حکومەت: سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی لە بەغدا شەرمەزار دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و سووتاندنی لقی 5ی پارتیی دیموکراتیی کوردستان لە بەغدا ئیدانە و شەرمەزار دەکات و رایدەگەیێنێت، "هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لەلایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبوولەكانی هەرێمی كوردستان و حیزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە."
 
دوای سووتاندنی ئاڵای کوردستان و سووتاندنی لقی 5ی پارتی لە بە‌غدا لەلایەن حەشدی شەعبی، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات، رێوشوێنی یاسای لەبەرامبەر ئەو هێرشانە بگیرێتەبەر و "هێرشکاران بە سزای خۆیان بگەیێنن تاوەکو ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حیزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا و هەر شارێکی دیکە "لە هێرشی هەر گرووپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر."
 
دەقی راگەیێندراوەکەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سووتاندنی ئاڵای کوردستان و لقی 5ی پارتی لە بەغدا
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە توندی سووتاندنی ئاڵای كوردستان و هێرشی سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا شەرمەزار دەكات.
 
هەر جۆرە هێرش و دەستدرێژییەك لە لایەن هەر كەس و گرووپێكەوە بۆ سەر سیمبۆلەكانی هەرێمی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی جێگەی قبووڵكردن نییە. 
 
پێویستە حكومەتی فیدراڵ رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی بارەگای حزبەكان و نوێنەرایەتیی وڵاتانی بیانی لە بەغدا وهەر شارێکی دیکە لە هێرشی هەر گرۆپێکی لە یاسا دەرچوو بگرێتەبەر.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە مافی خۆی دەزانێت هەموو رێوشوێنێكی یاسایی و رێگەپێدراو بۆ پاراستنی هاووڵاتییان و دەستكەوتەكانی و رێزگرتن لە ئاڵای كوردستان بگرێتەبەر.
 
داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكەین، رێوشوێنی یاسای لەبەربگرێت وهێرشکاران بە سزای خۆیان بگەێنن تا ئەم جۆرە کردەوە دزێوانە دووبارە نەبنەوە.
 
حكومەتی هەرێمی كوردستان
2020/10/17