رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، رۆژنامەڤانان دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا لە 23 بنکەی هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، رووماڵی پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 17ی تشیرنی یەکەمی 2024، بەگوێرەی بڕیاری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 165 بنکەی دەنگدان لە هەرچوار بازنەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەنگدانی تایبەت هەیە کە 62ی لە هەولێرە، 57ی لە سێلمانی، 33ی لە بازنەی دهۆکە و یەک بنکەش لە هەڵەبجەیە.
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوە کردووە، بۆ دەنگدانی تایبەت لە بازنەی هەولێر 10 بنکەی دەنگدان تەرخان کراوە بۆ ئەوەی رۆژنامەڤانان رووماڵی تێدا بکەن.
لە بازنەی هەڵبژاردنی دهۆک هەشت بنکە دیاریکراون بۆ رۆژنامەڤانان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت رووماڵ بکەن.
هەرچی لە بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانییە، چوار بنکی دەنگدەران تەرخانکراون و لە بازنەی هەڵبژاردنی هەڵەبجەش تەنیا یەک بنکە بۆ رووماڵکردن دیارییکراوە.
ئەمە بێجگە لەوەی لە پارێزگەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان لە کۆی 12 بنکەی دەنگدان، 9یان رێگەپێدراوە بۆ رووماڵکردنی میدیاکاران لە رۆژی دەنگدانی تایبەتدا.
رۆژی هەینی، 18ی مانگ، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و 215 هەزار و 960 کەس لە رۆژی دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ