سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: حکومەت هەنگاوێکی وای نەناوە مامۆستایانی ناڕازی دەست بە دەوام بکەنەوە

17-10-2023
هیدایەت جان
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
نیشانەکردن قوتابخانە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی 34 رۆژە خوێندنی ساڵی نوێ لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووەتەوە، بەڵام لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین مامۆستایان بەهۆی دواکەوتنی مووچە، بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانیش دەڵێت، "تاوەکو ئێستا حکومەت هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ ئەوەی مامۆستایان هانبدات بچنەوە دەوام."
 
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023) میوانی بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە ئارێز خالید لە ستۆدیۆکانی سلێمانییەوە پێشکێشیدەکات، ئەحمەد گەرمیانی رایگەیاند "لە سەرەتاوە داوامان کردبوو ئەو قوتابخانانەی پۆلی 12 و پۆلی یەکیان هەیە، دەوامیان تێدا کرابا لەبەرئەوەی هەردوو پۆلەکە گرنگ و چارەنووسسازن، بەتایبەتی پۆلی یەکەم کە ئەمساڵ 152 هەزار منداڵ لە پۆلی یەکی سەرەتایی ناویان تۆمارکردووە و رێژەی 40٪ـیان لەو ناوچانەن، کە بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە.''
 
ئەحمەد گەرمیانی دەڵێت "یونیسکۆ پەیوەندی و هاوکارییەکی باشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان هەیە و، بەردەوام راسپاردەکانی لەبارەی بایکۆتکردنی خوێندن دەخاتەڕوو، یەکێتیی مامۆستایانی جیهانیش، کە ئێمە تێیدا ئەندامین، ئەو بایکۆتە دوورودرێژە بە باش نازانن و دەڵێن لە هەموو دونیا بایکۆتی قوتابخانە هەیە، بەڵام بۆ چەند رۆژێکە."
 
بەگوتەی سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان؛ "لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا یاسایەک هەیە کە ماف دەداتە خاوەن کار؛ ئەگەر کارمەندەکەی دەوام نەکات، لە کارەکەی دووری بخاتەوە، بەڵام بەخۆشییەوە ئەو رێکارانە لە هەرێمی کوردستان نەگیراونەتەبەر و وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا ئەو هەڕەشەیان نەکردووە، ئەگەر زیاتریش درێژە بکێشێت، پێم وا نییە دەست بۆ ئەم کارە ببەن."
 
ئەحمەد گەرمیانی پێیوایە؛ "وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە رەزامەندی مامۆستایانی مانگرتوو، حەزدەکات دەوامی قوتابخانەکان دەستپێبکەنەوە، بەڵام ئەگەر هەر وا لە مانگرتن بەردەوامبن، پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەدا دەکەوێتە مەترسییەوە، لەبەرئەوەی وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە، نە پرۆگرامی خوێندن کەمدەکاتەوە و، نە تاقیکردنەوەکانیش دوادەخات."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەڵێت، ''پەیوەندیم بە وەزیری پەروەردەوە کردووە و پێمگوتووە، مادام بڕیارە هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینارەکەی مووچە بگات، لە هەرێمی کوردستانیش داهاتی نێوخۆ هەیە، لەمڕۆوە پێدانی مووچە رابگەیەنن، ئەگەر ئەمە بکەن، مامۆستایان هەنگاوێکی باش لێتان نزیکدەبنەوە.''
 
لەبارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دەستپێکردنی خوێندن لەو ناوچانەی بایکۆتیان راگەیاندووە، ئەحمەد گەرمیانی ئاماژەیدا؛ "زۆر جار حکومەت گفتوگۆ قبوڵناکات و تەنانەت تاوەکو ئێستا کەسێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نەکردووە بڵێن ئەو گرفتە چۆن چارەسەر بکەین، تەنیا وەزیری پەروەردە نەبێت، کە خەمی دەستپێکردنی دەوامی قوتابخانەکان دەخوات، بەڵام پێدانی مووچە لە دەسەڵاتی ئەودا نییە."
 
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەشڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ ئەوەی حکومەت سزای ئەو مامۆستایانە بدات کە بایکۆتیان راگەیاندووە، پێشم وا نییە دەست بۆ هەوڵێکی لەم شێوەیە ببات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ پاڵنەرێکی نییە بۆ ئەوەی مامۆستایان هان بدات دەست بە دەوامەکانیان بکەنەوە".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە