ئەمڕۆ زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی دابەش دەکرێن

رووداو  دیجیتاڵ

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەویی بەسەر فەرمانبەران، زیندانیان و کەسوکاری شەهیدان لە سلێمانی و هەولێر و گەرمیان دابەش دەکرێت.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 17-10-2024) ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە درێژەی هەنگاوەکانی حکومەت، ئەمڕۆ لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر پێنج هەزار زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورەکەدا دابەش دەکرێت.
 
ئومێد خۆشناو گوتی، زەوییەکان بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە ماستەرپلانی هەموارکراوی شاردا ئامادە کراون و، دەکەونە باکووری شاری هەولێر.
 
بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، ئەو زەوییانەی بۆ فەرمانبەران تەرخانکراون، زەویی تەختایین و نزیکن لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز کە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانیان بۆ لەبەرچاو گیراوە. 
 
رووبەری گشتیی نەخشەکە دوو هەزار و 90 دۆنمە. ئومێد خۆشناو گوتیشی ''زەوییەکان لە هەشت گەڕەکدا رێکخراون و نەخشەکەیان بە جۆرێک دیزایین کراوە کە پانایی هەموو شەقامەکان لە 12 مەتر کەمتر نەبن و بگرە شەقامی 30 مەتریشیان تێدایە و رێڕەوی پایسکلسواری و پیادەڕۆیان بۆ دادەندرێت.'' 
 
لە ساڵانی رابردوودا نزیکەی دوو هەزار و 300 خێزانی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیش فەرمانی وەرگرتنی زەوییان هەبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی زەویی ئامادەکراو، تاوەکو ئێستا فەرمانەکە جێبەجێ نەکراوە. پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، ''هەر لەو شوێنە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەوانیش لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند دەبن."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ لە پارێزگای سلێمانی دەست بە دابەشکردنی شەش هەزار و 577 پارچە زەوی دەکرێت، هەروەها لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش دابەشکردنی هەزار و 841 پارچە زەوی دەستپێدەکات. کۆی گشتی 15 هەزار و 418 پارچە زەوی دابەش دەکرێن.
 
پارێزگاری هەولێر گوتی، ئەوە هەنگاوی یەکەمە و پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەفتەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبێت.
 
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان 27ـی ئاداری ئەم ساڵ بڕیاری دابەشکردنی زەوی بۆ ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە دا کە سوودمەند نەبوون.
 
رووبەری ئەو زەوییەی بۆ هەر فەرمانبەرێک تەرخان دەکرێت 200 مەتر دووجا دەبێت؛ دابەشکردنی زەویش بەشێوەی تیروپشک دەبێت، هەروەها بەپێی سیستمی خاڵبەندییە و سێ مەرج دیاریکراون کە ئەمانەن:
 
- ساڵانی خزمەت.
- ژمارەی ئەندامانی خێزان.
- شوێنی نیشتەجێبوون.