لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا

پێشتر هەڕەشەی سووتاندنی بارەگاکەی پارتییان کردووە

17-10-2020

22:47

بەرپرسی لقی 5ـی پارتی: ئەوانەی بارەگاکەیان سووتاند خەڵکی راهێنراوبوون و یەکدیان دەناسی

شوان محەممەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستان و بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لە بەغدا سووتاند، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دەڵێت، ئەوانەی بارەگاکەیان سووتاندن و خۆپێشاندانیان لەبەردەم بارەگاکەدا کرد، خەڵکی راهێنراوبوون و یەکدییان دەناسی.
 
زانیاریی پێشوەختەمان لەبارەی هێرشەکەوە هەبوو
 
شوان محەممەد، بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداوی کرد و لەبارەی هێرشەکەی لایەنگرانی حەشدی شەعبی گوتی "لە دووشەممەی رابردووەوە لەلایەن رێکخستنەکانی خۆمان و دەزگا هەواڵگرییەکانەوە زانیارییمان پێگەیشتبوو کە چەند گرووپێکی تووندڕەوی نێو هەندێک لایەنی حەشدی شەعبی بەنیازی هێرشکردنن بۆ سەر بارەگای پارتی، هەرچەندە ئێمە بەرپرسانی کوردمان لە بەغدا و هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمیمان ئاگادارکردبوویەوە، بەڵام دواجار هێرشەکە ئەنجامدرا و بارەگای لقیان سووتاند."
 
لەبارەی ئەو کەسانەی کە لقی پارتییان لە بەغدا سووتاند، شوان محەممەد رایگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسیی هێزی ئەلیکترۆنیان هەیە، لەو گرووپانەش "سابیروون" کە گرووپێکە لە گرووپە تووندڕەوەکان. هەروەها "رەبعڵڵا" ئەوانیش لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا خەڵکیان خەڵتانی خوێن کرد. ئەوانەش تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک خۆی لێنەکردوونەتە خاوەن. 
 
شوان محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا ئەو کارەیان کردووە. رۆژی هەینی لەسەر شەممە زیاتر لە 500 کەس لە دەوروبەری ئێمەبوون. بەڵام دواتر چەند ئۆتۆمبێلێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی هاتنە نێو بارەگای پارتی لە بەغدا، ئێمە حیسابی زۆرمان کردبوو. بەڵام هیچ زیانێکی ماددی ئەوتۆی لێنەکەوتووەتەوە و بەڵگەنامەکانیشمان پاراستن." 
 
ئەوانەی بارەگاکەیان سووتاند خەڵکی راهێنراوبوون و یەکدیان دەناسی
 
لەبارەی ئەوەی کە هێرشەکە پەیوەندی بە لێدوانی هۆشیار زێبارییەوە هەیە؟ شوان محەممەد گوتی "پێشتر بەرپرسانی دیکە لێدوانی تووندتریان بەرامبەر حەشدی شەعبی داوە، بەڵام ئەوان دەمارگیرییەکی زۆریان بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ئەو رێککەوتنە هەیە کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی شنگال کراوە. ئەو گێرەشێوێنانەش وێنەی ئاڵای کوردستان و ئاڵای پارتی و ئاڵای بەرپرسەکانمان و سووتەمەنی و ئاگریان پێبوو. "
 
سەبارەت بەوەی کە هیچ هاندانێکی کوردی هەبووە سەبارەت بە رووداوەکەی ئەمڕۆ؟ پەرلەمانتارێک یان لایەنێک دژی ئەوان لێدوانی دابێت. ئەو بەرپرسەی لقی پێنجی پارتی لە وەڵامدا گوتی "هیچ لایەنێکی سیاسی تۆمەتبار ناکەم، بەڵام هەندێک کەس کە لە پەنجەی دەست هەژمار ناکرێن و بە کورد حیسابیان ناکەین. بۆیە ئەو رووداوە رەهەندی سیاسیی و هەرێمی هەیە. هەروەها پەرلەمانی عێراقیش بەشێکبوو لە کێشەکانی بەغدا." 
 
بەرپرسی لقی 5ی پارتی لە بەغدا ئاماژەی بەوەشدا کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی پەیامەکەیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان و هەموو خەڵکی کوردستان بوو. لەبەرئەوە ئەوانەی ئەم کارەیان کرد "خەڵکی راهێندراوبوون و یەکدیان دەناسی."
 
شوان محەممەد ئاماژە بەوەش دەدات، کە هیچ بەرپرسێکی حەشدی شەعبی پەیوەندییان بە ئەوانەوە نەکردووە، بەڵام سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکوەزیرانی پەیوەندییان پێوەکردوون. ئەمە جگەلەوەی کە هەموو پارت و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندییان بە ئەوانەوە کردووە. 
 
هەموو هێزەکانی ناو حەشدی شەعبی دژی کورد و حکومەتەکەی کازمی نین
 
سەبارەت بەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی دەکات، شوان محەممەد دەڵێت "ئێمە بەهیچ شێوەیەک داوای لێبووردن لە هیچ لایەنێکی سیاسی ناکەین لە کاتێکدا کە ئێمە لەسەر حەق بووبین."
 
سەبارەت بە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، شوان محەممەد دەڵێت " ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ناتوانێت عێراق بپارێزێت، بێگومان ناتوانن بارەگاکەی ئێمەش بپارێزن."
 
لە عێراق هیچ گەرەنتییەک بۆ پاراستنی بارەگاکان نییە
 
شوان محەممەد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، هیچ زەمانێک لە عێراق دا نییە. "سوپاسی هۆزە کوردەکان دەکەین کە ویستیان لە رۆژی پێنجشەممەوە بەرگری لە بارەگای پارتی بکرێت لە بەغدا، 200 گەنجی کورد هەبوو دەیان ویست خۆیان بە کوشت بدەن لەپێناو پارتی، بەڵام ئێمە و سەرکردایەتی پارتی رێگەی بەوەنەدا ئەوان بێن، چونکە خوێنی رۆڵەکانی کورد لە باڵەخانە و بینای حیزب زۆر گەورەترە. "
 
سەبارەت بەوەی بۆچی لەم کاتەدا هێرشکراوەتەسەر بارەگای پارتی لە بەغدا؟ ئەو بەرپرسەی لقی 5ی پارتی رایگەیاند "موقتەدا سەدر و چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی قسەیان لەسەر حەشدی شەعبی کرد، لەبەرئەوە ئەوەی ئەوان کردیان لەلایەن مامۆستاکانی خۆیانەوە ئەنجامدراوە. ئەوانە پێیان خۆش نییە حکومەتەکەی کازمی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. بۆیە وەک پارتی ئێمە پێمانخۆشنییە هیچ بارەگایەکی دیکەی حیزبی کوردستانی لە بەغدا بسووتێندرێت."
 
زیاتر بخوێنەوە

20:49

فرسەت سۆفی: لە هەولێر ئاڵای عێراق نەسووتێنراوە

فرسەت سۆفی: لە هەولێر ئاڵای عێراق نەسووتێنراوە
 
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، هیچ کەسێک لە سنووری پارێزگای هەولێر ئاڵای عێراقی نەسووتاندووە و ئەو گرتە ڤیدیۆییەی بڵاوکراوەتەوە، هی ساڵانێک بەر لە ئێستایە.
 
فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی شارەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی کە بڵاوکراوەتەوە و ئاڵای عێراق دەسووتێندرێت، هی ساڵانێک بەر لەئێستایە و کۆنە، لە هەولێر هیچ کاردانەوەیەکی هاوشێوە لە بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان نەبووە.
 
گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، لە شەقامی ئیسکانی هەولێر چەند گەنجێک ئاڵای عێراق دەسووتێنن. 
 
بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە لە سۆشیاڵمیدیا دوای ئەوە دێت، بەیانی رۆژی شەممە 17-10-2020، بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەردەم بارەگاکە لە بەغدا سووتاند و ئەوەش کاردانەوەی نێوخۆیی بەدوای خۆیدا هێنا. 
 
فرسەت سۆفی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەولێر رێگە بە دروستکردنی پشێوی و تووندوتیژی و سووتاندنی ئاڵا نادرێت، هەرکەسێکیش پەنا بۆ ئەو کارانە ببات لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت، سەرجەم دەزگە ئەمنی و بەرپرسی ئیدارەی قەزا و شارۆچکەکانیش ئاگادارکراونەتەوە کە رێگە بە هیچ پشێوی و کاردانەوەیەکی تووند نەدەن.
 
زیاتر بخوێنەوە

19:01

بافڵ تاڵەبانی: دەستدرێژی بۆ سەر ئاڵای کوردستان جێگەی قبووڵکردن نییە

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت: ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگەی قبووڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە.
 
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاڵای کوردستان بە "شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدان" دادەنێت و دەشڵێت "ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کە مێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکدی قبووڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دووژمنانی خاک و گەلەکەمان."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا بافڵ تاڵەبانی رایدەگەیێنێت، "لە ھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ریزەکانی گەلەکەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لەھەڕەشەکان بپارێزین."
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەغدا سووتاند. ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی ئیدانەی ئەو رووداوەیان کرد و شەرمەزاریان کرد. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و بکەرانی ئەو رووداوە بدرێنە دادگا.
 
دەقی پەیامەکەی بافڵ تاڵەبانی
 
ئاڵای پیرۆزی کوردستان، شکۆی نەتەوەیی و قوربانیدان و بەرهەمی خوێنی شەھیدانمانە، ھیچ بیانوو و پاساوێک جێگای قبوڵکردن نابێت کە دەستدرێژی بێت بۆ خاک و ئاڵاکەمان کە قوربانیمان بۆداوە.
 
ئێمە مێژووی خۆمان خۆشدەوێت کەمێژووی برایەتی و پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردن و سەرنەوینەکردنە بۆ دوژمنانی خاک و گەلەکەمان.
 
پاراستنی پیرۆزییە نەتەوەییەکانمان ئەمانەتی باوباپیران و نیشتمان و یەکێتییەکەی مامە، کەدەستیپێوەدەگرین و دەیپارێزین.
 
لەھەمووکات زیاتریش پێویستمان بە یەکخستنی ڕیزەکانی گەلەکەمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و لەگەڵ دڵسۆزەکانمان لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی وڵاتەکەمان لەھەڕەشەکان بپارێزین.
 
ھەر شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.
 
بافڵ تاڵەبانی
 ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 
زیاتر بخوێنەوە

18:58

وەزارەتی پێشمەرگە: سووتاندنی ئاڵای کوردستان بەتووندی شەرمەزار دەکەین

سووتانی ئاڵای کوردستان لە بەغدا
وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، سووتاندن و بێڕێزیکردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، "بەتووندی سەرکۆنە دەکەین."
 
ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی حەشدی شەعبی ئاڵای کوردستانیان لەبەردەم لقی 5ی پارتی لە بەغدا سووتاند، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عێراق و هێزە دیموکراتییەکان دەکات، لێکۆڵینەوەی جیدی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە پێشێلکارییانە بکەن، کە "دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتییەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە
 
سووتاندن و بێڕێزیکردن بەئاڵای پیرۆزی کوردستان، کە سەدان و هەزاران پێشمەرگەی قارەمان و خەباتگێڕ و تێکۆشەری ئەم نەتەوەیە، لە ژێر سێبەرەکەیدا گیانی خۆیان بەخشیوە، "بەتوندی ئیدانەدەکەین."
 
ئاڵای کوردستان، سیمبولی باڵای بەرخودانی نەتەوەی کوردو رەمزی ئاشتی و ئاوەدانی و پێکەوەژیانە. 
پەلاماردانی بارەگای هەر حزب و لایەنێک، دواتر سوکایەتی کردن بەئاڵای کوردستان، پەیامێکی روونەو، دەخوازێت هەرچی زووە ململانێ حزبییەکان و گرژییە سیاسیەکان بەلاوە بنرێن و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسیەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان، یەکدەنگ ویەکهەڵوێست بن، بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان و رووبەڕوبونەوەی مەترسییەکانی ئێستاو ئایندە.
 
داوا لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هێزە دیموکراتییەکان دەکەین، لێکۆڵینەوەی جددی لەوبارەوە بکەن و رێگری لەو جۆرە  پێشێلکارییانە بکەن، کە دواجار میمبەری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان و پاراستنی بەها دیموکراتیەکان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی لەعێراق دەخاتە مەترسییەوه.
 
دەستبردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بەهیچ شێوەیەک قبوڵکراونیەو، دەبێ ئەنجامدەرانی بەزووترین کات رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.
 
ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگه، نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین و، راشیدەگەێنین꞉ وەک هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەهەموو ئان و ساتێکدا، پارێزەری خاک و ئاڵای پیرۆزی کوردستانین، وەک بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین.
 
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
زیاتر بخوێنەوە

18:22

مستەفا کازمی بڕیاری لێکۆڵینەوەی لەبارەی هێرشەکەی سەر لقی پێنجی پارتی دەرکرد

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی
ئەنجوومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی رەوشی عێراق بەگشتیی و هێرشی سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بەتایبەتی. کۆبوونەوەکە سەرکۆنەی هێرشەکە و سووتانی ئاڵای کوردستان دەکات.
 
بەپێی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، کۆبوونەوەکە نائاسایی بووە و دوو کاژێری خایاندووە. رووداوی هێرشکردنە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا سەرکۆنە کراوە و مستەفا کازمی بڕیاری داوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێبکات.
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، "حکومەت هەموو رێوشوێنێکی تووند دەگرێتەبەر دژی هەموو ئەوانەی شکۆی دەوڵەت و دەسەڵاتی یاسا دەشکێنن".
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لایەنگرانی حەشدی شەعبی بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئاڵای کوردستانیان لە بەغدا سووتاند. ئەم رووداوە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بە تووندی ئیدانەی ئەو رووداوەیان کرد و شەرمەزاریان کرد. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن بەزووترین کات لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکرێت و بکەرانی ئەو رووداوە بدرێنە دادگا.
 
نێچیرڤا بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا داوای لە دامودەزگاکانی عێراق کرد لێکۆڵینەوە لەو رووداوە بکەن و راشیگەیاند "داوا لە هەموو لایەک دەکەین بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوە بکەن و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە یاساییيەکانیان بە شێوەیەکی جیدی و خێرا دەستپێبکەن و تێكده‌ران رووبه‌ڕووى ياسا بكرێنه‌وه‌." 
 
هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و گوتی "گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داواملێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و رێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر."
 
 
زیاتر بخوێنەوە

18:12

کاردانەوەی لایەنە عێراقییەکان بەرامبەر سووتاندنی ئاڵای کوردستان و بارەگای لقی پارتی لە بەغدا

سووتانی ئاڵای کوردستان لەلایەن لایەنگرانی حەشەدی شەعبی لە بەغدا
حەشدی شەعبی بە راگەیێندراوێکی فەرمی ئەو هێرشەی کرایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی و ئاڵای کوردستانی تێدا سووتێنرا، رەتدەکاتەوە، ئەمە بۆچوونی زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقە کە راگەیێندراوی فەرمییان لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.
 
پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە گرووپێک کە خۆیان ناوناوە "رەبعەڵڵا" و خۆیان بە بەشێک لە حەشدی شەعبی دەزانن، هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، دوای ماوەیەک ئاڵای کوردستانیان داگرت و لەگەڵ بارەگاکە سووتاندیان. ئەو گرووپە "ئەحبابوڵڵا"شیان پێدەگوترێت و  پێشتریش هێرشیان کردووەتە سەر چەند بارەگا و کەناڵێکی راگەیاندن و سووتاندوویانن.
 
دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی فەرمی لەبارەی ئەو هێرشە بڵاوکردەوەو رایگەیاند، تووندوتیژی و تێکدان بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوەو هاتووە "لە هەستی عێراقییەکان و خۆشەویستییان و ئەوانە تێدەگەین، کە سوورن لەسەر قوربانیدان و خوێنی رۆڵەکانی حەشدی شەعبی، هەروەک پشتیوانی لە ئازادی رادەبڕین و ناڕەزایی و خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکەین، وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، بەڵام بەکارهێنانی تووندوتیژی و تێکدان بەر هەر شێوەیەک لە شێوەکان رەتدەکەینەوە".
 
دەستەی حەشدی شەعبی داوادەکات شکۆی دەوڵەت و ئاشتی کۆمەڵگەیی بپارێزرێت رێز لە پیاوانی ئاسایش بگرن "لەو دۆخە هەستیارەدا". 
 
هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا، سەرکۆنەی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات و داوا لە حکومەت دەکات رێکاری پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگە بگرێتەبەر. جەختیش دەکاتەوە، "رێگەدان بە گەڕانەوەی دیاردەی تووندوتیژی و سووتاندن ئاماژەیەکی خراپە، کاریگەری دەکاتە سەر ئاشتی کۆمەڵگە و کۆڵەگەکانی پرۆسەی دیموکراسی دەشێوێنێت، کە لەسەر بنەمای ئازادی رادەبڕین و خۆپێشاندانی ئاشتییانە و پاراستنی ماف و ئازدییەکان بونیادنراوە. ئەو رووداوە ئاماژەیەکە بۆ لاوازبوونی رێکارەکانی حکومەت و بێتوانایی دەزگا ئەمنییەکان بۆ رێگریکردن لە سووتان و تێکدان و لێپرسینەوە لەگەڵ بکەرانی".
 
هاوکات هاوپەیمانی نەسر لە عێراق بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەبارەت بە سووتاندنی ئاڵای کوردستان و هێرشکردنە سەر لقی 5ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، رایگەیاند هێرشکردنەسەر بارەگا و سامانی گشتیی و تایبەت لە بەغدا و شارەکانی دیکە رەتدەکەینەوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی هاوپەیمانی نەسر، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "سیاسەتی سووتاندنی ئاڵا و هەر گرژییەک کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی یەکێتی نیشتمانیی رەتدەکەینەوە، بۆیە داوا لە حکومەت دەکەین بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەپاندنی سەروەریی دەوڵەت".
 
هاوپەیمانی نەسر رایگەیاندووە "حەشدی شەعبی و پێشمەرگە شانبەشانی یەکتر و لەگەڵ هێزەکانی دیکەی هێزە چەکدارەکانمان، دژی تیرۆر جەنگان، بۆیە دانایی نییە تۆوی دوژمنایەتی لە نێوانیان بچێندرێ، یان بۆ ئەجێندای سیاسی یان هەڵبژاردن بەکاربهێندرێن".
 
هاوپەیمانی نەسر داوا لە هەموو ئاستە سیاسییەکان دەکات وریابن لە لێدوانی نابەرپرسیارانە و هەر کردەوەیەک پێکەوەژیانی ئاشتییانە و یەکێتی نیشتمانیی بشڵەژێژێنێت، "بەتایبەت لەم رەوشەدا کە وڵات دووچاری ئاستەنگی چارەنووسساز بووەتەوە".
 
خەمیس خەنجەر، کەسایەتیی دیاری سووننەی عێراق و ئەمینداری گشتیی پرۆژەی عەرەبی لە عێراق لە تویتێکدا نووسیویەتی "دەستدرێژیی بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا پەیامێکی خراپە بۆ ناوخۆ و دەرەوە". دەشڵێت "نابێت لەسەر ئەو رێڕەوی پشێوی و وێرانکردنە بەردەوام بین". 
 
لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستانیش دەڵێت "کوردستان کەسوکارمانن و هاوسۆزیی تەواوی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین دژی ئەوانەی یاریی بە ئایندەی عێراق دەکەن".
 
ئەیاد عەللاوی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نیشتمانی، لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی و سووتاندنی ئاڵای کوردستان، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "دەستدرێژیکردنە سەر موڵکی گشتیی و تایبەت خزمەت بە بەرژەوەندیی وڵات ناکات، ئەوە لە حەرامکراوەکانە".
 
عەللاوی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە "وڵات بەرگەی کێشمەکێشی زیاتر ناگرێت".
کاژێر :9:30ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی چوونەسەر بارەگای لقی 5ـی پارتی لە بەغدا و سووتاندیان.
 
رۆژی 14ی ئەم مانگە لەسەر قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی حەشدی شەعبی کە بۆ دەنگی ئەمریکا قسەی کردبوو، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق گرژیی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو. لە رۆژی هەینیشەوە گرووپی رەبعەڵڵا هەڕەشەی سووتانی بارەگاکەی پارتی دەکات.
 
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی دەکرد گوتی، "رێگەنادەین بێڕێزی بە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش بکرێت، لێدوانەکەی هۆشیار زێباری رەتدەیکەنەوە". داواشی لە هۆشیار زێباری کرد، "داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی بکات". 
 
زیاتر بخوێنەوە

16:45

حکومەت: سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکەین

لۆگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و سووتاندنی لقی 5ی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە بەغدا ئیدانە و شەرمەزار دەکات و رایدەگەیێنێت، "هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لەلایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبوولەكانی هەرێمی كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە."
 
دوای سووتاندنی ئاڵای کوردستان و سووتاندنی لقی 5ی پارتی لە بە‌غدا لەلایەن حەشدی شەعبی، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات، رێوشوێنی یاسای لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بگیرێتەبەر و "هێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیێنن تاوەکو ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حیزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا و هەر شارێکی دیکە "لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و لقی 5ی پارتی لە بەغدا
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.
 
هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە. 
 
پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرۆپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و رێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.
 
داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، رێوشوێنی یاسای لەبەربگرێت وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەێنن تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/10/17
 
زیاتر بخوێنەوە

16:07

مەسرور بارزانی: بێڕێزیکردن بە ئاڵای کوردستان لە بەغدا ریسوا و شەرمەزار دەکەم

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆسەر لقی 5ی پارتی لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت "سووتاندن و بێڕێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ریسوا و شەرمەزار دەکەم".
 
ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020 ، لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا. لەسەر ئەم رووداوە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بە تووندی هێرشی ئەمڕۆی تاقمێکی لە یاسادەرچوو بۆ سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان و سووتاندن و بێرێزی کردن بەرامبەر ئاڵای کوردستان لە بەغدا، ڕیسوا و شەرمەزار دەکەم."
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هێرشی حەشدی شەعبی بۆ سەر لقی 5ی پارتی لە بەغدا بە هێرشکێکی ئاشکرا بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە لە عێراق دادەنێت و دەشڵێت "بێرێزی کردن بەرامبەر پیرۆزترین سیمبوولی کوردستان و سووتاندنی و هەڵکوتانە سەر بارەگای حیزبێک، کە زۆرترین قوربانی لە پێناو رووخانی رژێمی دیکتاتۆری لە عێراق و دابینکردنی مافە رەواکانی گەلی کوردستان داوە، هێرشێکی ئاشکرایە بۆ سەر بەهاکانی دیموکراسی و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە عێراقی فیدراڵدا."
 
لەسەر ئەم رووداوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەنجامداوە و دەڵێت "گفتوگۆمان دەربارەی ئەم پەلامارە کرد و داوام لێکرد کە دەزگا پەیوەندیدارەکان، دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و رێوشوێنی یاساییش، بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە بگرنەبەر."
 
بەیانی ئەمڕۆ شەممە 17-10-2020، لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا. ئەگەرچی هیزی ئەمنی لەوێن، بەڵام هیچ رێگرییەک لە خۆپێشاندەران ناکرێت.
زیاتر بخوێنەوە

15:44

لقی بەغدای پارتی: بەرپرسیارێتی یاسایی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنەی خەڵکی کۆکردەوە

ساتی سووتاندنی لقی 5ی پارتی لە بەغدا
لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سەر بارەگاکەیان لەو شارە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "بەرپرسیارێتیی یاسایی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنەی خەڵکی کۆکردەوە".
 
لە راگەیێندراوی لقی 5ی پارتی لە بەغدا ئاماژە بەوەش کراوە، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو "کردەوە ئاژاوەگێڕیانە دەکەین کە هەڕەشە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن".
 
هاوکات داوا لە حکومەتی عێراق دەکات لێکۆڵینەوەی ورد بکات و رێکاری یاسایی تووند دژی بکەرانی ئەو هێرشە بگرێتەبەر.
 
دەقی راگەیێندراوەکەی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا 
 
دوای ئه‌وه‌ی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا له‌ رێگه‌ی راگه‌یاندنه‌كان و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ده‌ستكرا به‌ هه‌ڕه‌شه‌كردن، كاژێر 10:00ی به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 17ی تشرینی یه‌كه‌می 2020، گرووپێكی ده‌ره‌وه‌ی یاسا هێرشیانكرده‌ سه‌ر باره‌گای لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان و سووتاندیان كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكی زۆری ماددی لێكه‌وته‌وه‌و سه‌رجه‌م كه‌لوپه‌له‌كانی له‌ناوچوون. 
 
ئێمه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌م كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕییه‌ سه‌ركۆنه‌ و ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تیی و ئاسایش و سه‌قامگیری به‌غدای پایته‌ختی خۆشه‌ویست ده‌كات، داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی ورد و رێوشوێنی یاسایی له‌ دژی ئه‌م گرووپه‌ بگرێته‌به‌ر كه‌ هۆكاری ته‌شه‌نه‌كردنی ترس و دڵه‌ڕاوكێ بوون بۆ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌. 
 
گومان له‌وه‌دانییه‌، ئه‌م كرده‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕییانه‌ هیچ كات كێشه‌كان و ناكۆكییه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو زۆر ئاڵۆزتری ده‌كات و ده‌رفه‌ت به‌ گرووپه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌دات به‌ویستی خۆیان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كان بكه‌ن و ئاسایش و سه‌قامگیری وڵات بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌. 
 
له‌ كاتێكدا حیزبه‌كه‌مان داوا له‌سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌كات په‌له‌ بكه‌ن له‌ چاره‌سه‌ركردنی ناكۆكییه‌كانیان له‌ رێگه‌ی دیالۆگ و دیپلۆماسییه‌ت به‌شێوه‌ی شارستانییه‌وه‌، داوا له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان ده‌كه‌ین ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ده‌وڵه‌تی دامه‌زراوه‌یی و ده‌سه‌ڵاتی یاسا هه‌یه‌، به‌ڕووی هه‌ر لایه‌نێكدا بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ هه‌وڵی له‌باربردنی ئاسایش و سه‌قامگیری و به‌ئامانجكردنی یه‌كێتیی و ته‌بایی نێوان پێكهاته‌كانی گه‌لی عێراق ده‌كات. جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه‌، سوتاندنی ئاڵای كوردستان و بێڕێزیكردن به‌ سیمبۆلی گه‌لێك كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ خه‌بات بۆ ئازادی و دیموكراسییه‌تی عێراق ده‌كات، كارێكی دوور له‌ ره‌وشته‌. چونكه‌ ئاڵا ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ پێشكه‌وتن و شارستانییه‌ت و مه‌ده‌نییه‌ت. 
 
له‌ كۆتاییدا به‌رپرسیارێتیی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نه‌ی خه‌ڵكی كۆكرده‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه‌ ناشارستانییه‌ و داوا له‌ حكومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین رێوشوێنی یاسایی توند له‌ دژی ئه‌م جۆره‌ ره‌فتاره‌ نابه‌رپرسانه‌ بگرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی ئاسایش و به‌رگرتن له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌یانه‌وێت یاری به‌چاره‌نووسی وڵات بكه‌ن بۆ بێ به‌هاكردنی ئاسایش و یاسا و ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت. 
 
لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان 
شه‌ممه‌ 17/10/2020 
 
زیاتر بخوێنەوە

15:36

سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان: پاراستنی رۆژنامەنووسە کوردەکان لە عێراق لەئەستۆی حکومەتە

 
لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی رفاندنی پەیامنێر و کامێرامانی رووداو لە بەغدا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەتووندی ئیدانەی رفاندنی هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو و خەتاب عەجمی، کامێرامانی رووداو دەکەن.
 
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پاراستنی رۆژنامەنووسە کوردەکان لە عێراق دەخاتە ئەستۆی حکومەتە هەر لەبارەی هێرشکردنە سەر تیمی رۆژنامەوانیی رووداو دەڵێت، ئەو کارانە جگە لە پێشێلکردنی یاسای رۆژنامەوانی عێراقی و یاسای رۆژنامەوانی هەرێمی کوردستان، خزمەت بە پێکەوەژیان و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئازادیی رادەربڕین لە عێراق ناکات.
 

دەقی راگەیێندراوەکە

 

زیاتر بخوێنەوە

15:23

ڤیان سەبری: هێرشی سەر لقی 5 نیگەرانییە لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال

 ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
 
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیێنێت، نیگەرانی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر شنگال و ئەو مەترسییەی لەسەر حەشدی شەعبی هەیە لەگەڵ ئەو ئەقڵیەتە شۆڤێنیەی هەیە، هۆکاری پشت هێرشەکەی سەر بارەگای لقی پارتییە لە بەغدا و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە پەردەپۆشی شکستەکانیان بکەن.
 
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی مەبەست و ئامانجی پشت سووتاندنی بارەگای لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی رایگەیاند "دیارە ئامانجیان چییە، ئەوان زۆر نیگەرانن لەو رێککەوتنەی دوایی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر قەزای شنگال کرا. لەلایەکی دیکەوە ماوەیەکە مەترسییەکی زۆر لەسەر حەشدی شەعبی هەیە، کە گەلێک میلیشیای ناڕێکخراو لەخۆدەگرێت، مستەفا کازمی لە کارنامەی حکومەتەکەی ئاماژەی بۆ گەڕانەوەی شکۆ بۆ دەوڵەت کردووە، بۆئەوەی ئەو میلیشیایانە رێکبخاتەوە، بەڵام ئەو توانایەی نەبووە".
 
ڤیان سەبری، دەڵێت "رۆژی 14ی مانگ دانیشتنێکی پەرلەمان هەبوو، لە دانیشتنەکەدا گرژی دروستبوو لەسەر لێدوانێکی بەڕێز هۆشیار زێباری، بەڵام بەڕێز هۆشیار زێباری شرۆڤەیەکی مەنتقی کردبوو بۆ رووداوێکی دیاریکراو لەسەر بابەتی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر. ئەو قسەیەی بەڕێز هۆشیار زێباری کردوویەتی گەلێک کەسی دیکە هەمان قسەیان کردووە، حیزبەکانی دیکەش ئەم قسەیەیان کردووە، هەموو گەلی عێراقیش ئەوە دەزانێت، گەلێک رێبەر و سەرکردەی حیزبە سیاسییەکان گوتوویانە کە ملیشیای ناڕێکخراو هەن، تەنانەت بەڕێز مستەفا کازمی چەندینجار ئەمەی گوتووە کە قبووڵ ناکات هیچ لایەنێکی چەکدار لە دەرەوەی دەوڵەت هەبێت. ئەمەش واتای دانپێدانان دێت بەوەی کە لایەنی چەکدار هەن لە دەرەوەی دەوڵەت".
 
بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق "بەم کارانەیان ئەو لایەنانە دەیانەوێت شکستەکانی خۆیان لە خزمەتکردنی ناوچەکان و پارێزگاکانیان لە باشوور پەردەپۆش بکەن، بەتایبەت کە ئێستا باسی هەڵبژاردنەکان لەگۆڕێیە، تاوەکو ئێستاش ئەقڵەیەتی شۆڤێنی و تووندڕەوی لەنێو ئەقڵەیەتی ئەواندا هەیە، ئەمەش یەکێکە لە لێکەوتەکان و رەنگە دەستی دەرەکیشی تێدابێت".
 
ڤیان سەبری، پێیوایە ئەو کارانەی ئەو گرووپانە لە عێراق ئەنجامیدەدەن "زۆر مەترسیدارە لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پرۆسەی سیاسیی عێراق، هەبوونی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی وەکو ربعوڵڵا، ئەنسارولحەشد و ئەحبابوڵڵا و زۆر ناوی دیکە مەترسیدارن".
 
زیاتر بخوێنەوە

15:08

پەرلەمانی کوردستان: هێزێکی لە یاسا یاخی ئاڵای پیرۆزی کوردستانیان سووتاند

دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان
 
پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، "هێزێکی لە یاسا یاخی" لە بەغدا پەلاماری بارەگای لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستانیان داوە، لەکاتی ئەو پەلامارەشدا "ئاڵای پیرۆزی کوردستان سووتێندرا"، جگە لە ئیدانەکردنی ئەو کارەش داوای لە حکومەتی عێراق کردووە بەدواداچوون بۆ ئەو کارە بکرێت.
 
پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، بیانووی پەلاماردان هەرچییەک بووبێت، رێگای دیکە هەبوو بۆ وەڵامدانەوە.
 
دەقی راگەیێندراوی پەرلەمانی کوردستان:
 
ئەمرۆ ١٧ ی ١٠ ی ٢٠٢٠، ھێزێکی لە یاسا یاخی پەلاماری بارەگای لقی ٥ ی پ.د. ک یان دا کە خاوەنی گەورەترین فراکسێۆنی پەرلەمانیە لە پەرلەمانی کوردستان و لە کاتی ئەو پەلامارەشدا، ئاڵای پیرۆزی کوردستان سوتێنرا. وێڕای بە توندی شەرمەزار کردنی ئەو پەلامارە وسوتاندنی ئاڵای کوردستان کە سومبولی گەلی کوردستانەو لە سایەیدا رۆلەکانی گەلەکەمان خوێنی خۆیان کردە قوربانی بۆ ئازادی و دیموکراسی و سەرفرازی، داوا لە حکومەت و پەرلەمانی فیدرالی دەکەین بە دواداچوون بۆ ئەم کارە نایاساییە دوور لە ھەموو عورفێکی سیاسی و گیانی پێکەوە ژیانە بکەن و ئەنجامدەرانی بە سزای یاسایی خۆیان بگەیەنن.
 
بیانوی پەلاماردەران ھەرچیەک بووبێت، رێگای دیکەی مەدەنی و میدیایی و سیاسی و پەرلەمانی ھەبوو بۆ وەلامدانەوە. 
 پەرلەمانی کوردستان وەکو نوێنەرایەتی شەرعی تەواوی خەلکی کوردستان وێڕای دووبارە دەربرینی نیگەرانی زۆری خۆی لە ئاست ئەم رووداوە نەخوازراوە، داواکارە حکومەتی فیدرالی رێگا نەدات ھێزێكی  یاخی و لە یاسا دەرچوو ، زیان بە پێکەوە ژیان و بنەماکانی دەستورو رەنگاڵەیی و فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی عێراق بگەیەنێت. 
 
بەرزو شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان 
 
پەرلەمانی کوردستان 
١٧ ی ١٠ ی ٢٠٢٠
 
زیاتر بخوێنەوە

15:02

قوباد تاڵەبانی: سووتاندنی ئاڵای کوردستان هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزییەکانمان

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشکردنە سەر بارەگای پارتی لە بەغدا و سووتاندنی ئاڵای کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەکان لە پایتەختی فیدراڵیی عێراق".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە "سووتاندنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان كە سیبمولی باڵای گەلەكەمانە و هەروەها هەڵكوتانە سەر بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا بە شێوازێكی نایاسایی و ناشارستانی، جێگای قبووڵکردن نییە و هێرشە بۆسەر هەموو پیرۆزی و بارەگا کوردستانییەكان لە پایتەختی فیدراڵی عێراق".
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تووندی ئیدانەی ئەو کردەوانە دەکات و داواش لە هێزە عێراقییە هاوپەیمان و دۆستەکانیان دەكەن "لە بەغدا لەسەر ئەم بێڕێزیکردنە بێنە دەنگ كە پێشێلکردنێکی گەورەی یاسا و دەستوور و سیمای فرەجۆریی عێراقە و زاڵكردنی هێزی چەكە بەسەر مەنتیقی عەقڵ و دیالۆگدا . ئەمەش دەمانخاتە بەردەم بەرپرسیارێتیی گەورەی یەكڕیزی و یەك هەڵوێستیی كورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی سەرمان کە ئەمڕۆ گەلەکەمان لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە یەکڕیزی و تەباییە".
 
زیاتر بخوێنەوە

14:15

راگەیێندراوی حەشدی شەعبی لەبارەی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا

 
دەستەی حەشدی شەعبی راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، تووندوتیژی و تێکدان بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، دەستەی حەشدی شەعبی ئاماژەی بەوە کردووە "لە هەستی عێراقییەکان و خۆشەویستان تێدەگەین، کە سوورن لەسەر قوربانیدان و خوێنی رۆڵەکانی حەشدی شەعبی، هەروەک پشتیوانی لە ئازادی رادەبڕین و ناڕەزایی و خۆپێشاندانی ئاشتییانە دەکەین، وەکو ئەوەی لە دەستووردا هاتووە، بەڵام بەکارهێنانی تووندوتیژی و تێکدان بە هەر شێوەیەک لە شێوەکان رەتدەکەینەوە".
 
دەستەی حەشدی شەعبی دەشڵێت، داوا لە هەمووان دەکەین "شکۆی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵگا بپارێزن و رێز لە پیاوانی ئاسایش بگرن لەو دۆخە هەستیارەدا".
 
زیاتر بخوێنەوە

13:38

سەنتەری میترۆ: رفاندنی تیمی رۆژنامەنووسیی رووداو بە تووندی ئیدانە دەكەین

لۆگۆی سەنتەری میترۆ
 
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان لەبارەی رفاندنی پەیامنێر و کامێرامانی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا رایگەیاند، بە تووندی ئیدانەی دەکەن و داواش لە سەرۆكی حكومەتی عێراق دەكات، "دەستبەجێ لێكۆڵینەوە لە رووداوی رفاندنی تیمی رۆژنامەنووسیی رووداو بكات، چارەنووسیان دیاریبكات و  ئەنجامدەرانی بداتە دادگا".
 
سەنتەری میترۆ ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ هاوبەشەكانی لە رێكخراوە جیهانی و ناخۆییەکانی عێراق لە پەیوەندیدایە "بەئامانجی ریسواكردنی هەموو رواڵەتەكانی تووندوتیژی كە میلیشای چەكدار بەناوی چالاكی مەدەنی ئەنجامی دەدەن".
 
ئەمڕۆ شەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2020 لەكاتی رووماڵكردنی سووتاندنی بارەگای پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری بەغدا، هێزێكی چەكدار كە خۆیان بە (قوات حفظ النظام) ناساندووە، هەڵكەوت عەزیز، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو و خەتاب عەجمی، كامێرامانی رووداویان رفاند.
 
زیاتر بخوێنەوە

13:04

د. بەشیر حەداد سەرکۆنەی سووتاندنی لقی پارتی لە بەغدا دەکات

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
 
د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەرکۆنەی سووتاندنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەکات کە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە 17ی تشرینی یەکەمی 2020 وەکو خۆی دەڵێت "لەلایەن ژمارەیەک خۆپێشاندەرى گێرەشێوێنەوە" سوتێندرا.
 
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات "ئەو دۆخە ھەستیارەی ئێستا وڵاتی پێدا تێپەڕدەبێت لەسەر ھەموو لایەک پێویست دەکات کە بارودۆخەکە بە ئاراستەی ھێورکردنەوە ببرێت، نەک ئەوەی ھێرش بکرێتە سەر بارەگای پارت و لایەنە سیاسییەکان و ئاگری تێبەربدرێت و سووکایەتی به ئاڵای ھەرێمێکی فیدراڵیی دەستووری بکرێت، كه سیمبولی پیرۆزیی میللەتێکە نەک تەنیا حیزبێک".
 
د. بەشیر حەداد داوا لە حکومەتی عێراق و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی فیدراڵی دەکات، لێکۆڵینەوە له رووداوەکە و ھاندەرانی و بێدەنگیی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بکەن، و ئەو کەسانەش کە ئەو کارەیان ئەنجامداوە دەستگیربکرێن و بدرێنە دادگا. دەشڵێت "پێویستە ھەموو فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی عێراق ھەڵوێست دەربڕن لە رووداوەکە".
 
زیاتر بخوێنەوە

11:55

لاهوور تاڵەبانی: ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە

لاهوور تاڵەبانی: ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لە سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە لقی 5ـی پارتی لە بەغدا و دەڵێت، ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە.
 
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغدا هەڵیانکوتایە سەر بارەگای لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ئاڵای کوردستان و پارتییان لەسەر لق داگرت و دواتر لەگەڵ بارەگاکە سووتاندیان و ژێرپێیان خست.
 
سەبارەت بەو رووداوە و سووتاندنی ئاڵای کوردستان لە بەغدا، لاهوور تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تویتێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی لە دەستبردن بۆ ئاڵای کوردستان دەربڕی و دەڵێت، ئەو ئاڵایە "بەخوێنی هەزاران رۆڵەی قارەمان پارێزراوە، ئەم ئاڵایە سیمبۆلی پێکەوە ژیان و ئاشتی و ئاوەدانییە".
 
لاهوور تاڵەبانی هەروەها نووسیویەتی، "هەر گرووپ و تاقمێک ئەگەر نیگەرانن لە کەسێک یان پارتێک، رێگەپێدراو نین دەست بۆ پیرۆزییەکانی نەتەوەکەمان بەرن. ئاڵای کوردستان هێڵی سوورە".
 
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، پێش دوو رۆژ پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە، لە دوێنێوەش هێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی هێزێکی زۆریان هێنابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو، دەرگایان بۆ کردنەوە بە شێوەیەکی زۆر سووک و سانایی بەلێشاو رژانە سەر بارەگای لقمان و ئیتر بارەگای لق سووتا، بەڵام ئێمە پێشتر ئامادەکاری خۆمان کردبوو لە هەڕەشەکە ئاگاداربووین دەمانزانی نیازیان چییە و بە چ مەستێکیش هاتوون.
 
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش دەڵێت "باره‌گا سووتاندن رێگه‌ی شارستانی نییه‌ بۆ ده‌ربڕینی ناكۆكی له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س و پارتێكدا".
زیاتر بخوێنەوە

11:08

بەرپرسی لقی 5ـی پارتی: سکاڵا لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار دەکەین

ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر لقی پارتی
ئاڵای حەشدی شەعبی لەسەر لقی پارتی
شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە رووداوی راگەیاند، پێش دوو رۆژ پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا کراوە، لە دوێنێوەش هێزێکیان ناردبوو کە پێیان دەگوترێت بەرەنگاربوونەوەی ئاژاوەگێڕی هێزێکی زۆریان هێنابوو، بەڵام ئەمڕۆ بەیانی هیچ بەرپەرچدانەوەیەکیان بەرامبەر هێرشبەران و گێرەشێوێنان نەبوو، دەرگایان بۆ کردنەوە بە شێوەیەکی زۆر سووک سانایی بە لێشاو رژانە سەر بارەگای لقمان و ئیتر بارەگای لق سووتا، بەڵام ئێمە پێشتر ئامادەکاری خۆمان کردبوو لە هەڕەشەکە ئاگاداربووین دەمانزانی نیازیان چییە و بە چ مەستێکیش هاتوون.
 
بەرپرسی لقی 5ی پارتی لەبارەی ئەوانەی ئەو کارەیان کردووە دەڵێت، ئەوانەی هاتوون روونە کێن، ئەو ملیشیا سەرەڕۆیانەن کە پابەندی هیچ یاسا و عورفێکی دەوڵەت نابن و گوێڕایەڵی حکومەت نین، رۆژانە ماڵی خەڵک و بارەگای خەڵک دەسووتێنن.
 
شوان محەممەد تەها گوتی، ئێمە داوای فەرمی لەسەر حکومەتی عێراق تۆمار دەکەین، دەبێت پاراستنی بارەگای هەر حیزبێک و کونسوڵخانە و باڵیۆزخانەکان لە ئەستۆی حکومەتی عێراقدایە، ئەو بابەتە هەروا بەشێوەیەکی سووک و سانایی تێپەڕ نابێت، پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو حیزبە نییە هەروا بە سووک و سانایی بارەگای بسووتێندرێت، ئەویش لەسەر لێدوانێک کە رەنگە چەندین خەڵکی دیکە لێدوانی لەم شێوەیان دابێت. بەڵام دیارە ئەو بابەتە قوڵایی و رەهەندێکی دیکەی هەیە بۆیە دۆخەکەیان بەو ئاقارەدا برد کە ئەوان دەیانویست.
 
بەرپرسی لقی پارتی باسی ئەو هێزەی کرد کە هێنرابوونە بەردەم لق و گوتی، لەبەردەم بارەگای لقی پارتی هێزێکی لێیە، ئەو هێزە دەستەوەستان راوەستاوە سەیریان دەکات کە چۆن بارەگاکە دەسووتێنن، لە راستیدا ئەوە جێگەی نیگەرانییە.
 
بەگوتەی شوان محەممەد تەها شەوی رابردوو، لایەنگرانیی حەشدی شەعبی ئەوان نەک هەر هەڕەشەیان لە ئەوان کردووە، بەڵکو هەڕەشەیان لە دەزگا ئەمنییەکانیش کردووە، ئەگەر بێت و رێگریان لێبکەن لە سووتاندنی بارەگاکە.
 
بەرپرسی لقی 5ـی پارتی داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات ئەوانەی لە پشت هێرشەکەن دەستنیشانبکرێن و دەڵێت، ئەوەش روونە کە کێن ئەوانەی لە پشتی ئەو خەڵکانەن کە هێرشیان کردووە، درووشمەکانی کە بەرزیان کردووەتەوە ئاڵای حەشدی شەعبی ربعوڵڵا و چەندین ناوی دیکەی نەخوازراو بەکاردێت، بەڵام دواجار دەستنیشانکردنی ئەمانە بۆ دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکانی عێراق جێدەهێڵین، ئەرکی ئەوانە بزانن کێن ئەوانەی بە هەزارانیان هێرش دەکەنە سەر بارەگای پارتە سیاسییە مۆڵەتپێدراوەکان و ئاگریان تێبەردەدەن.

 

زیاتر بخوێنەوە

10:07

لقی پارتی لە بەغدا سووتێندرا

سووتاندنی لقی پارتی
 
پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند: بارەگای پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا.
 
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، ئەگەرچی هیزی ئەمنی لەوێن بەڵام هیچ رێگرییەک لە خۆپیشاندەران ناکرێت.
 
زیاتر بخوێنەوە

10:08

لقی پارتی لە بەغدا لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی سووتێندرا

سووتاندنی لقی پارتی
رووداو دیجیتاڵ

شوان محەممەد تەها بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، خۆپێشاندانی ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەردەم لقی پارتی لە بەغدا دەستیپێکرد و خۆپێشاندەران هاتوونەتە ناو بارەگاکە. 
 
رۆژی هەینی 16-10-2020 ، شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، چەند رۆژێکە حەشدی شەعبی لەرێگەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشەی ئەوەدەکەن کە رۆژی شەممە بێنە بەردەم بارەگای لقی پارتی لەبەغدا، ئێمەش لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە حکومەتی عێراقی ئاگادارکردوونەتەوە.
 

 

بەرپرسی لقی 5ی پارتی گوتیشی: "ئەوان لێدوانێکی کاک هۆشیار زێبارییان کردووەتە بیانوو، کە خەڵکی دیکە هەبووە لێدوانی زۆر تووندتری داوەو کەسیش کاردانەوەی نەبووە، بەڵام ئەوان رقێکی زۆریان بەرامبەر بە ئێمە هەیە، ئەم کولتوورەش لەبەرژەوەندی عێراق نییە و کارێکی خراپە، چونکە ئەو گرووپانە دەیانەوێت وای نیشانبدەن کە لەبەغدا ناسەقامگیری ئەمنی هەیە".

 
ئەو گرووپەی ‌‌هەڕەشەی سووتاندنی بارەگاکەی پارتی دەکات چەند ناوێکیان هەیە لەوانەش رەبعەڵڵا و  ئەحبابوڵڵا، کە پێشتریش هێرشیان کردووەتەسەر چەند بارەگا و کەناڵێکی راگەیاندن و سووتاندوویانن.
 
رۆژی 14ی ئەم مانگە لەسەر قسەکانی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی حەشدی شەعبیەوە، لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقدا گرژیی لەنێوان بەشێک لە پەرلەمانتارانی شیعە و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبوو.
 
حەسەن کەعبی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی دەکرد گوتی، رێگەنادەین بێڕێزی بە هیچ دامەزراوەیەکی فەرمی دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمیش بکرێت، لێدوانەکەی هۆشیار زێباری رەتدەکەنەوە. داواشی لە هۆشیار زێباری کرد کە داوای لێبووردن لە حەشدی شەعبی بکات. 
 
ناسر هەرکی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، یوسف کیلابی کە یەکێکە لە پەرلەمانتاری شیعە و حەشدی شەعبی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا باسی ئەوەی کرد، کە هۆشیار زێباری بێڕێزی بە حەشدی شەعبی کردووە، بۆیە لەسەر رۆشنایی ئەو قسانە حەسەن کەعبی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان داوایکرد، زێباری داوای لێبووردن بکات.
 

 

زیاتر بخوێنەوە