دەروازەی پەروێزخان: ئێران ڤیزای بۆ گەشتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەڵگرت

17-10-2022
سیروان عەباس
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئێران ڤیزا لەسەر ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە هەڵدەگرێت کە لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە سەردانی وڵاتەکەی دەکەن. دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان دەڵێت، بڕیارەکە خراوەتە واری جێبەجێکردنەوە؛ بەڵام بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران دەڵێت، ئەو بڕیارە "تەنیا ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە، کە لە فڕۆکەخانەکانەوە گەشت دەکەن."
 
کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان لە راگەیێندراوێکدا کە لەسەر زاری عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەکە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، ئێران بڕیاریداوە ڤیزا لەسەر هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێت، لە ئەمڕۆ 17-10-2022ەوە بڕیارەکە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکە ئەو شۆفێرانەش دەگرێتەوە کە لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە بە تانکەر پاشماوەی نەوت بۆ وڵاتی ئێران دەگوازنەوە و "ئاگاداری هەموو هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکاتەوە، کە ئێستا بەبێ ڤیزا و تەنیا بە مەرجی هەبوونی پاسپۆرت، 24 کاژێر لە بنکەی نشینگەی پەروێزخان مامەڵەی ئەو هاووڵاتی و گەشتیارانە رایی دەکرێت، کە دەیانەوێت لە رێگەی دەروازەکەمانەوە سەردانی ئێران بکەن."
 
هەر لەو بارەوە، سیروان حوسێن، گوتەبێژی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە رووداوی راگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ کۆنسوڵی ئێران له هەولێر کردووە و پێیان راگەیاندوون، هێشتا ئەو بڕیارە نەدراوە.
 
هاوکات عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێران بە رووداوی گوت، "ئەو بڕیارە تەنیا ئەو گەشتیارانە دەگرێتەوە کە لە فڕۆکەخانەکان گەشت دەکەن و لە رێگەی زەوینییەوە هێشتا ڤیزا هەڵنەگیراوە."
 
هەرێمی کوردستان دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی (هەولێر و سلێمانی)ی هەیە، هەروەها لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، جگە لە دەروازە فەرمییەکانی باشماخ، حاجی ئۆمەران و پەروێزخان، چەند دەروازەیەکی نیمچە فەرمی و لاوەکییش هەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە