رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەرێگەی رووداوە وادەی راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات و سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنیش رایدەگەیێنێت، کاژێر 6:00 ئێوارەی رۆژی 21ی مانگ ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، مەروان محەممەد، سەرۆکی لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی روودای راگەیاند: "دوای تێپەڕبوونی 24 کاژێر بەسەر داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە کاژێر 6:00ی ئێوارەی 20ی تشرینی یەکەم، واتە لە کاژێر 6:00ی ئێوارەی رۆژی 21ی مانگ، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمان رادەگەیێنێت."
هەروەها بەرپرسی لقی هەولێری کۆمیسیۆن باسی وردەکاریی پرۆسەی هەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەنگەکان کرد و رایگەیاند: "سەرەتا لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە، دەنگەکان هەژمار دەکرێن، دواتر سندووقەکە دەکرێتەوە و بە دەست جیا دەکرێنەوە، پاشان ئەنجامی بنکەکان رەوانەی کۆگەکان دەکرێن کە لە هەولێرە و فلاش مێمۆری ئامێرەکانیش کە ئەنجامەکانی تێدایە، لەرێگەی مانگی دەستکردەوە رەوانەی ناوەندی هەڵبژاردن لەبەغدا دەکرێت."
سەبارەت بەوەی ئایا هەردوو ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی پێکەوە رادەگەیێندرێت، مەروان محەممەد گوتی: "هیچ جیاوازییەکیان نییە و ئێمە وەکو کۆمیسیۆن هەردوو ئەنجامە بەراییەکە 24 کاژێر دوای داخستنی بنکەکانی دەنگدان بڵاودەکەینەوە، بەڵام لە رۆژی دەنگدانی تایبەت، لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی هەژمارکردنی دەنگی تایبەت، ئەنجامی بەرایی بنکەکان دەدرێنە نوێنەری حیزب و لایەنەکان و ئەوان ئەنجامی دەنگی تایبەتی خۆیان دەزانن."
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەشڵێت: "حیزبەکان ئازادن هەر ئەوکات ئەنجامە بەراییەکان بڵاوبکەنەوە، بەڵام وەکو کۆمیسیۆن هەردوو ئەنجامی بەرایی دەنگدانی تایبەت و گشتی پێکەوە بڵاو دەکەینەوە."
بڕیارە رۆژی 18ی مانگ، دەنگدانی تایبەت لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و رۆژی 20ی مانگیش هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ