پەیامی حکومەت بۆ یادی مەولوود: پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بن

 
رووداو دیجیتاڵ

بەبۆنەی یادی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) حکومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە موسڵمانان دەکات و داواش دەکات "زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بن".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، "بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام حەزرەتی محەممەد (درودی خوای لەسەر بێت)، پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی موسڵمانانی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەین، هیوادارین ئەم یادە ببێتە مایەی بەهێزتربوونی بنەماکانی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان و یەکتر قبووڵکردن لە هەرێمی کوردستان".
 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتدا داوا لە تەواوی هاونیشتمانیان کراوە، "زیاتر پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا بن و ئەو کەسانەیش کە تاوەکو ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە بچن بۆ بنکەکانی تەندروستی و ڤاکیسن وەربگرن، تاوەکو خۆمان و ئازیزانمان بەدووربگرین لەو پەتایە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکو ئێستاش پەتای کۆرۆنا هەڕەشەیە بۆسەر ژیانی هاونیشتمانیان و رۆژ بە رۆژیش ژمارەی تووشبووان و قوربانیانی پەتاکە زیاد دەکات.