مەترسیی سەر کارگەکانی شیش و ئاسن لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج تاوتوێکران


رووداو دیجیتاڵ

کارگەکانی دروستکردنی شیش لە هەرێمی کوردستان لە بەردەم مەترسیی داخستن و مایەپووچبووندان، ئەوەش لەبەر چەند هۆکارێک. ئەو شیشەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت بەهۆی سیاسەتی گومرگییەوە نرخەکەی لە بەرهەمە نێوخۆییەکە هەرزانتر دەکەوێت، بەڵام لە کوالێتی و قەبارەی شیشەکەدا فێڵ لە هاووڵاتییان دەکرێت. ئەندازیارێکی بیناسازیش دەڵێت: "ئەو جۆرە شیشانە لەکاتی هەر روودانێکی سرووشتیدا نەک 100٪ بگرە 1000٪ مەترسیی رووخان لەسەر باڵەخانەکان دروستدەکەن".
 
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022 بەرنامەی لەگەڵ رەنج تایبەت بوو بە كوالێتیی شیشی نێوخۆیی و ئاستەنگەکانی بەردەم کارگەکانی بەرهەمهێنانی شیش و ئاسن لە هەرێمی کوردستان.
 
بۆ تاوتوێکردنی ئەو گرفت و ئاستەنگانە هەریەک لە د. پشتیوان حمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شار و ‏ناوچە ‏پیشەسازییەكان لە دەستەی وەبەرهێنان، جەلیل سابیر، شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی ‏هەرێمی ‏كوردستان، د.عومەر قەرەنی، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاریی شارستانیی ‏زانكۆی ‏سلێمانی، عەلی ئیبراهیم، نوێنەری كۆمەڵەی كارگەكانی ئاسن و ‏بەڕێوەبەری ‏كارگەی شیش لە هەولێر، د.عیرفان عومەر، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی جیۆلۆجی کۆلێژی زانست- زانکۆی سلێمانی و وریا ئەنوەر، بازرگانی بواری ئاسن میوانی بەرنامەی لەگەڵ رەنج بوون.
 
 
11 کارگە لە هەرێمی کوردستاندا هەن
 
لە هەرێمی کوردستاندا 11 کارگەی دروستکردنی شیش هەن کە پێنجیان لە هەولێرن و چواریان لە سلێمانین و دوو لە دهۆکن. خاوەن کارگەکان کارگانە گلەیی لەوە دەکەن کە بەهۆی سیاسەتی گومرگیی هەرێمی کوردستانەوە نرخی شیشی هاوردە هەرزانترە لە بەرهەمی ناوخۆیی و لەڕووی کوالێتیشەوە بەشێک لەو شیشەی هاوردە دەکرێت فێڵی تێدا دەکرێت.
 
د. پشتیوان حمەسەعید، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شار و ‏ناوچە ‏پیشەسازییەكان لە دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند: "لەنێو پڕۆژە پیشەسازییەکان، کەرتی پیشەسازی وەکو سێکتەرێکی وەبەرهێنان گرفتی هەیە، چونکە لە کۆی هەزار و 76 پڕۆژە کە بەگوێرەی یاسای وەبەرهێنان لە 1-8-2006وە تاوەکو 13-10-2022 مۆڵەتیان پێدراوە، 275یان پڕۆژەی پیشەسازیین".
 
 
د. پشتیوان حمەسەعید گوتی: "ئەو قەیرانانەی لە رابردوودا هەبوون دەبووایە زیاتر وای لە ئێمە کردبا ئاراستەی گەشەکردن و بووژاندنەوەی کەرتی پیشەسازی زیاتر برەو پێبدەین، بەڵام ئێستا پڕۆژە پیشەسازییەکان 25٪ی کۆی پڕۆژە مۆڵەتپێدراوەکان پێکدەهێنن".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شار و ‏ناوچە ‏پیشەسازییەكان لە دەستەی وەبەرهێنان ئاماژە بەوە دەدات کە "لەکۆی 275 پڕۆژەی پیشەسازی، 11 پڕۆژەی بواری شیش و ئاسنمان هەن کە سێ پڕۆژەیان لە سلێمانی، پێنج پڕۆژە لە هەولێر و دوو پڕۆژەش لە دهۆکن بەڵام ئەوانەی دهۆک دوو ساڵە داخراون".
 
سیاسەتی گومرگ
 
بەپێی یاسای پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، هەر بەرهەمێک 50٪ی پێداویستیی ناوخۆ دەستەبەر بکات، ئینجا حکومەت پاراستنی بۆ دەکات و ئەوەش وایکردووە زیان بە پڕۆژە گەورە و بچووکەکان بگات و نرخی شیشی خۆماڵی لە هەندێک لەو شیشانە گرانتر بوەستێت کە هاوردە دەکرێت.
 
د. پشتیوان حمەسەعید دەڵێت: "بەپێی یاسای ژمارە 2ی ساڵی 2021، پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی لە ماددەی 2 لە بڕگەی سێیەمدا بۆ پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی، لە بازاڕدا ئەگەر 50٪ی کەرستە خاوەکەی ناوخۆیی بێت ئینجا پاراستنی بۆ دەکرێت. ئەوەش زیانی لە پڕۆژەکانی ئێمە داوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی شار و ‏ناوچە ‏پیشەسازییەكان لە دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: "ئەو یاسایە نەک تەنیا بۆ کارگە گەورەکانی وەک شیش و ئاسن، بەڵکو مەترسی لەسەر پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکانیش دروستکردووە".
 
 
شیشی کوالێتیی خراپ هاوردە دەکرێت
 
بەشێک لەو شیشانەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لە کوالێتیی کۆنترۆڵ دەرناچن و بەهۆی هەرزانیی نرخەکەیان خەڵکی بەکاریاندەهێنن. بە گوتەی ئەندازیارێکی بیناسازی، لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی سرووشتی، 1000٪ مەترسی داڕمان و دروستبوونی کارەسات هەیە.
 
د. عومەر قەرەنی، مامۆستا لە بەشی ئەندازیاری شارستانیی ‏زانكۆی ‏سلێمانی دەڵێت: "ئەو جۆرە شیشانەی کوالێتییان خراپە لەو پڕۆژانەی چاودێرییان لەسەرە بەکارناهێندرێن، بەڵکو لە باڵەخانەکان و ئەو شوێنانەی کۆنترۆڵیان لەسەر نییە و پشکنینیان بۆ ناکرێت، بەکاردەهێندرێن".
 
ئەو ئەندازیارە باسی لەوەکرد کە ئەو شیشانە نرخیان هەرزانترە و خەڵکیش بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت بڕێک پارەی کەمتر خەرج بکات، "بەڵام نازانن دواتر تووشی چ کارەساتێکیان دەکات. جۆرێکی دیکەی شیش هاوردە دەکرێت کە لە کوالێتیی کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و ئەمەش نرخەکەی لە شیشی کوردستان گرانترە".
 
بە بڕوای د. عومەر قەرەنی: "ئەگەر یەکێک لە باڵەخانەی بەرزدا شیشی بێ کوالێتی بەکاربهێنێت لە کاتی روودانی بوومەلەرزەیەکدا مەترسیی داڕمانەکەی 1000٪ نەک 100٪".
 
 
"فێڵ لە هاووڵاتیان دەکرێت"
 
جگە لە خراپیی کوالێتیی بەشێک لە شیشی هاوردە، بازرگانێک دەڵێت، ئەو شیشە 10 میلیمەترییەی دەگاتە هەرێمی کوردستان، "بازرگانان بە شیشی 12 میلیمەتری بە هاووڵاتییانی دەفرۆشنەوە".
 
وریا ئەنوەر، بازرگانی ئاسن لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەر لەوەی شیش هاوردە بکرێت، دەبێ لە دەروازە سنوورییەکان پشکنینی بۆ بکرێت، بەڵام دوای ئەوەی هاوردە کرا و رادەستی بازرگان کرا، ئەی لەکوێ پشکنینی بۆ بکرێت و کێ پشکنینی بۆ بکات؟ سەرباری ئەمەش، کە دەهێندرێتە نێو شار، بازرگان شیشی 10 میلیمەتری بە 12 میلیمەتر بە هاووڵاتییان دەفرۆشێتەوە".
 
وریا ئەنوەر گوتی: "ئێمە بۆری لە ئێرانەوە هاوردەی کوردستان دەکەین. ئەگەر بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاوردەی بکەین، بۆ هەر تۆنێکی 85 بۆ 90 دۆلارمان دەچێت تاوەکو دەگاتە هەولێر، بەڵام ئێستا بۆری لە ئێرانەوە بە سنوورەکانی عێراق دەهێنمە شاری هەولێر و بۆ هەر تۆنێک تەنیا 35 بۆ 40 دۆلارم دەچێت".
 
بە گوتەی وریا ئەنوەر، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان 50٪ گومرگی سەر شیش و بۆری کەمکردووەتەوە، بەڵام هەر لە باشووری عێراقەوە هاوردەکردنی خەرجی کەمتر تێدەچێت.
 
 
"سیاسەتی جێبەجێکردن هەڵەیە"
 
جەلیل سابیر، شارەزا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگ لە ‏هەرێمی ‏كوردستان باس لەوە دەکات، ئەوان جێبەجێکاری سیاسەتی بازرگانی و دارایین لە هەرێمی کوردستان و دەڵێت: "ئەو لایەنانەی سیاسەتێکی نادروست جێبەجێ دەکەن، ئەو لایەنە پەیوەندیدارانەن بە گومرگ وەکو وەبەرهێنان، وەزارەتی پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی".
 
بە بڕوای جەلیل سابیر، "وەبەرهێنان سەرپێچی ماددە 5ی یاساکەی خۆی دەکات، کاتێک لێخۆشبوون بۆ پڕۆژەیەک دەکات لە بڕگەی پێنجەمی ماددەی 5ی یاساکە مەرجی داناوە کە دەبێت ماددەی نێوخۆیی بەکاربهێنێت. سەرەڕای ئەوەی بەرهەمی ناوخۆییمان هەیە، کەچی بەکاری ناهێنن و لێخۆشبوونیشیان بۆ دەکرێت".
 
سەبارەت بە رێگریکردن لە هاوردەکردنی شیشی کوالێتیی خراپ، جەلیل سابیر دەڵێت: "9 مانگ پێش ئێستا 30 بارهەڵگری شیش لە مەرزی پەروێزخان هێنرایە ژوورەوە، بە 12 میلیمەتر هێندرابوو، بەڵام لە پشکنین 11.5 بوو، لەسەر ئەوە گەڕاندمانەوە".
 
کارگەکان مەترسیی داخستنیان لەسەرە
 
عەلی ئیبراهیم، نوێنەری كۆمەڵەی كارگەكانی ئاسن و ‏بەڕێوەبەری ‏كارگەیەكی شیش لە هەولێر باس لەوە دەکات کە بەهۆی ئەو سیاسەتەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت، مەترسی لەسەر داخرانی کارگەکان هەیە و بەو هۆیەوەش زیانێکی گەورە بەر ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەوێت.
 
 
عەلی ئیبراهیم دەڵێت: "10 هەزار کرێکار لە 28 کارگەی شیش و بۆری و ئاسان کاردەکەن کە 91٪ی کارگەکان لە کوردستانن، بەپێ هاوکێشەیەکی نێودەوڵەتی هەر هەلێکی کارکردن لە کارگەیەکی ئاسن 8.1٪ کار لە بازاڕ دروستدەکات".
 
نوێنەری كۆمەڵەی كارگەكانی ئاسن لە هەرێمی کوردستان دەپرسێت: "چ سێکتەرێکی ئابووری دەتوانێت ئەمڕۆ لە کوردستان زیاتر لە دوو ملیار و 600 ملیۆن دۆلار بێنێتە کوردستان؟"
 
بە گوتەی عەلی ئیبراهیم: "ساڵانە 830 تۆن شیش هاوردە دەکرێن؛ رۆژانە لە سێ دەروازەی سنووری هەرێمی کوردستانەوە زیاتر لە 150 بارهەڵگر شیش هاوردە دەکرێن؛ لە 83 شوێنی فرۆشتنی شیش لە شاری هەولێر 90٪یان شیشی ئێرانی دەفرۆشن. کەواتە دەبێت لە سنوورەکانەوە کۆنترۆڵی هاوردەکردنی شیش بکرێت".