رووداو دیجیتاڵ
نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەر لە کاتی دەنگداندا، ئەگەرێکە و رەنگە ئەو کێشەیە رووبەڕووی بەشێک لە دەنگدەران ببێتەوە. کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانیش رایدەگەیێنێت، ئەگەر رێژەی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر لە هەر بنکەیەک بگاتە 5٪، ئیدی ئەو دەنگدەرە ناتوانێت دەنگ بدات.
رۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە دوو حاڵەتدا، پەنجەمۆر دەنگدان لە رۆژی دەنگداندا ناخوێندرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن دەڵێ: "یەکەم حاڵەت، ئەوەیە هەر لەکاتی دەرهێنانی کارتی بایۆمەتری پەنجەمۆری نەخوێندراوەتەوە، نموونە؛ بەشێک لەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە. ئەو کەسانە دەکەونە چوارچێوەی لەسەدا پێنجی ئەو دەنگدەرانەی پەنجەمۆریان ناخێندرێنەوە. لەکاتی دەنگدان کارتی بایۆمەتری و کارتی نیشتمانییان تۆمار دەکرێت و دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام ئەگەر رێژەی نەخوێندەنەوەی پەنجەمۆر لەهەر بنکەیەک گەیشتە لەسەدا پێنج، ئەوا ئامێرەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رادەوەستێت و دەنگدەری زیاتر وەرناگرێت، چونکە ئامێرەکە حوکم دەکات."
ئەیسەر یاسین گوتیشی، حاڵەتی دووەم بریتییە لەوەی دەنگدەر پەنجەمۆری هەیە بەڵام ئامێرەکە پەنجەمۆری ناخوێنێتەوە، "ئەوە رەنگە کەسێک بێت و بیەوێت لەجیاتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات، بۆ رێگریکردن لە ئەگەری هەر ساختەکارییەک، ئەو کەسە ناتوانێت دەنگ بدات."
بەگوێرەی ئاماری فەرمی کۆمیسیۆن، ژمارەی گشتیی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، لەو ژمارەیەش، 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن و رۆژی 18ی ئەم مانگە دەنگ دەدەن و دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618ـیشیان دەنگدەری گشتین و رۆژی 20ی تشرینی یەکەم دەنگ دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ