رووداو دیجیتاڵ
وەبەرهێنەرێکی دیاری پارێزگای دهۆک لە هۆکارێکی نادیار گیانی لەدەستدا. کوڕەکەی دەڵێت، چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین بۆ ئەوەی هۆکاری پشت گیانلەدەستدانی باوکی بزانن.
رۆژی سێشەممە، 17ـی تشرینی یەکەمی 2023، هەرمان سدقی کوڕی سدقی هاریکی، وەبەرهێنەری دیاری پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ باوکی لە یەکێک لە پارکەکانی دهۆک بووە، دوای ئەوەی چوونەتە لای، بینیویانە باوکیان گیانی لەدەستداوە.
کوڕەکەی گوتیشی کە دەستبەجێ تەرمی باوکیان رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و دواتر رەوانەی دادپزیشکیی دهۆکیان کردووە و چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکین بۆ ئەوەی هۆکاری پشت گیانلەدەستدانی باوکیان بزانن.
هاوکات، ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە سبەی چوارشەممە ئەنجامی راپۆرتی پزیشکی دەربچێت و بگاتە دەستیان. دواتر هۆکاری پشت گیانلەدەستدانی باوکیان بۆ رای گشتی رادەگەیێنن.
سدقی هاریکی، تەمەن 65 ساڵ بوو و خاوەنی پڕۆژەی گەلیی شێرانە-ی گەشتیاری بوو لە ناحیەی دێرەلووکی سەر بە پارێزگای دهۆک. هاریکی هەر خۆی دانیشتووی شارۆچکەی دێرەلووکە، چەند پڕۆژەیەکی دیکەی وەبەرهێنانی لە پارێزگای دهۆک هەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ