تانکەرێک لەبری نەوت، بەنزین بۆ قوتابخانەی گوندێکی سلێمانی دەبات و ئاگر دەکەوێتەوە

 
رووداو - سلێمانی

لە ئەنجامی بە هەڵە بردنی بەنزین لەجیاتی نەوت بۆ قوتابخانەی بەردەکەڕی بنەڕەتی و لەکاتی پڕکردنی ئەو بەرمیلانەی بۆ نەوت دانرابوون و بەنزینیان تێکرا، لە ئەنجامدا ئاگر کەوتەوە؛ قوتابیانی خوێندنگەکە هێشتا شۆکی دەنگ و دیمەنی کاتی رووداوەکەن.
 
ئەرین محەممەد، قوتابی بە رووداوی گوت، "لە پۆلدا بووین، ئەوەندەمان زانی دەنگی تەقینەوەیەک هات، هاتینە دەرەوە و قوتابییەک هات و گوتی: کاک جەبار بریندارە. لەسەر زەوی کەوتبوو و هەموو گیانی هەر خوێن بوو."
 
ئەو تانکەرەی کە بەنیازی پێدانی 2000 لیتر نەوت بۆ قوتابخانەکەی گوندی بەردەکەڕ چووە گوندەکە، بە هەڵە و لەجیاتیی نەوت بەنزینی کردووەتە خەزانەکەیەوە، لە کاتی رادەستکردنی بە قوتابخانەکە گڕ دەگرێت؛ بەهۆی ئاگرەکەوە مامۆستا و کارگوزرای خوێندنگەکە و کارمەندی دابەشکردنی نەوتەکە بریندار دەبن و قوتابییەکیش بەهۆی تەقینی پەنجەرەکان بە شووشە بریندار دەبێت.
 
محەممەد نادر، بەڕێوەبەری قوتابخانەی بەردەکەڕ ئاماژەی بەوە کرد، "بۆنی بەنزینی زۆر لێدەهات، گەر بەنزینیش نەبووبێت، ئەوا تێکەڵ بووە لەگەڵ بەنزینەکەدا."
 
گۆنا فاتیح، مامۆستا باسی لەوە کرد، "لە قوتابخانەی بەردەکەڕ، دووکەڵ و ئاگرێکی زۆر هەبوو، کاریگەریی لەسەر هەموو قوتابییەکان هەبوو."
 
بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بەرگریی شارستانی، هۆکاری ئاگرەکە کارلێکردنی بەنزین و ماددەیەکی دیکە بووە لەنێو بەرمیلەکە. مامۆستایانی قوتابخانەکەش دەڵێن، سکاڵا دژی ئەوانە تۆمار دەکەن کە بە هەڵە بەنزینیان بۆ بردوون.
 
پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە نووسراوێکدا قوتابخانەکانی ئاگادار دەکاتەوە کە ئەو بڕە سووتەمەنییەی وەریانگرتووە بەکاری نەهێنن تاوەکو پشکنینیان بۆ دەکرێت.