کۆمیسیۆن بۆ رووداو: دوو کۆمپانیای ئیسپانی و کۆری ئامێرەکانی دەنگدانیان دروستکردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دووپاتیدەکاتەوە، دەنگدان پرۆسەیەکی نهێنییە و هیچ کەس و لایەنێک بە کۆمیسیۆنیشەوە نازانن دەنگدەر دەنگی بە چ لایەن و کەسێک داوە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەواوی رێکارەکانی کۆمیسیۆنیش بۆ ئەوەیە نهێنی دەنگدەر پارێزراو بێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2024، رۆژی یەکشەممە، ئەیسەر یاسین، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئامێری پشکنین کە لەکاتی دەنگداندا کارتی بایۆمەتری پشتڕاست دەکاتەوە و بە ئامێری (ڤی ڤی دی) ناسراوە، ئامێرێکی پارێزراوە و تەنانەت کۆمیسیۆنیش نازانێت دەنگدەر، دەنگی بە چی لیستێک و بەربژێرێک داوە." 
 
ئەیسەر یاسین دەڵێ: "کۆمیسیۆن پابەندە بە پارێزگاریکردن لە سەلامەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و نهێنی دەنگدانی دەنگدەران و پارێزگاریکردن لە پاراستنی نهێنی دەنگدان، ئەمەش بە یەکێک لە پێوەرە بێگەردەکانی پرۆسەی دەنگدان دادەنرێت. بۆیە کۆمیسیۆن لە پەیڕەو و رێکارە هونەرییەکانی بۆ رۆژانی دەنگدان ئەمەی رەچاو کردووە و هیچ لایەنێک بە کۆمیسیۆنیشەوە نازانێت بژاردەکانی دەنگدەران چین و دەنگیان بە کێ داوە." 
 
ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کرد، ئامێرەکانی تایبەت بە دەنگدان، دروستکراوی وڵانی ئیسپانیا و کۆریان و ئەو کۆمپانیایانەی دروستیانکردووە، تایبەتن بە دروستکردنی ئامێرەکانی دەنگدان و هیچ کارێکی دیکە ناکەن.
 
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند: "بەپێی رێکارەکانی کۆمیسیۆن، سەرجەم بنکەکانی دەنگدان، کامێرای تێدایە و هیچ بنەکەیەک بێ کامێرا نییە، لە ئەگەری بوونی هەر کێشەیەکی تەکنیکی، کامێراکان دەگۆڕدرێن، لەبەرئەوەی بۆ هەر بنکەیەک، چوار کامێرای یەدەگ هەن، بۆیە سەرجەم بنکەکان بە کامێرا چاودێریی دەکرێن." 
 
بڕیارە سبەی هەینی، 18ی تشرینی یەکەم، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و 20ی ئەم مانگەش دانگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت. 
 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە