کۆمیسیۆن دەرگەى تۆمارکردنى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە سەرەتاى مانگى تشرینى دووەمەوە دەرگەى تۆمارکردنى ناوى بەربژێران، پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێتەوە و تاوەکو مانگێک بەردەوام دەبێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەپێى خشتەى کارى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لە یەکى تشرینى دووەمى 2023، دەرگاى ناوتۆمارکردنى بەربژێران و پارت و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دەکرێتەوە و تاوەکو 30 تشرینى دووەم بەردەوام دەبێت.
 
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 25ـی شوباتى 2024 دەکرێت، لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بەهۆى ناکارابوونى کۆمیسیۆنى باڵاى هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمى کوردستان.
 
عمیاد جەمیل گوتیشى "ناوى بەربژێران دەنێردرێت بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ وردبینیکردنیان، تاوەکو کۆتایی مانگى کانوونى یەکەم، سەرجەم رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تەواو دەبن.''
 
بەگوێرەى ئامارەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، سێ ملیۆن و 641 هەزار و 566 کەس مافى دەنگدانیان هەیە.