کۆمیسیۆن چوار سکاڵاى یەکێتى و سکاڵاى بەربژێرێکى پارتى رەت دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، چوار سکاڵاى رێگەپێدراوى یەکێتى لە هەولێر و سلێمانى و بەربژێرێکى پارتى رەت دەکاتەوە، نەبوونى بەڵگە و نادیاریى بکەرى پێشێلکارییەکان، هۆکارى رەتکردنەوەى سکاڵاکان بووە.  
 
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، چەند بڕیارێکى لەبارەى ئەو سکاڵایانەوە بڵاوکردەوە، کە لەلایەن پارت و لیستە بەشداربووەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کراون. 
 
بڕیارەکان لە 16ى تشرینى یەکەم لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە پەسند کراون، لە دواى ئەوە لیژنەى یاسایی تایبەتمەند بە سکاڵاکان راسپاردەیان لەبارەیەوە ئاڕاستە کردوون.
 
بەگوێرەى بڕیارەکان، سێ سکاڵاى رێگەپێدراوى یاسایی یەکێتیى نیشتیمانى کوردستان لە هەولێر و سکاڵایەکى دیکەى رێگەپێدراوى ئەو حزبە لە سلێمانى رەتکراونەتەوە. 
 
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو سکاڵایانە تایبەت بوون بە بانگەشەى هەڵبژاردن، رەتکردنەوەکان بە هۆی ئەوە بوون، کە بەڵگەى پێویست لە بەردەست نەبووە، یان بکەرى پێشێلکارییەکە دیار نەبووە. 
 
یەکێک لە سکاڵاکانى دیکە کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە رەتکراوەتەوە، سکاڵاى هۆزار تۆفیق، بەربژێرى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستان بووە لە بازنەى سلێمانى، رەتکردنەوەکە بە هۆی ئەوە بووە، کە بەڵگەى پێویست لەبەردەست نەبووە.
 
هۆزار تۆفیق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: سکاڵاکەى لەسەر ئەو بنەمایە بووە، کە 28ى ئەیلوول فلێکسى وێنەکانى بۆ بانگەشە شێوێندراون و لەسەری نووسراوە "کافر". 
 
هۆزار تۆفیق گوتى: "بەڵگەى وێنە و ڤیدیۆییم لەسەر پێشێلکارییەکە پێشکێش بە کۆمیسیۆن کردبوو".
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، لە ماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا 44 سکاڵاى تایبەت بە پێشێلکارى بانگەشە پێشکێش کراون، 19 سکاڵایان یەکلاکراونەتەوە. 
 
بانگەشەى هەڵبژاردن لە 25ى ئەیلوول دەستى پێکرد و لە 15ى تشرینى یەکەم کۆتایی هات، 18ى تشرینى یەکەم دەنگدانى تایبەت و دوو رۆژ دواتر دەنگدانى گشتى دەبێت بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى  پەرلەمانى کوردستان.