لە رووداوێکی تەقەکردندا لە ئیستەنبووڵ چوار کەس بریندار بوون

رووداو دیجیتاڵ

لە شەڕی نێوان دوو گرووپدا لە شاری ئیستەنبووڵ چوار کەس برینداربوون، تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە، تیمەکانی پۆلیس بەدوای تۆمەتبارە هەڵهاتووەکاندا دەگەڕێن.
 
رووداوەکە کاژێر 22:00ـی شەوی چوارشەممە 16ـی تشرینی یەکەم لە گەڕەکی (عاشق وەیسەل) لە ناوچەی ئاتاشەهیر روویدا.
 
بە هۆکارێكی نادیار دەمەقاڵی لە نێوان دوو گرووپدا روویدا، دواتر شەڕەتەقە لە نێوانیاندا روویدا. 
 
لە کاتی شەڕەکەدا چوار کەس کە بە دەمانچە لە شوێنە جیاجیاکان تەقەیان لێکرا، بریندار بوون. تەندروستیی یەکێک لە بریندارەکان ناجێگیرە.
 
بەهۆی شەڕەکەوە شوێنکارێک زیانی بەرکەوتووە و تەقەکەرەکان دوای رووداوەکە هەڵاتوون.
 
پۆلیس و تیمە پزیشکییەکان رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران و بریندارەکان گوێزرانەوە بۆ نەخۆشخانە.
 
تیمەکانی پۆلیس شەقامەکەیان داخست و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارە هەڵهاتووەکان دەستپێکرد.