کۆمیسیۆن: 45 پێشێلکاریی هەڵبژاردن تۆمارکراون و سلێمانی زۆرترین پێشێلکاریی تێدا کراوە
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئاماری کۆتایی پێشێلکارییەکانی تایبەت بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئەو ئامارە، 45 پێشێلکاری تۆمارکراون کە 19یان یەکلاکراونەتەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوایین ئاماری پێشێلکارییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کردووە، تائێستا 45 پێشێلکاریی تۆمار کراون کە 44یان تایبەتبوون بە پێشێلکاریی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن و یەکێکیشیان لەلایەن بەربژێرێکەوەیە کە دەڵێت پێشیلکاریی بەرامبەر کراوە.
هەروەها کۆمیسیۆن ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە کە، 36 لە پێشێلکارییەکان پشتڕاست کراونەتەوە، 19یان سزادراون و لێکۆڵینەوە لە پێشێلکاری دەکرێت.
بەگوێرەی خشتەی پێشێلکارییەکان، بازنەی هەڵبژاردنی سلێمانی، زۆرترین پێشێلکاریی تێدا تۆمار کراوە کە 23 پێشێلکارییە، پاشان هەولێرە بە تۆمارکردنی 17 پێشێلکاری و دوای ئەویش دهۆکە بە تۆمارکردنی چوار پێشێلکاریی.
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سزاى پێبژاردنى پێشێلکارییەکانى بانگەشە لەنێوان 100 هەزار دینار بۆ 50 ملیۆن دینارە.
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆن، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 14 پارت و هاوپەیمانیێتى و 1191 بەربژێر رکابەرى لەسەر 100 کورسی خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان دەکەن، کە بڕیارە لە 20ـی تشرینى یەکەم بەڕێوەبچێت.