رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەبەرهێنەراندا کۆبووەوە و رایگەیاند، کاردەکەن بۆ پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی. بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت، سەرۆکوەزیران جەختی کردەوە کە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ببرێنە هەموو شارەکان و بەتایبەت هەڵەبجە.
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئۆکتۆبەری 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئەمڕۆ لەگەڵ ژمارەیەک لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەتەوە.
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئاماژەمان بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگییەکی زۆری بە پەرەپێدانی پرۆسەی وەبەرهێنان داوە و کاریکردووە لە پێناو پێشکێشکردنی هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی و نەهێشتنی کێشە و ئاستەنگەکان لەبەردەم وەبەرهێناندا."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی، جەختی لەوە کردووەتەوە، "وەکو ئێستا هەنگاوی باش نراون بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان، بەڵام ئامانجمان ئەوەیە هەنگاوی زیاتر لەم بوارەدا بنێین".
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، تیشکی خستووەتە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری کاراکردنی سیستمی بانکی و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بە تایبەتی خزمەتگوزاریی دارایی.
لە کۆبوونەوەکەدا مەسرور بارزانی گوێی لە رەخنە و پێشنیازەکانی وەبەرهێنەران گرتووە و وەڵامی پرسیارەکانی داونەتەوە. لە راگەیێدندراوەکە دەڵێت، "سوپاسی وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانمان کرد کە هاوکار و یارمەتیدەر و هائاهەنگیکار بوون لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هاوبەش بە ئاراستەی گەشەپێدانی ئابووری و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز و رەخساندنی زیاتری دەرفەتی کار ".
بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختیکردەوە، کە لەمەودوا لە دروستکردنی پڕۆژەکاندا نەخشە و جوگرافیای هەرێمی کوردستان لە بەرچاو بگیرێت".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، خاڵێک کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان "بە گرنگییەوە" باسی کردووە، ئەوە بوو لەمەودا پڕۆژەکان تەنیا لە سەنتەری پارێزگا و شارە گەورەکاندا نەبن و هەندێک ناوچەش پڕۆژەی بۆ نەبرێت. گوتیشی، "بۆ ئەوەش هەڵەبجەی بە نموونەی هێنایەوە کە لەمەودوا وەبەرهێنانی تێدا بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ