سەرۆکی لیستی گۆڕان لە هەولێر دەڵێت لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە پەلامار دراوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیستی گۆڕان لە هەولێر رایدەگەیێنێت، لە رۆژانی رابردوو چەندین جار لەناو شاری هەولێر لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە پەلاماردراوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2024، هێمن شێخانی، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە بازنەی پارێزگای هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژانەڤانیدا گوتی: "لە رۆژانی رابردوو، دوو ئۆتۆمبێلی جام تاریکی بێ تابلۆ، کە پڕبوون لە چەکدار هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەم."
 
گوتیشی: "دەستبردن بۆ شکۆ و کەرامەتی ئێمە و هەموو هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان هێڵی سوورە". 
 
هێمن شێخانی ئاماژەی بەوەش کرد، لایەنە ئەمنییەکان لە رووداوەکە ئاگەدار دەکاتەوە و داواشی لە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کرد، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە بکەن.