رووداو دیجیتاڵ
لایەنە سیاسییەکان جەخت لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە. هەندێکیان، پێیانوایە لەم هەڵبژاردنەدا دەرفەتی ساختەکاری نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە رابردوودا هەمیشە تێبینییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردن هەبوو.
کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دڵنیایی دەدات؛ هیچ دەرفەتێک بۆ ساختەکاری نابێت، "کۆمیسیۆنیش نازانێت کام دەنگدەر، دەنگی بە کێ داوە"، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان هێشتا جۆرێک لە گومانی هەیە.
بۆچوونی حیزبەکان
بەگوێرەی یاسا، دەبووایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2022 بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکان لەسەر یاسای هەڵبژاردن، دواخرا تاوەکو لەسەر سکاڵای یەکێتی، دادگەی فیدراڵی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکرد و، هەرێمی کوردستانی بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردن دابەشکرد، هەروەها کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111ـەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، کە پێنج کورسی بۆ کۆتای پێکهاتەکان تەرخانکران.
بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە گوتار و لێدوانەکانیان دڵنیان لە پاک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، بەڵام پارتی دیموکراتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی دەڵێن هەرچەندە زۆربەی تێبینییەکانیان جێبەجێکراون، بەڵام هێشتا جۆرێک لە گومانکردن لە پاک بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەم جارە ناشارنەوە.
رۆژی 15-10-2024، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە دوایین بانگەشەی جەماوەریی پارتی دیموکراتی کوردستان دا، گوتارێکی لە بەردەم دەیان هەزار لایەنگری حیزبەکەی پێشکێشکرد و رایگەیاند، "ئەوکاتەی هەندێک بڕیار لە بەغدا دەرچوون، بە چاوساغی هەندێک لایەنی نێوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنێکی پێشوەختی دیزایینکراو و پارتی رازی نەبوو و قبووڵی نەکرد، هەرچەندە دوای ئەوە زۆر گۆڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام هێشتا بەو شێوەیە نەبوو کە ئێمە دەمانویست، بەڵام ئەو پلانەی نەخشەیان بۆ کێشابوو، سەری نەگرت."
پێشتر، پارتی پێداگری لەسەر ئەوەکرد، دەبێ جگە لە ژماردنی ئەلیکترۆنی، دەنگەکان بە دەستیش بژمێردرێنەوە، هەروەها دەبێ هەر ئەوکات ئەنجامەکە بدرێتەوە نوێنەری حیزبەکان، پێش ئەوەی بنێردرێتە بەغدا، بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان دڵنیاییان هەبێت.
رۆژی 15-10-2024 لە دوایین رۆژی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکی جەماوەریدا لە هەولێر، ئەم هەڵبژاردنەی بە هەڵبژاردنێکی جیاواز وەسفکرد، چونکە وەک خۆی گوتی "لەم هەڵبژاردنەدا ساختەکاری ناکرێت". لە چەندین گوتار و بۆنەی دیکەش دا، سەرۆک و بەرپرسانی یەکێتی گوتوویانە هەڵبژاردنەکە بە پاکی بەڕێوەدەچێت.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ دڵنیایی لە کۆمیسیۆن وەرگرتووە ئەم جارە ساختەکاری لە هەڵبژاردن ناکرێت. رۆژی 15-10-2024 سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لە دوایین پەیامی بانگەشەی حیزبەکەیدا رایگەیاند "ساختەکاری سەری لە میللەت شێواندووە و میللەت ئەنجامی دروستی هەڵبژاردنەکانی نەزانیوە، بەڵام ئەم جارە ئومێد هەیە بەم رێکخستنەی کۆمیسیۆن کە بازنەی هەڵبژاردن و یاساکەی جیاوازە و زۆر شتی جیاوازە."
ئەمینداری یەکگرتوو گوتی "ئومێد دەکەین کۆتایی بە ساختەکاری هاتبێت، بەڵێنیشمان وەرگرتووە لەسەر ئەوەی دەستکاری و ساختەکاری نەکرێت". گوتیشی "ئەگەر ئەوە سەربگرێت و پەنا بەخوا سەریش دەگرێت، کەس نازانێت دەنگت بە کێ داوە."
سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری بە هەمان شێوە پێیوایە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و دڵنیایی دەداتە دەنگدەران. عەلی باپیر، رۆژی 14-10-2024 لە گوتارێکیدا لە رانیە رایگەیاند "گوشار کراوە و کارت لە هێزە تایبەتەکان وەرگیراوە، گوایە دەزانرێت دەنگ بە کێ دراوە، بەڵام بەپێی ئەوەی کۆمیسیۆن رایگەیاندووە و ئێمەش بەدواداچوونمان کردووە، هەڵبژاردنی ئەم جارە وەکو هەڵبژاردنی جاران نییە"، هەروەها گوتی "هەردوو حیزبی حوکمڕان ئەم جارە ترسیان لێ نیشتووە، چونکە دەزانن دەرفەتی ساختەکاری نییە."
ئایا دەزانرێت دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە؟
بابەتێکی دیکە کە لەم هەڵبژاردنە جەختی لێدەکرێتەوە، پاراستنی نهێنیی دەنگدەرانە. حیزبە سیاسییەکان دڵنیایی دەدەن کە کەس نازانێت دەنگیان بە کێ داوە، کۆمیسیۆنیش دڵنیایی لە پاراستنی نهێنیی دەنگدەران دەدات.
رۆژی 15-10-2024 لە دوایین گوتاری بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ لایەنگرانی، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل رایگەیاند، "جگە لە خۆتان و خوا، کەس نازانێت دەنگتان بە کێ داوە."
هەروەها شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، زۆر دڵنیایە لەوەی هەڵبژاردنی ئەم جارە پاک و بێ ساختەکارییە و کەسیش ناتوانێت بزانێت دەنگدەر دەنگی بەکێ داوە.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رۆژی 6-10-2024 لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند "ئەگەر رۆژی 20-10-2024 لە ئێوارەکەی نەهاتمە سەر تیڤی و نەمگوت باشترین هەڵبژاردنە، هەرچیم پێدەڵێن، بیڵێن". گوتیشی "ترس بوونی نییە، دەنگدەر و خودای گەورە نەبێت، کەس نازانێت دەنگ بە کێ دراوە."
هەر لەبارەی زانینی ئەوەی دەنگدەر دەنگی بەکێ داوە، رۆژی 9-9-2024 عەلی حەمەساڵح، سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە دهۆک رایگەیاند "هێزە سیاسییەکان 100 کارتیان لابێت، نازانن دەنگدەر دەنگی بە کێ داوە، کاخەزی دەنگدان هیچ کۆدێکی لەسەر نییە."
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دڵنیایی دەدات
کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بەڕێوەدەچێت و ئەوانیش بێلایەنیی خۆیان دەپارێزن.
رۆژی 17-10-2024 کۆمیسیۆن لە پەیامێکدا ئاماژەی بە مادەی 5ـی دەستووری عێراق و مادەی 10 لە یاسای کۆمیسیۆن کرد و دووپاتی کردووەتەوە، "بەپێی ئەو دوو مادەیە، کۆمیسیۆن پابەندە بە پارێزگاریکردن لە سەلامەتیی پرۆسەی هەڵبژاردن و نهێنیی دەنگدانی دەنگدەران، پابەندین بە پارێزگاریکردن لە پاراستنی نهێنیی دەنگدان، کە بە یەکێک لە پێوەرەکانی بێگەردی دادەنرێت."
لە پەیامەکەیدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق جەختیکردەوە "هیچ لایەنێک بە کۆمیسیۆنیشەوە ناتوانێت، بزانێت کە بژاردەکانی دەنگدەران چین و دەنگیان بە کێ داوە."
دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر رایگەیاندبوو، "هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، کۆمیسیۆن رێگەی زۆر تۆکمە و بەهێزی داناوە، بەجۆرێک گەرەنتیی هەڵبژاردنێک بکات، بەوپەڕی پیشەیی و بێلایەنی و پاک و بێگەردی بەڕێوەبچێت. هەروەها کۆمیسیۆن بە یەک دووری بەرامبەری هەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن دەوەستێت."
سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت، "ئەو رێکارانەی لەلایەن کۆمیسیۆن گیراونەتەبەر، رێگری لە هەموو دەستێوەردانێک دەکەن کە کاریگەری بکاتە سەر ئیرادەی دەنگدەر و، دەنگی دەنگدەر بە ئەمانەتەوە لەلایەن کۆمیسیۆن پارێزراوە."
رۆژی هەینی 18-10-2024 دەنگدانی تایبەت و رۆژی یەکشەممە 20-10-2024، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی 24 کاژێردا کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی رادەگەیێنێت.
لەم هەڵبژاردنەدا 1650 چاودێری نێودەوڵەتی و 5500 چاودێری نێوخۆیی بۆ چاودێریکردن تۆمارکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ