رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری ناحیەی شوان لە پارێزگای کەرکووک، فڕۆکەی جەنگیی عێراق بۆردوومانی چەند پێگەیەکی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە هاوکاری دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی و بە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیی F-16 ئەشکەوتێک لە سنوورەکە کراوەتە ئامانج کە چوار چەکداری نەناسراوی تێدا بووە.
مام هەژار تەپەکوڕەیی موختاری گوندی تەپەکوڕە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ”سنووری نێوان تەپەکوڕە و عەلی موسا چوار جار بۆردوومان کراوە و لە دوورەوە ئاگرەکەی دەبینن و دەنگەکەی دەبیستن".
گوتیشی، ”نازانن فڕۆکەکە سەر بە کوێیە بەڵام ئاگادارن کە هێزەکانی پێشمەرگە و دژەتیرۆریش لە ناوچەکەن و چاودێری دۆخەکە دەکەن".
سەبارەت بە بوونی چەکداری نەناسراو، موختاری ئەو گوندە رایگەیاند، ”پێشتر گومانیان هەبووە لە بوونیان و هێزە ئەمنی و سەربازییەکانیان لێ ئاگادارکراونەتەوە".
سەبارەت بە هەڵکەوتەی جوگرافی ناوچەکە موختاری تەپەکوڕە گوتی، ”دۆڵ و نشێو و بەرزاییە و ناوچەیەکی سەخت و ئاڵۆزە و ئەشکەوت و جێگای خۆحەشاردانی هەیە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ