پارتی زۆرترین بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان هەیە و سلێمانیش زۆرترین بەربژێری تێدایە

رووداو دیجیتاڵ

پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەربژێرکردنی نزیکەی 200 کەس، زۆرترین بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە، پارێزگەی سلێمانیش زۆرترین بەربژێری تێدایە. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق؛ هەزار و 191 کەس لە هەر چوار بازنەکەی هەرێمی کوردستان بەربژێری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانن، کە زۆرترینیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین و ژمارەیان 516 بەربژێرە، کەمترینیش لە بازنەی هەڵەبجەن، کە 54 بەربژێرن.
 
پارتی، وەکو گەورەترین لیستی هەڵبژاردنی پەرلەمان، 190 بەربژێری هەیە. زۆرترین بەربژێری لە پارێزگەی سلێمانی دیاریکردووە، کە ژمارەیان 72 بەربژێرە و کەمترینیشی لە بازنەی هەڵەبجەیە بە شەش بەربژێر. 
 
هەرچی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە 172 بەربژێری لە هەرچوار بازنەکەی هەڵبژاردن هەیە، لە بازنەی سلێمانی 72 بەربژێری هەیە و لە پارێزگەی هەڵەبجەش کەمترین بەربژێری هەیە. 
 
لە پلەی سێیەم بۆ زۆرترین بەربژێر، بەرەی گەلە بەسەرۆکایەتیی لاهور شێخ جەنگی، کە لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن، 123 بەربژێری هەیە، زۆرترینیان لە بازنەی سلێمانین بە 45 بەربژێر و کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن بە سێ بەربژێر. 
 
جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ ئەم هەڵبژاردنە 92 بەربژێری لە هەر چوار بازنەکە هەیە، زۆرترینیان لە سلێمانین بە 48 بەربژێر و کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن بە چوار بەربژێر. 
 
ئەمجارە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، 84 بەربژێری سەربەخۆ هەن، زۆرترینیان لە سلێمانین بە 32 بەربژێر و کەمترینیش لە هەڵەبجەن کە تەنیا یەک بەربژێری سەربەخۆ لەو بازنەیەدا هەیە.  
 
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان کە لە هەر سێ لایەنی؛ حیزبی شیوعی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان پێکهاتووە و محەممەد حاجی مەحموود، سەرۆکایەتیی هاوپەیمانێتییەکە دەکات، لە هەر چوار بازنەی هەڵبژاردن 84 بەربژێری هەیە، زۆرترینیان لە بازنەی سلێمانین بە 45 بەربژێر و لە هەڵەبجەش کەمترین بەربژێریان هەیە کە شەش بەربژێرن. 
 
رەوتی هەڵوێست بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، 72 بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دیاریکردووە، زۆرترینیان لە سلێمانین کە ژمارەیان 43 بەربژێرە، کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن کە سێ بەربژێرن. 
 
بزووتنەوەی گۆڕان بەپێچەوانەی زۆربەی لایەنە بەشداربووەکانی ئەم هەڵبژاردنە، کەمترین بانگەشەی کردووە، بەهەمان شێوە بەربژێرەکانیشی کەمترین بانگەشەیان کرد، ئەمەش بەهۆی ئەو گۆڕانکاری و کێشە نێوخۆییانەی رووبەڕووی بزووتنەکە بوونەوە.
 
لەم هەڵبژاردنەدا بزووتنەوەی گۆڕان 64 بەربژێری هەیە، زۆرترینیان لە بازنەی سلێمانین بە 45 بەربژێر و کەمترینیشیان لە دهۆک و هەڵەبجەن کە هەر بازنەیە سێ بەربژێری هەیە.  
 
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارە، 63 بەربژێری لە هەر چوار بازنەکە دیاریکردووە، کە زۆرترینیان لە هەریەک لە بازنەکانی دهۆک و سلێمانین بە 22 بەربژێر، کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن بە شەش بەربژێر. 
 
هاوپەیمانیی نیشتمانی بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یەکێکە لەو لیستانەی ژمارەیەکی زۆر بەربژێری دیاریکردووە، کە ژمارەیان 59 بەربژێرە، زۆرترینیان لە سلێمانین، کە 27 بەربژێرن و کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن و دوو بەربژێرن. 
 
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، بەهەمان شێوە 59 بەربژێری لە هەر چوار بازنەکە دیاریکردووە، زۆرترینی لە سلێمانییە بە 32 بەربژێر و کەمترینیشی لە هەڵەبجەیە بە پێنج بەربژێر. 
 
هاوپەیمانیی سەردەم، هاوپەیمانیێتییەکە لەلایەن هەریەکە لە پارتی پارێزگارانی کوردستان، پارتی کرێکاران و رەنجدەرانی کوردستان، یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پێکهێنراوە و عەبدوڵڵا حاجی مەحموود سەرۆکایەتیی دەکات.
 
هاوپەیمانی سەردەم، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 41 بەربژێری هەیە، کە زۆرترینیان لە هەولێرن بە 22 بەربژێر و کەمترینیشیان لە هەڵەبجەن بە سێ بەربژێر. 
 
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان یەکێکی دیکەیە لە پارتە ئیسلامییەکان کە بۆ هەڵبژاردنی 20ـی تشرینی یەکەم، 35 بەربژێری هەیە و زۆرترینیان لە هەولێرن بە 17 بەربژێر و لە هەڵەبجەش تەنیا سێ بەربژێری هەیە، ئەمە جگە لەوەی لە بازنەی دهۆک هیچ بەربژێرێکی نییە. 
 
بزووتنەوە پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان، بەسەرۆکایەتیی کامیل حاجی عەلی بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی کردووە و بەگشتی 15 بەربژێری هەیە، کە لە سلێمانی و هەولێر، شەش بەربژێری هەیە، لە هەڵەبجەش سێ بەربژێری هەیە و هیچ بەربژێرێکیشی لە بازنەی دهۆک نییە. 
 
بەرەی تورکمانی عێراقی، بەسەرۆکایەتیی ئایدن مەعروف بە 11 بەربژێر لە بازنەی هەولێر بە لیستێکی جیاواز لە کۆتاکان بەشداری لە هەڵبژاردن دا دەکات. 
 
هەروەها 38 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 5 کورسیی کۆتا دەکەن، کە لەو ژمارەیە 20ـیان لە نەتەوەی تورکمانن و 18ـیان بەربژێری کریستیانەکانن. لە بازنەی هەولێر 21 کەس کە 14ـیان بەربژێری تورکمان و 7ـیان بەربژێری کریستیانەکانن. لە پارێزگەی سلێمانی نۆ بەربژێر هەن، شەشیان تورکمانە و سیانیان کریستیانن. هەرچی بازنەی دهۆکە، هەشت بەربژێری هەن کە سەرجەمیان کریستیانن. لە پارێزگەی هەڵەبجە کورسی بۆ کۆتاکان تەرخان نەکراوە.