کۆمیسیۆن: دەبێت چاودێران خۆیان بەدووربگرن لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەران

17-10-2024
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رێساکانی رەفتاری چاودێرانی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە، لە نێویاندا "دەبێت چاودێران رێز لە یاسا پەیڕەوکراوەکان بگرن و بێلایەنیشیان بپارێزن". هەروەها بەپێی ئەو رێسایانە، دەبێت چاودێران خۆیان بە دووربگرن لە دەستێوەردان و پێشاندانی لایەنگری بۆ لایەنێکی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردن. 
 
کۆمیسیۆن بەربژێران پابەند دەکات بەوەی "خۆیان لە دەنگدەران بەدووربگرن و هیچ راگەیێنراوێکیش لەبارەی پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاونەکەنەوە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17-10-2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێساکانی رەفتاری چاودێرانی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە، رێساکان خۆیان لە چەند خاڵێک دەبیننەوە، لە بەشی یەکەمیدا، پێنج بنەما خراونەتەڕوو، بۆ چالاکییەکانی چاودێرانی هەڵبژاردن، لەوانە:
 
- رێزگرتن لە یاسا و پەیڕەوەکان: چاودێران دان بەوەدا دەنێن کە پابەندن بە هەموو ئەو یاسایانەی لە عێراقدا بەرکارن، هەروەها هەمیشە لە هەموو بارودۆخێکدا رێزیان لێدەگرن. 
 
- دڵنیایی: چاودێران دەبێت راستگۆ و متمانەپێکراو بن، کاتێک لەلایەن ئەو کەسانەوە دەستنیشان دەکرێن. 
 
- بابەتیبوون: پێویستە چاودێران هەر ئەنجامێک کە پێیدەگەن و پێشکێشیدەکەن، پشتببەستێت بە پێداچوونەوەیەکی ورد و گشتگیر بە هەموو بارودۆخ و راستییە پەیوەندیدارەکانەوە. 
 
- سەربەخۆیی: مەرجە کە چاودێران ئازاد بن لە بڕیاردان بەبێ دەستێوەردان و لە چوارچێوەی سەروەریی یاسادا کاربکەن. 
 
- بێلایەنی: هەموو چاودێران دان بە بەرژەوەندیی پڕۆسەی هەڵبژاردن و بەها بنەڕەتییەکانی دیموکراسی دەنێن، کاردەکەن بۆ پاراستنیان و هەموو ئەمانە لە سەرووی هەر بەرژەوەندییەکی تاکەکەسی یان دڵخوازێکی سیاسییەوە دادەنێن. 
 
هەروەها کۆمیسیۆن چەند خاڵێکی دیاریکردووە، کە دەبێت چاودێران بەڵێن بدەن پابەند بن بە کردەوەی دروست، کە لەگەڵ یاسا گونجاو بێت و پابەندیش بن بە رێنماییەکانی کۆمیسیۆن لەنێویاندا:
 
- چاودێریکردنی هەموو قۆناخەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە نزیکەوە. 
 
- پەیوەندیکردن بە بەرپرسانی کۆمیسیۆن بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی تەواو سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن. 
 
- ناردنی راپۆرت بۆ کۆمیسیۆن سەبارەت بە هەر کێشەیەک، کە لە کاتی پرۆسەی چاودێریکردن رووبدات. 
 
- چوونەژوورەوە و دەرچوون لە بنکەکانی هەڵبژاردن بە ئازادی بەبێ ئەوەی کاریگەری لەسەر رەوتی کار هەبێت. 
 
- پێشکێشکردنی راپۆرتێکی گشتگیر لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەو تیمەی چاودێری کە ئەندامە تێیدا. 
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چەند خاڵێکی دیکەشی خستووەتەڕوو کە دەبێت چاودێران لەکاتی چاودێریکردن لەبەرچاوی بگرن، لەوانە: 
 
- پابەندبوون بە یاسا نێوخۆییە بەرکارەکان و ئەو پەیڕەوانەی کۆمیسیۆن دەریکردوون.
 
- خۆبەدوورگرتن لە هەڵگرتنی چەک یان نیشاندانی هەڵسوکەوتی نابەجێ یان شەڕانگێز. 
 
- خۆبەدوورگرتن لە هەر پشتیوانییەک یان نیشاندانی لایەنگری بۆ هەر لایەنێکی سیاسی یان کاندیدێکی کێبڕکێکار لە هەڵبژاردنەکان. 
 
- وەرنەگرتنی دیاری یان خزمەتگوزاری لە هەر لایەنێکی سیاسی یان کاندیدێک. 
 
- دوورکەوتنەوە لە هەر دەستێوەردانێک لە چالاکییەکانی کۆمیسیۆن، یان حیزبە سیاسییەکان یان هاووڵاتییان یان هەر کاروبارێکی سیاسی لە وڵات. 
 
- جێبەجێکردنی کارەکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە، لە هەمانکاتدا رێزگرتن لە رۆڵ و پێگە و دەسەڵاتی فەرمانبەرانی کۆمیسیۆن سەبارەت بە تۆمارکاران، دەنگدەران، دەسەڵاتە ئەمنییەکان و هەموو ئەوانەی بەشدارن لە پرۆسەی هەڵبژاردن. 
 
- ئەوپەڕی پابەندبوون بەو رێسا و رێنماییانەی کۆمیسیۆن دایناون، لەوانەش داواکارییەکی بەپەلە بۆ جێهێشتنی ناوچەیەک یان شوێنێکی دیاریکراو یان رێگریکردن لە چوونەژوورەوە بۆ ئەو شوێنە، یان جێهێشتنی بنکەیەکی هەڵبژاردن. 
 
- خۆبەدوورگرتن لە دەستوەردان لە پرۆسەی هەڵبژاردن یان دروستکردنی بەربەست بۆی. 
 
- هەڵواسینی باجی متمانەپێدان بۆئەوەی نیشانی کارمەندانی کۆمیسیۆنی بدات کە چاودێرە و خۆیان پێبناسێنێت، کاتێک سەردانی هەر یەکێک لە باڵەخانەکانی کۆمیسیۆن دەکات، بە بنکە و وێستگەکانی دەنگدانیشەوە. 
 
- رێزگرتن لە نهێنیی دەنگدان، لەوانەش، نەچوونە نێو کابینەی دەنگدان. 
 
- خۆبەدوورگرتن لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەنگدەران بۆ رێگریکردن لە دروستکردنی کاریگەری لەسەر دڵخوازیان لە دەنگدان.
 
- دوورکەوتنەوە لە هەر هەوڵێک بۆ خستنەڕووی هەر بەڵگەیەک یان زانیارییەک بە بەشداربووانی پرۆسەی هەڵبژاردن. 
 
- دڵنیابوون لەوەی کە هەر زانیارییەک کە پێشکێشی دەکات، لە سەرچاوەیەکی راستەوخۆ و سەرەکییەوە وەرگیراوەو دەتوانرێت پشتڕاستبکرێتەوە، لە هەمان کاتدا راپۆرتێکی روون و رێکخراو بەبێ گومان کۆبکاتەوە و ئامادەی بکات. 
 
- خۆبەدوورگرتن لە هەر راگەیێنراوێک یان سەرنجێک سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تاوەکو ئەو کارەی کۆمیسیۆن ئەنجامە فەرمییەکان بڵاودەکاتەوە. 
 
سبەی هەینی، 18-10-2024، دەنگدانی تایبەت و رۆژی یەکشەممە 20-10-2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لەماوەی 24 کاژێردا کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی رادەگەیەنێت. لەم هەڵبژاردنەدا 1,650 چاودێری نێودەوڵەتی و 5,500 چاودێری نێوخۆییش بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردن تۆمارکراون. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".