چەند چەکدارێکی نەناسراو هەڵدەکووتنە سەر گوندێک لە ناحیەی شوان

17-10-2024
پێشەوا بەختیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

موختاری گوندی تەپەکوڕە لە ناحیەی شوان دەڵێت، "نزیکەی 20 چەکداری نەناسراو کە ھێزە ئەمنییەکان گومان دەکەن داعش بووبن، چوونەتە سەر ماڵێک لە گوندەکەیان و تەقەکراوە و بەهۆیەوە کەسێک بریندار بووە."
 
مام ھەژار تەپەکوڕەیی، موختاری گوندی تەپەکوڕە شەوی 17-10-2024 بە رووداوی راگەیاند: "کەسێکی گوندەکەیان نزیکەی 20چەکداری بینیوە چوونەتە حەوشەکەی ماڵەکەیان و داوایان کردووە دەرگەی ژوورەوە بکەنەوە، خاوەن ماڵەکە و ھاوژینەکەی لە پەنجەرەی پشتەوەی ماڵەکەوە ھەڵھاتوون."
 
موختاری گوندەکە باس لەوە دەکات: "خاوەن ماڵەکە تەقەی لە چەکدارەکان کردووە و لەگەڵ ھاوژینەکەی ھەڵھاتوون، پاش تەقەکردنەکە خەڵکی گوندەکە چوون بەدەم ماڵەکەوە و چەکدارەکان وونبوون."
 
مام ھەژار گوتیشی، "خاوەن ماڵەکە لەکاتی ھەڵھاتن قاچی برینداربووە."
 
موختاری گوندەکە ئاماژەی بەوەدا، کە ھێزە ئەمنییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە، پاش ماوەیەکی کورت ھێزەکانی ئاسایش و کۆماندۆ گەیشتوونەتە گوندەکە و دەستیان بە کێوماڵی ناوچەکە کردووە و بە دوای چەکدارەکاندا گەڕاون.
 
فەرماندەیەکی باڵای ھێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەرووداوی گوت، چەکدارەکان کاژێر 10:00 شەوی چوارشەممە چوونەتە سەر گوندی تەپەکوڕە و تەقەیان کردووە و کەسێک بریندار بووە کە فیشەک بەر قاچی کەوتووە.
 
بە گوتەی فەرماندەکەی ھێزە ئەمنییەکان: "چەکدارەکان نزیکەی 20 کەس بوون داوای خواردنیان لە خەڵکی گوندەکە کردووە، بەڵام پێیاننەدراوە و تەقەیان کردووە."
 
بەھجەت واحید، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان لەبارەی رووداوەکەوە بە رووداوی گوت: "ھیچ ھێرشێک نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەش دوورن لە راستییەوە".
 
گوندی تەپەکوڕە دەکەوێتە سنووری ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای کەرکووک.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە