عارف قوربانی: هەفتەی داهاتوو عەرەب و تورکمان و کورد کۆدەبنەوە

17-10-2018 3 کۆمێنتەکان
گۆڤەند مستەفا
نیشانەکردن عارف قوربانی کەرکووک
A+ A-

رووداو  هەولێر

عارف قوربانی، رۆژنامەڤان و شرۆڤەکاری سیاسیی رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو عەرەب و تورکمان و کورد کۆدەبنەوە و پێویستیشە کورد لەگەڵ تورکمان و عەرەب رێکبکەوێت نەک یەکێتی بە تەنها، چونکە ناکرێت گۆڕەپانەکە بۆ عەرەبێکی شۆڤێنی چۆڵبکەین و درێژە بە سیاسەتی تەعریب بدات.


عارف قوربانی، شرۆڤەکاری سیاسی، لە میانی بەشداریکردنی لە بوڵتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی هەوڵەکانی یەکێتی لە بەغدا لەسەر پۆستەکانی کەرکووک رایگەیاند: "پرسی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و دیاریکردنی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، ئێستا بە گەرمی لەلایەن یەکێتییەوە کاری بۆ دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە هەفتەیەکە شاندێکی یەکێتی لە بەغدان، بە تایبەتی لە دوای دانانی سەرۆککۆمار".

شرۆڤەکارێکی سیاسی مەترسی ئەوە ناشارێتەوە، کە کەرکووک ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ناوماڵی کوردی پەرتەوازەتربێت و دەڵێت: "گرنگە پارێزگارێکی کورد دابنرێت، ئەگەر پارتی چەند هەنگاوێک بێتە پێشەوە بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا کارا بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە یەکێتی ئامادەیە رەچاوی ئەوە بکات کە کەسێک بەربژێر بکات، کە هەموو لایەنەکان رەزامدنیان لەسەری هەبێت". 

عارف قوربانی دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانی من تاوەکو ئێستا لەسەر هەندێک پرەنسیپ رێککەوتوون، بەڵام نەگەیشتووەتە رێککەوتنی کۆتایی، بەرەی تورکمانی داوای پۆستی پارێزگار دەکات، لایەنی عەرەبیش بۆچوونیان وایە ئەو پارێزگارە عەرەبەی دانراوە تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە، یەکێتیش سوورە لەسەر ئەوەی پارێزگار بدرێتەوە بە کورد و لەنێو کوردیشدا بدرێتەوە بە یەکێتی".

ئەو شرۆڤەکارە دەشڵێت: "بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی لە نێوان تورکمان، عەرەب و کورد بکرێت، پارتی و یەکێتی وەکو لایەنی کوردی بۆ ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشت دەکرێن، بەڵام دیارنییە پارتی بەشداردەبێت یان نا، ئەگەر پارتی نەچێت یەکێتی دەیەوێت ئەو رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، کار بۆ چالاککردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا بکرێت و لەسەر بنەمای رێککەوتنی 2007 پۆستەکان دابەشدەکرێتەوە".

بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، کورد ئێستا بەپلەی یەکەم پێویستی بەوەیە زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی "سەقامگیری کەرکووک بە بەشداری پێشمەرگە بپارێزرێت، کار بۆ ئەوە بکەن پێشمەرگە بچێتەوە بۆ کەرکووک، بەلایەنی کەمەوە هێزی هاوبەش پێکبهێندرێت، کورد هەوڵی ئەوە بدات ئاسایشی بگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، زەمینە بۆ هەموو لایەنەکان خۆشبکرێت بگەڕێنەوە کەرکووک".

بە گوتەی عارف قوربانی ئەو کەسەی تاوەکو ئێستا بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەربژێرە، "بەڕێز خالید شوانی، پێشنیازکراوە بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، هیوا خوازە بەرلەوەی یەکێتی ناچاربێت و بچێت لەگەڵ بەغدا رێکبکەوێت، یان مەرج و خواستەکانی عەرەب و تورکمان قبوڵ بکات بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار وەبگرێتەوە دەڵێت: "هیوادارم لەنێو ماڵی کوردی خۆمان ئەمە بکەین، رێککەوتنێکی سیاسی ئیجماعی کوردی لەگەڵ تورکمان و عەرەب بکەین نەک یەکێتی بە تەنها بچێت رێککەوێت".

لە ئەگەری یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەلایەن یەکێتی بەبێ رەزامەندی پارتی و کاریگەریی ئەمە لەسەر پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان، عارف قوربانی پێیوایە: "کەرکووک پێویستی بەوەیە پارێزگارێکی کوردی بۆ دابنرێت، ناکرێت گۆڕەپانەکە بۆ عەرەبێکی شۆڤێنی چۆڵبکەین کە بە ئەقڵیەتی شۆڤێنیانەی سەردەمی بەعس جارێکی دیکە درێژە بە سیاسەتی تەعریب بدات، بۆیە ئەگەر پارتی یان لایەنەکانی دیکە نەچنە پێشەوە، دڵنیام یەکێتی ناچاردەبێت لەگەڵ عەرەب و تورکمان رێکبکەوێت و پارێزگار دابنێت".

عارف قوربانی پێشیوایە، ئەم کارە لێکەوتەی لەسەر کوردستان دەبێت، "چونکە ئەوکاتە رەنگە پارتیش لە پێکهێنانی حکومەت بە جۆرێک لە جۆرەکان زیاتر بیر لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن بکاتەوە، لەبری تەوافوقی سیاسی یان لەبەرچاوگرتنی واقیعی کوردستان، چونکە ئەوکاتە دەڵێت یەکێتی ئێوە بۆ لە بەغدا باوەڕتان بە زۆرینە و کەمینە هەیە؟ بۆ باوەڕتان بەوەیە لە کەرکووک لەبەر ئەوەی یەکێتی زۆرینەی دەنگی لەگەڵە پارێزگار بۆ ئەو بێت؟ ئەوکات دەبێت قبووڵی ئەوەش بکەن لەکوردستان زۆرترین پۆستەکان لای خۆی بێت، بۆیە هیوادارم هەم یەکێتی ئەمە لەبەرچاو بگرێت، هەم پارتیش جۆرێک لە نەرمی بنوێنێت و ئەو بایکۆتە لەبەرامبەر کەرکووک بشکێنێت".

ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لەبارەی 16ـی ئۆکتۆبەر و رووداوەکانی دواتر کە هەرێمی کوردستانی گرتەوە دەڵێت: "ناکرێت لەبەر ئەوەی 16ـی ئۆکتۆبەر روویدا، پشت بکەینە مەسەلەی کەرکووک، ئەگەر ئەمە بکەینە بنەمای هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سیاسی کوردستان لە رابردووەوە بۆ ئێستا، ئەی کەواتە بۆ لە رابردوو چەندینجار شکستیشمان خواردووە و دەستمان بە خەبات کردووەتەوە، سەرکەوتووش نەبووینە، بەڵام کۆڵمان نەداوە، ئێستا رووداوەکانی کەرکووک هەرناوێکی لێدەنرێت، من گرفتم لەسەر ئەوە نییە 16 ئۆکتۆبەر چ ناوێکی لێدەنرێت، بەڵام لە واقیعدا  16 ئۆکتۆبەر رادەستکردنەوەی کەرکووکە بە بەغدا، ئێستا بەغدا حوکمی کەرکووک دەکات، ناکرێت کورد هەروا دابنیشێت و لۆمەی یەکدی بکات، ئایا ئەمە خیانەت بوو یان خیانەت نەبوو، ئایا باشمانکرد شەڕمان نەهێنایە کەرکووک و یان خراپمان کرد جێمانهێشت، ئەم گفتوگۆیانە چارەسەری کێشەی ئێمە لە کەرکووک ناکات، چارەسەر ئەوەیە هەموو هێزە سیاسییەکان بە قورسایی خۆیانەوە جارێکی دیکە سەرنج بخەنەوە سەر کەرکووک و دەست بکەینەوە بە خەبات".

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 
  • 19-10-2018
    کامەران
    ئەی هاوار لەکوێ، لە چ فەرهەنگێک یان مێژوویەک یان ووڵاتێک بیستووتانە کە لە خائینان خۆش بن.
  • 17-10-2018
    Sar sipi
    کاک عارف تەنها خەمی ئەوەيە کە پارتی بەشداری پرۆسەی سياسی کەرکوک بکات بۆ ئەوەی ئەگەر شتێکی خراپتر رووبدات ئەو کاتە ێکێتی دەڵێت ئەم کارە بە هەماهەنگی و رەزامەندی وهاوکاری پارتی کراوە، بەداخەوە ێکێتی لە حزبێکەوە بۆتە کۆمپانياێکی بنەماڵەيی و خاوەنی ئەم کۆمپانيەش تەنها خەميان پارەو پۆستە. من دەڵێم ئەگەر کاک عارف قوربانی تەنها يەک ميلەتی سەر جيهانم بۆ نموونە بێنێتەوە کە لە خاک فرۆشان خۆش بووبێت من شەو ورۆژ دوعای خێری بۆ دەکەم. کاک عارف، ميلەتانی جيهان لەبەر دوکومێنتێک کە ئەدرێت بە دوژمن سزای هەتاهەتای يان لە سێدارەدان ئەچەسپێنن بەسەر خاينان، جەنابيتيش ئەتەوێت خۆش بێت لە کەرکوک فرۆشانو فرۆشانی نيوەی خاکی کوردستان.
  • 17-10-2018
    Azad Azad
    ته‌عریب و كوشتن و تۆقاندن دژی خه‌ڵكی كه‌ركوك به‌ پۆستی سه‌ره‌ۆك كۆمار و پارێزگای كه‌ركوك راناكیرێت، ئێمه‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك داوامان ئه‌وه‌یه‌ پێش هه‌موشتێك نیزامی عورفی عه‌سكه‌ری و میلیشیای هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ دوو شه‌ریكه‌ نه‌وتی ملیشیاكان كه‌كوردن محاسه‌به‌ بكرێن سێ پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بگه‌رێته‌وه‌ بۆ ده‌وروبه‌ری كه‌ركوك هه‌تا ئاسایشی خه‌ڵكی كه‌ركوك دابین كه‌ن. پاش ئه‌مانه‌ سه‌ر به‌رزیه‌ بۆ كورد محافزێكی كورد دانڕێت به‌شه‌رتێك له‌ خیانه‌تی ١٦ ئۆكتۆبه‌ر بێوه‌ نه‌گلابێت.