پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق درێژکردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی ئەڵمانیا پڕۆژە بڕیاری درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانیان بۆ ماوەی 15 مانگی دیکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق پەسند کرد.
 
ئەمڕۆ 17-10-2024 پەرلەمانی ئەڵمانیا خوێندنەوەی دووەمی بۆ درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق کرد. دوای گفتوگۆیێکی 40 خولەکی، پەرلەمانتاران دەنگیان لە سەر پرۆژە بڕیارەکەی فراکسیۆنەکانی پێکهێنەری کابینەی ئۆلاف شۆڵتز دا.  
 
درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا بە 539 دەنگی بەڵێ، بەرامبەر بە 93 دەنگی نەخێر پەسند کرا. دەنگدانەکە بەمشێوە بووە: پەرلەماتارانی فراکسیۆنی سۆشیال دیموکرات؛ بەڵێ 178، نەخێر سفر، خۆدوورگرتن 1 و 28 پەرلەمانتار دەنگیان نەدا. فراکسیۆنی کریستیان دیموکراتەکان؛ بەڵێ 169، نەخێر 1، خۆدوورگرتن سفر و 26 ئەندامی فراکسیۆنەکەی ئۆپۆزسیۆن دەنگیان نەدا. فراکسیۆنی پارتی سەوز؛ بەڵێ 103، نەخێر 1، خۆدوورگرتن 1 و 12 ئەندامیان بەشداری لە دەنگدانەکە نەکرد. فراکسیۆنی پارتی لیبرال؛ بەڵێ 88، نەخێر سفر، خۆدوورگرتن سفر و 3 پەرلەمانتاریش لەو فراکسیۆنە بەشدار نەبوون لە دەنگدانەکە. فراکسیۆنی ئالتەرناتیف بۆ ئەلمانیا؛ بەڵێ سفر، نەخێر 56، خۆدوورگرتن سفر و بەشدارنەبووەکانی ئەم فراکسیۆنە لە دەنگدان 20 پەرلەمانتارن. فراکسیۆنی چەپ؛ بەڵێ سفر، نەخێر 22، خۆدوورگرتن سفر و 6 ئەندامی فراکسیۆنەکەش بەشدارییان لە دەنگداندا نەکرد. گرووپی ڤاگنکنێشت؛ بەڵێ سفر، نەخێر 8، خۆدوورگرتن سفر و 2 پەرلەمانتاریشیان بەشدارنەبوون لە دەنگدانەکە. 
 
درێژکردنەوەی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە 1-11-2024 تاوەکو 31-1-2026 پەسند کرا.
 
کوردێک بە بەڵێ و یەکێک بە نەخێر دەنگیان دا.
 
لە نێو فراکسیۆنی پارتی سەوزدا، پەرلەمانتار قاسم تاهر ساڵح، خەڵکی زاخۆی باشووری کوردستانە، بە بەڵێ دەنگی دا، بەڵام گویکای ئاکبولوتی خەڵکی باکووری کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی چەپ بە نەخێر دەنگی دا. 
 
دوو عێراقیش بە بەڵێ دەنگیان دا؛ هەر یەک لە موهەند مالیک، پەرلەمانتاری پارتی لیبراڵ و ریم عەبالی خەڵکی عێراقیش بە بەڵێ دەنگیان دا.