راوێژکاری ئەڵمانیا بۆ رووداو: ناردنەوەی کۆچبەرانی سووریایی پێویستی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان نییە
رووداو دیجیتاڵ
لە پەراوێزی لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا، راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی راگەیاند: "ئەوانەی تاوانبارن ناتوانن لە وڵاتەکەمان بمێننەوە و دەیاننێرینەوە، ناردنەوەشیان پێویستی بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و پەیوەندیی دیپلۆماسی نییە."
رۆژی پێنجشەممە 17-10-2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا وەڵامی پرسیاری زنار شینۆ، پەیامنێری رووداوی دایەوە و رایگەیاند: "ئەو کۆچبەرانەی تاوانبارن بێگومان دەیاننێرینەوە، پێشووتر فڕۆکەیەکمان بۆ ئەفغانستان نارد و ژمارەیەک کۆچبەرمان ناردنەوە."
پەیامنێری رووداو لە شۆڵتز دەپرسێت، کە ئایا بەبێ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ شام، چۆن کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە دەنێرنەوە؟
راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند: "ئێمە هەوڵدەدەین ناردنەوەی تاوانبارەکان گەرەنتی بکەین. ئەوەی پرسیاریشت لەبارەیەوە کردووە، مەرج نییە."
نەمساش یەکێکە لەو وڵاتانەی دەیەوێ کۆچبەرانی سووریایی بگەڕێنێتەوە وڵاتەکەیان. لەوبارەوە کارل نێهامەر، راوێژکاری نەمسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "[ناردنەوەی کۆچبەرانی سووریایی] خاڵێکی زۆر گرنگە، زیاتر لە ساڵێکە نەمسا هەوڵدەدات کۆدەنگی دروست بکات بۆ ئەوەی بتوانێت کۆچبەران بۆ سووریا بگەڕێنێتەوە."
لەبارەی کۆچبەرە ئەفغانییەکانەوە راوێژکاری نەمسا گوتی: "بە هەمانشێوە لە ئاییندەدا بیر لە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ ئەفغانستانیش بکەین."
کارل نێهامەر سووریا بە وڵاتێکی "سەلامەت" نێودەبات و دەڵێت: "لەزۆر لاوە سووریا سەلامەتە، بۆچی؟ چونکە لە لوبنانەوە لەلایەک کۆچبەرانی سووری و لەلایەکی دیکە لوبنانییەکان دەچنە سووریا و ئەوێیان سەلامەتترە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی دەتوانرێت دیپۆرتکردنەوە بکرێت."
راوێژکاری نەمسا باسی لەوەشکرد، هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی هاوکاریکردنی کۆچبەران دەکەن، تاوەکو بۆ ماوەیەکی درێژمەودا رووبەڕووی ئەو دیاردەیە ببنەوە، کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سووریا بکرێت.
راوێژکاری نەمسا گوتی: "ئێمە دەبینین خەڵک بە ویستی خۆی دەگەڕێتەوە سووریا، ئەوە بەسە کە دەتوانرێت دیپۆرتکردنەوە بۆ ئەو وڵاتە هەبێت، یان کۆچبەران بگەڕێنەوە"
یەکێک لە خاڵەکانی ئەجێندای لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا، سیاسەتی کۆچبەرییە کە ناکۆکی زۆری لەنێوان وڵاتانی ئەندام دروستکردووە.
بەشێکیان داوا دەکەن کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا لە دەرەوەی سنووری هەر 27 وڵاتەکە پێشوازیان لێبکرێت. بەشێکی دیکەش، وەکو ئیتاڵیا کە کۆچبەر دەنێرنە دەرەوەی وڵاتەکەیان، داوا دەکەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا ئاسایی بکەنەوە بە ئامانجی ئاسانکاریی بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەران.