مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆدەبێتەوە؛ لیژنەی کۆبوونەوە لەگەڵ حیزبەکان دروست دەکرێت

17-10-2023
سیروان عەباس
نیشانەکردن یەکێتی سەعدی ئەحمەد پیرە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێنجشەممەی داهاتوو کۆدەبێتەوە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەیەک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکان پێکدەهێنرێت.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ (سێشەممە، 17-10-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی پێنجشەممە 19ـی تشرینی یەکەم، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی سێیەمین کۆبوونەوەی خۆی دەکات و ئامانجی کۆبوونەوەکەش دابەشکردنی ئەرکەکانە."
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەڵبەندەکان دیاری دەکرێن، هەروەها لیژنەیەکیش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و لایەنەکان دروست دەکرێت، کە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکایەتی لیژنەکە دەکات.
 
15-10-2023، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووەم کۆبوونەوەی دوای کۆنگرەی پێنجەمی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا 12 کەسی بۆ بەرپرسی مەکتەبەکانی ئەو حیزبە دیاریکرد.
 
لە دوای کۆبوونەوەکە، سەعدی ئەحمەد پیرە بە بەشێک لە میدیاکانی حیزبەکەی راگەیاند، "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دووەمی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەچوو، ئەم کۆبوونەوەیە ئەرکەکانی بەسەر مەکتەبی سیاسیی دابەشکرد، چونکە لە لە کۆبوونەوەی رابردوودا لیژنەیەکمان پێکهێنابوو بۆ ئەوەی پێداچوونەوەیەک بە بەرپرسی مەڵبەندەکان و مەکتەبەکان بکات."
 
هەروەها گوتی، "ئێمە لە کۆبوونەوەی رابردوو گوتمان کاک د. خەسرەو گوڵ محەممەد، کاری ئەوە دەبێت نوێنەرایەتیی سەرۆکی یەکێتی بکات، رزگاری حاجی حەمە بەردەوام دەبێت لە لێپرسراویێتیی دەزگای هەڵبژاردن، سەعدی ئەحمەد پیرە بەردەوام دەبێت وەکو گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان."
 
گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی بەرپرسی مەڵبەندەکانی یەکێتیشەوە رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا لێکۆڵینەوە لەسەر مەسەلەی مەڵبەندەکان دەکرێت، ئەویش بەشێوەی کۆبەندی دەکرێت و، هەر مەڵبەندە و خەڵکی خۆی بۆ دادەنرێت."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە کۆدەبێتەوە، ''تاوەکو ئەرکەکانی خۆشمان دابەش نەکەین و نەزانین کێ ئیشی چییە، ناردنی شاند بۆ هەر لایەک کاری پێشوەختە. سەرەتا با هەوڵی ئەوە بدەین جارێک ئەرکەکان بەسەر هەڤاڵانی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی دابەشبکەین، ئەو کاتە مەسەلەی دانانی خشتەیەک بۆ سەردانکردنی لایەنە سیاسییەکان کارێکی ئاسانە."
 
پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 9-10-2023 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی هەڵبژارد.
 
رۆژی 27-09-2023 کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستیپێکرد و رۆژی 1ـی ئەم مانگەش پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسند کرا.
 
لە کۆنگرەکەدا جەعفەر شێخ مستەفا، وەکو سکرتێری ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی هەڵبژێردرا. پێشتر کۆسرەت رەسووڵ عەلی بە ناونیشانی سەرۆک ئەو پۆستەی هەبوو. حاجی مەسیفیش بە سکرتێری ئەنجوومەنی پشتیوانیی یەكێتی دەستنیشانکرا، کە ئەنجوومەنەکە لە 100 ئەندام پێكدێت و ئەندامەكانی لەلایەن سەرۆكی یەكێتییەوە دەستنیشان دەكرێن.
 
رۆژی یەکشەممە 08-10-2023 ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی کرد، تێیدا لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکە ئامادەبوو و باسی لە کارەکانی کۆنگرە کرد.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاگرکەوتنەوە لە سنووری ئامێدی. وێنە: رووداو

لە ئامێدی 40 دۆنم زەوی و باخی هاونیشتمانییان بەهۆی شەڕەوە سووتان

لەسەر رێگەی ئامێدی- دێرەلۆک 40 دۆنم زەوی کە بەشێکیان رەز و باخی هاونیشتمانییان بوون لە یەک رۆژدا سووتان. ئەوەش بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا.