ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران: 60٪ـی پەنابەرانی سووریایی لە دهۆک مانگانە کەمتر لە 200 دۆلار داهاتیانە

17-10-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران ناسراو بە (NRC) لە نوێترین راپۆرتیدا تایبەت بە دۆخی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی لە هاوکارییکردنی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستاندا هەبووە.
 
رۆژی سێشەممە، 17ی تشرینی یەکەمی 2023، رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران، نوێترین راپۆرتی لەبارەی دۆخ و بژێویی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە پارێزگای دهۆک بڵاوکردەوە و دەڵێت، توێژینەوەیەکیان لەنێو پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لەو پارێزگایەدا کردووە، ئەوەش وەکو نموونەیەکی بچووک بۆ دۆخی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.  
 
راپۆرتەکەی رێکخراوە نەرویجییەکە بەناوی "ئێمە تەنیا دەمانەوێت داهاتوویەک بۆ منداڵان دابین بکەین؛ پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستانی عێراق پشت بە خۆیان دەبەستن"ـە و باس لەوە دەکات، 25٪ی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لەو پارێزگایە دەژین و لەو رێژەیەش 50 هەزار و 706 پەنابەریان لە چوار کامپی پارێزگاکە دەژین.
 
لەسەرەتای راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی نەرویجیدا هاتووە، "لە ساڵی 2016 هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە 260 هەزار پەنابەری سووریایی کرد کە بەهۆی شەڕوکوشتارەوە سووریایان جێهێشت"؛ هەروەها راپۆرتەکە دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کورستان، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە بواری هاوکارییە مرۆییەکان، سیاسەتی کۆنکرێتی پەیڕەو کردووە تاوەکو پەنابەرانی سووریایی پشت بە خۆیان ببەستن و بژێوی ژیانیان دابین بکەن، لەوانەش نوێکردنەوەی کارتی مافی پەنابەرێتی، دەستگەیشتن بە بازاڕی دەستی کار و پەروەردە و فێرکردن".
 
هەر لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "لە پێنج پەنابەری سووریایی، سیانیان مانگانە کەمتر لە 200 دۆلار پەیدا دەکەن؛ یەک لەسەر سێی پەنابەرەکانیش بێکارن". 
 
رێکخراوە نەرویجییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە چوار پەنابەری رۆژئاوای کوردستان سیانیان رایانگەیاندووە قەرزدارن و بۆ دابینکردنی بژێوی رۆژانەیان قەرز دەکەن؛ هەروەها لە پێنج پەنابەر، چواریان رایانگەیاندووە لە 12 مانگی رابردوودا ئەوەندە پارەیان لەدەستدا نەبووە کە بتوانن پرۆژەی بچووکی کاری خۆیان دەستپێبکەن.
 
راپۆرتەکە نموونەی سیاسەتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی باسکردووە کە بە سیاسەتی تێکەڵاوکردنی پەنابەران لە بواری پەروەردەدا ناسراو بە (REIP) ناسراوە. سیاسەتەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ رێکخراوە خێرخوازییەکان پەیڕەو دەکرێت؛ ئامانج لەو سیاسەتە تێکەڵکردنێکی قۆناخ بە قۆناخی منداڵانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستانە بە سیستمی پەروەردە و قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان. 
 
لە درێژەی راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە "سەرەڕای ئەو پێشڤەچوونانەش، چەندین ئاڵنگاری لەبەردەم پەنابەرانی سووریایی ماون و زۆربەیان رووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار لە تەواوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتەوە. هێشتا دۆخی سووریا ناسەقامگیرە تاوەکو پەنابەران بگەڕێنەوە، بەڵام وڵاتانی لوبنان، ئوردن و تورکیا ئاماژەیان بەوە داوە کە رەنگە هەندێک لە پەنابەران بگەڕێننەوە سووریا". 
 
ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران دەڵێت، حکومەتی عێراق بەم دواییە سێ پەنابەری کوردی بۆ دیمەشق دیپۆرتکردوەتەوە و 70ی دیکەشی دەستبەسەر کردووە لەبەرامبەر پێشێلکردنی سیستمی پەنابەرێتی. 
 
ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لەساڵی 2012ـەوە لە بوارەکانی پەروەردە، یاسا و دابینکردنی شێڵتەر و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، هاوکاریی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە هەرێمی کوردستان دەکات.
 
هەروەها لە راپۆرتەکەیدا، رێکخراوە نەرویجییەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و نەتەوە یەکگرتووەکان کاریان کردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو هەنگاوانەی پەیوەستن بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پەناخوازان و پەنابەران. 
 
رێکخراوی ئەنجوومەنی نەرویجی بۆ پەنابەران لەساڵی 1946 دامەزراوە؛ رێکخراوێکی خێرخوازییە و ئۆفیسی سەرەکی لە شاری ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە و زیاتر لە 16 هەزار کارمەندی هەیە؛ ئامانجی سەرەکی دابینکردنی هاوکاریی مرۆییە لەو ناوچانەی کە بەدەست شەڕ و ململانێکانەوە دەناڵێنن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە