لە 5 مانگدا 18 کرێکار لە کرماشان لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەپێی ئامارێکی دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان، لە 5 مانگی رابردوودا 18 کرێکار لە شوێنی کارکردنیاندا لەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 17ی ئەیلوولی 2023، بێهتاش خانی ئاباد لە دادپزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە 5 مانگی رابردوودا 18 کەس لەو پارێزگایە لە کاتی کارکردندا گیانیان لەدەستداوە، کە 17یان پیاو و یەکێکیان ژن بووە؛ 315 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە 301یان پیاو و 14یان ژن بوون.
 
بێهتاش خانی ئاباد گوتی، بەراورد بە هەمان ماوەی پار، گیانلەدەستدان و برینداربوون لە شوێنی کار لە کرماشان زیاتر بووە، چونکە لە مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەممووز و ئابی ساڵی 2023دا لە سنووری ئەو پارێزگایە 16 کرێکار گیانیان لەدەستدابوو و 272ش بریندار ببوون.
 
بە گوتەی خانی ئاباد، کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە، کارەباگرتن و بەرکەوتنی شتی قورس، هۆکاری سەرەکی گیانلەدەستدانی کرێکارەکانن. زۆرترینیش بەهۆی کەوتنەخوارەوە کە 9 کەس بوون.
 
ساڵی رابردوو 680 کرێکار لە سەرانسەری ئیران بە هۆکاری جیاواز لەسەر کار گیانیان لەدەستداوە.