بەرەی تورکمانی: لێدوانەکەی شاخەوان عەبدوڵڵا لەبارەی فڕۆکەخانەی کەرکووک پێشینەیەکی مەترسیدارە

17-10-2022
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەی تورکمانیی عێراق لەبارەی قسەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە گوتبووی، رێگەنادەن فڕۆکەخانەی کەرکووک بکرێتەوە، چونکە "گەندەڵی" تێدا کراوە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و قسەکانی بە "پێشێنەیەکی مەترسیدار" ناوبرد. 
 
رۆژی دووشەممە 17-10-2022، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، چونکە پێشتریش سەرۆکوەزیران داوای لە من کرد و پێمگوت، ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی و گەندەڵی تێدا کراوە." 
 
بەرەی تورکمانیی عێراقی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بۆ یەکەمینجارە لە مێژووی عێراقدا، کە پێشینەی نەبووە، لە لێدوانێکی نامۆدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق راگەیاندووە، کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکووک رەتدەکاتەوە و رێگە بە کارکردن لە فڕۆکەخانەکەدا نادات، بە پاساوی بوونی بابەتی گەندەڵی." 
 
لە گوتەکانیدا شاخەوان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد: "ئەو فڕۆکەخانەیە لەڕووی هونەرییەوە ئامادە نییە. کەرکووک مافی خۆیەتی لەپێش هەموو پارێزگاکانی دیکەوە ببێتە خاوەنی فڕۆکەخانە، بەڵام فڕۆکەخانەیەک کە گەندەڵی تێدانەکرابێت و بەپێی دەستوور دامەزرابێت و گرفتی تەکنیکیشی نەبێت." 
 
بەرەی تورکمانیی عێراقی دەڵێت: "ئێمە بەناوی بەرەی تورکمانیی عێراقی دووپاتیدەکەینەوە، کە زۆر سەرمان سوڕماوە کە شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری پارێزگای کەرکووک لێدوانی مەترسیدار دەدات؛ دژی هەموو بەها مرۆیی و نەریتەکانی کۆمەڵگەیە. هێرشکردنە بۆسەر مافی خەڵکی پارێزگاکە. پێشنەیەکی مەترسیدارە، یەکەمجارە لە مێژووی نوێی عێراقدا قسەیەکی وابکرێت، لەگەڵ ئەوەی خۆی پۆستی یاسادانانی هەیە. دەسەڵاتی ئەوەی نییە دەستوەردان لە کاروباری جێبەجێکردنی دەوڵەتدا بکات." 
 
بڕیاری بە مەدەنیکردنی فڕۆکەخانەی کەرکووک لە سەردەمی ئیدارەی دکتۆر نەجمەدین کەریم دراوە. زیاتر لە چوار ساڵە کاری تێدا دەکرێت، بەرپرسانی کورد لە کەرکووک تێبینی زۆریان لەسەر پەراوێزخستنی زمانی کوردی لە تابلۆکانی دەرگای چوونە ژوورەوە و رێگە نیشاندەری نێو فڕۆکەخانەکە هەیە. هاوکات ناڕازین لەسەر کەمیی کورد لە ستافی ئیدارەدانی فڕۆکەخانەکەدا.
 
هەر لە درێژەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکووک، بەرهەمی حکومەتی خۆجێی و ئەنجوومەنی پارێزگا بووە لە ساڵی 2006وە. رێکارەکانی کردنەوەی فڕۆکەخانەکە، هەموو مەرجە یاسایی و تەکنیکییەکانی تەواوکردووە." 
 
بەرەی تورکمانی داوا لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامانی دەکات، "رێکاری یاسایی دەرهەق بەو لێدوانانە بگرنەبەر، کە کاردەکەن بۆ نانەوەی ئاشووب لەنێوان پێکهاتەکانی پارێزگاکە." 
 
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022، بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە مەراسیمێکدا کە تەنیا 10 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن فڕۆکەخانەی کەرکووکیان کردەوە. 
 
دوای مەراسیمەکە، راکان جبوری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک رایگەیاند، ئەگەرچی هێشتا هەندێک کاری تەکنیکی ماون بۆ ئەوەی فڕۆکەخانەکە بکەوێتە کار و دەست بەگواستنەوەی سەرنشین بکات، بەڵام لە یادی 16 ئۆکتۆبەردا "بەپێویست زانرا ئەم دەسکەوتە مێژووییە پێشکێش بکرێت." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە