کشتوکاڵی هەڵەبجە: ئەمساڵ هەزار تۆن هەنار هەناردەی ئیمارات دەکرێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت، وەزارەت ئامادەکاری دەکات بۆ هەناردەکردنی هەناری هەڵەبجە بۆ ئیمارات. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجەش دەڵێت: "بڕیارە ئەمساڵ هەزار تۆن هەناری هەڵەبجە بۆ ئیمارات بنێردرێت."
 
رۆژی یەکشەممە 16ی تشرینی یەکەمی 2022، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئامادەبوونی لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەت، لەگەڵ راوێژکارانی هۆڵەندا و تیمێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی بواری کشتوکاڵییان کرد. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 17-10-2022، حوسێن حەمە کەریم، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا باس لە پرۆسەی بەبازاڕکردن و بەبراندکردنی بەرهەمە نێوخۆییەکان کرا و بڕیارە ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە وەکو براندێکی کوردی بگاتە بازاڕەکانی ئیمارات. ئێستا ئامادەکارییەکان کراون".
 
ستار مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی پارێزگای هەڵەبجە ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی ئەو بازرگانانە بکات کە ساڵانی رابردوو هەناری هەڵەبجەیان بردووەتە دەرەوە. ئاگادارین کە بازرگانێک ئامادەکاری کردووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ 1000 تۆن هەناری هەڵەبجە هەناردەی ئیمارات بکات و بۆ ئەوەش لەگەڵ جووتیاران قسەی کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پاڵپشتیی خۆی دووپاتکردووەتەوە و ئێمەش پشتگیریمان کردووە."
 
لە سنووری هەڵەبجە 20 بۆ 26 جۆری هەنار هەیە؛ ساڵانە خواستێکی زۆر لەسەر هەناری هەڵەبجە هەیە و بەشێکی هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و تاوەکو ئێستا بۆ بەریتانیا، ئەڵمانیا و سوێد هەناردەکراوە. 
 
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی وەزیری کشتوکاڵ گفتوگۆی لەبارەوەکردووە بابەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی زەویوزارە. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ لەوبارەوە گوتی: "باس لەو کێشانە کراوە بۆ ئەوەی ئاستەنگ و رۆتین لەبەردەمی جووتیاران، وەبەرهێنەران و خاوەنی پڕۆژەکان کەمبکرێتەوە، لە کاتێکدا کە دەیانەوێت سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە دابینکردنی زەوی بۆ زەوی کشتوکاڵی هەندێک گرفتی هەیە."