رووداو دیجیتاڵ
دەستبەکاربوونی د. لەتیف رەشید وەک سەرۆککۆماری عێراق لە کاتێدایە چەندین پرسی هەڵواسراو لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، هەروەها دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە.
لە کەرکووک، ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە، لە خوورماتووش 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە، بەهۆی مەترسییەکانی داعش و نەبوونی خزمەتگوزاری و تەعریبکردن، لە سنووری مەخموور 41 گوند چۆڵکراون، لە خانەقینیش 36 گوند چۆڵکراون و نزیکەی هەزار دۆنم زەویی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
زیاتر لە 50٪ـی خاکی باشووری کوردستان مەترسیی جیددی گۆڕینی دیمۆگرافیا و بە عەرەبکردنی لەسەرە، تادێت هەڕەشە و مەترسییەکانیش زیاتر دەبن و بە چەندین شێواز هەوڵی بەعەرەبکردن دەدرێت. لە دوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەریش، گوشارەکان بۆ سەر کوردی ناوچەکە زیاتر بوون.
لە پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی و لە قەزای خوورماتووی سنووری پارێزگای سەلاحەدین 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەیان لەسەرە.
ئێستاش چاوەکان لەسەر سەرۆککۆماری نوێی عێراقە وەک کوردێک، بتوانێت رێگری لەو تەعریبە بکات و گرفتەکانی سنوورەکە چارەسەر بکات.
قەزای مەخموور کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا، لە سنووری ناحیەی گوێری سەر بەم قەزایە 7 گوند چۆڵکراون. ئەو گوندانەشی لە چیای قەرەچووخ نزیکن 14یان چۆڵبوون. لە قەراجیش نزیکەی 20 گوندی کوردنشین چۆڵبوون و دانیشتووان لەبەر مەترسیی داعش و گرووپە چەکدارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە.
لە خانەقینیش چۆڵکردنی گوند و دەستبەرداگرتنی زەوی کورد و هەڕەشەکردن لە هێزە کوردییەکان بەردەوامە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی خانەقین، کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای دیالە، لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە 36 گوندی کوردی سنووری خانەقین لە پارێزگای دیالە چۆڵکراون و نزیکەی هەزار دۆنم زەویی لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ