کچێک 10 ساڵە تووشی نەخۆشییەکی دەگمەن بووە و چارەسەری لە دەرەوەی وڵات هەیە

 
رووداو دیجیتاڵ 

دە ساڵە رەیانی تەمەن 15 ساڵان لەسەر ئۆکسجین دەژی. رەیان ئیبراهیم نەخۆشیی سییەکانی هەیە. لە تەمەنی پێنج ساڵییەوە نەخۆشییەکەی لێ دەرکەوتووە. ئێستا لە قۆناخەکانی کۆتایی نەخۆشییەکەیدایە. بە زووترین کات پێویستیی بە نەشتەرگەریی گۆڕینی سییەکان هەیە لە دەرەوەی وڵات. ئەوەش لە توانای خێزانەکەیدا نییە. 
 
رەیان بە گریانەوە باس لە رەوشی خۆی لەگەڵ نەخۆشییەکەی دەکات و دەڵێت، "هەناسەم تەنگ دەبێت. زۆرجار لەبەر تەنگەنەفەسی لەخەو رادەچڵەکێم. دۆخی تەندروستیم زۆر خراپە. دەمەوێت نەشتەرگەریی گۆڕینی سییەکانم بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بتوانم بچمە قوتابخانە." 
 
راپۆرتی 10 ساڵی نەخۆشییەکەی رەیان بەسەر یەکەوە کەڵەکە بوون کە لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان بۆی کراون. 
 
باوکی رەیان پێشمەرگەیە و لە ماوەی ئەو 10 ساڵەدا هەموو ژیانی بۆ ئەوە تەرخانکردووە کچەکەی لەم نەخۆشییە رزگار بکات.
 
ئیبراهیم محەممەد، باوکی رەیانە و دەڵێت، "من پێشمەرگەم. مووچەکەم بەوشێوەیە نییە [بەشمان ناکات]. نزیکەی 100 هەزار دینارم هەیە. ئەگەر نەخۆشی نەبێت، لەوانەیە پێی بەڕێوەبچم. ئەگەر لەکاتی خۆی مووچە بێت، پێی بەڕێوەدەچم، بەڵام خەرجیی نەخۆشییەکە ئەوەندە زۆرە.. هاوکارییەکی زۆرم کراوە، بەڕاستی ئێستا هیچ دەسەڵاتێکم نەماوە. ئەگەر حکومەت بەم کارە هەڵنەستێت، لە توانای مندا نییە. سییەکانی رەیان لە هیندستان دەگۆڕدرێ، بەڵام لە توانای مندا نییە." 
 
رەیان کۆمەڵێک دەرمان وەکو چارەسەر وەردەگرێت. دایکی کۆمەڵێک دەرمانی پێشانی رووداو دا کە مانگانە دەبێت بۆ رەیان بکڕدرێن. بەشێکیان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دابین دەکەن. 
 
درەخشان سەلام، دایکی رەیانە و دەڵێت، "ئێستا ئێمە ئەو دەرمانانە دەکڕین، بایی 1300 دۆلارە کە بەشی تەنیا مانگێک دەکات. هیچ دەرمانێکی لە نەخۆشخانە نییە. تەنیا ژیناو (مغەزی) هەیە، ئەوەی دیکە هەمووی بەخۆم دەیکڕم و دەیبەمە نێو نەخۆشخانە." 
 
بە گوتەی پزیشکەکەی رەیان، لە هەرێمی کوردستان نەشتەرگەریی گۆڕینی سییەکان نییە، بۆیە پێویستیی بە رەوانەکردنی دەرەوەی وڵات هەیە. 
 
دکتۆر زانا دزەیی، پسپۆری وردی نەخۆشییەکانی سینگ و هەناسەیە و دەڵێت، "دەتوانم بڵێم، هەردوو سییەکانی لەکارکەوتوون. ئۆکسیجینی بەتەواوی دابەزیوە. گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە لەشیدا تەواو سەرکەوتووە. تووشی بەرزبوونەوەی پەستان بووە. هەموو ئەو خاڵانە وادەکەن، بە زووترین کات رەیان بۆ تیمێک بنێردرێت کە تایبەتمەندن بە چاندنی سییەکان. نەشتەرگەرییەکە لە وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، بەتایبەتی لە ئەوروپا، ئەمریکا و لە وڵاتانی ئاسیاش لە هیندستان دەکرێت. نەشتەرگەرییەکە 40 بۆ 50 هەزار دۆلار (4-5 دەفتەر)ی تێدەچێت." 
 
10 ساڵە رەیان لەنێو ئەم ئازارانەدا دەژی و ماوەی دوو ساڵە لەبەر نەخۆشییەکەی نەچووەتە قوتابخانە. چاوی لە چارەسەرکردنییەتی بۆ ئەوەی لە ساڵانی داهاتوودا دوور لە نەخۆشخانە و دەرمان لەگەڵ هاوڕێکانی بەردەوامی بە ژیانی بدات.