیرڤان بارزانی گوتی، ''جێگەی ده‌ستخۆشى و سه‌رفرازییەکی گەورەیە کە دوای ئەوەی خوێندنی خۆتان لە زانکۆ تەواو کرد، بە خواستی خۆتان هاتن تاوەکو خوێندنی سەربازیش تێپەڕێنن و ببنە ئەفسەری پێشمەرگە، ئەوە دەرخەری حەز و دڵسۆزیی ئێوەیە بۆ خزمەتکردنی کوردستان.''
 
لەو 792 ئەفسەرەی خوێندنی سەربازییان تەواو کردووە، 50ـیان کچن، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان هیوای خواست ژمارەی کچانی ئەفسەر لە داهاتوودا زیاتر بێت و ئاماژەی دا، ''لەو 50 کچە، 13ـیان ئێزدین و یەکێکیان کاکەییە، ئەوە جێگەی دڵخۆشیی هەموومانە و پیرۆزبایی لە خێزان و کەسوکاریان دەکەم.''
  
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ''لەو رۆژەوەی ناوی پێشمەرگە هەیە، باوەڕی کورد و کوردستان بە خۆی، بە دۆزی خۆی و مافە رەواکانی خۆی پتەو و پتەوتر بووە.''
 
نێچیرڤان بارزانی بۆ قارەمانیێتیی پێشمەرگە شەڕ لەگەڵ داعش بە نموونە دێنێتەوە و دەڵێت، ''ئەوە پێشمەرگە بوو لە بەرەکانی شەڕ، بە گیان و خوێنی خۆی ئەفسانەی داعشی تێکشکاند و رێگەی نەدا کوردستان بکەوێتە دەست تیرۆریستان.''
 
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''تاوەکو کورد و کوردستان بمێنن، پێشمەرگە وەکو ئیلهامبەخش و پارێزەری گەلی کوردستان، هێمای خۆڕاگری و بەرخۆدان دەمێنێتەوە.'' 
 
''دەبێ عێراق ئەرکی خۆی بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکات''
 
بەهۆی شەڕی دژی داعش، زیاتر لە دوو هەزار پێشمەرگە و ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان شەهید بوون و زیاتر لە 12 هەزاری دیکە بریندار بوون. نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەکات کە لە شەڕی دژی داعشدا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون، دەشڵێت ''هاوکاریی ئەوان بۆ پێشمەرگە و سوپای عێراق، ستراتیژی و بنەڕەتی بوو، نموونەیەکی زیندووی هاوکاریی نێودەوڵەتی بوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە هاوبەشەکان.''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هاوئاهەنگییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەرامبەر مەترسییەکانی داعش لە سنووری مادەی 140ـی کرد، هۆشداریشی دا ''هێشتا داعش مەترسییەکی جددییە بۆ سەر ئاسایش و ئارامیی عێراق و ناوچەکە.''
 
نێچیرڤان بارزانی بە پێوستی دەزانێت هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە هاوکارییەکانیان بەردەوام بن و بەرفراوانتریشی بکەن، ''پێشمەرگە بەشێکە لە هێزی (سیستم) بەرگریی عێراقی، بۆیە دەبێ عێراق سەرجەم ئەرکەکانی خۆی بۆ هاوکاریکردن، پشتیوانی و پڕچەککردنی پێشمەرگە جێبەجێ بکات.'' 
 
''چاکسازییەکان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە سستی بەڕێوەدەچن''
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە پڕۆسەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکخستنەوەی هێزەکانی کرد و گوتی، ''بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئاستی چاوەڕوانیی ئێمەدا نییە، کێشەی هەیە و بە ئارامی بەڕێوەدەچێت، پێویستە هەموو لایەک کاری جددی بۆ بکەن و پڕۆسەکە سەربخەن، نابێت چیدیکە دۆست و هاوپەیمانانی خۆمان نائومێد بکەین.''
  
فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، ''هەموو دۆستان و لایەنەکان دڵنیا دەکەینەوە، کە ئیرادە و پێداگریی جددیمان [بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە] هەیە و لەسەری بەردەوام دەبین؛ هەنگاو بەهەنگاو سەرجەم ئاستەنگەکان چارەسەر دەکەین، تاوەکو دەگەینە کۆتایی و سەردەکەوین.''
 
لە هەرێمی کوردستان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خاوەن هێزی خۆیانن کە ئەوانیش یەکەکانی 70 و 80ـن. نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێمە پابەندین بەوەی هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگەمان هەبێت، هێزێکی نیشتمانی کە لەژێر بەڕێوەبەری و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەڕێوەبچێت.''
 
نێچیرڤان بارزانی رووی دەمی کردە ئەفسەرە نوێیەکان و گوتی، ''لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هێزی نیشتمانیی کوردستان بن و، هیچ کات نەبنە لایەنێک لە کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان.''
 
''حەزناکەین هەرێمی کوردستان و عێراق بکەونە نێو گرژییەکانی ناوچەکە''
 
ماوەیەکە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، لە غەززە شەڕ هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە شەڕی نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل شەڕ قووڵتر بووەتەوە؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، ''ئێمە لەگەڵ وەستاندنی شەڕ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشە و ناکۆکییەکانین.''
 
دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی رابردوودا قورسایی هێرشەکانی خستە سەر حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش هێرشەکانیان دژی ئیسرائیل زیادکرد و ئیسرائیلیش هۆشداری دەدات لە هەر شوێنێکە هێرشی بکرێتە سەر، وەڵامی هێرشەکە دەداتەوە. نێچیرڤان بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، ''بە هیچ شێوەیەک حەز ناکەین هەرێمی کوردستان و عێراق بکەونە نێو گرژییەکانەوە، پێویستە هەموو لایەک هەوڵ بدەن رێگری لە ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە بکەن.''
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە