مەسرور بارزانی بەردی بناخەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە لە خەبات دادەنێت

9 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەزای خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر بەردی بناخەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانەی دانا.
 
ئەمڕۆ سێشمەممە 17ی ئەیلوولی 2024 لە قەزای خەبات بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی 15 قوتابخانە و باخچەی ساوایان دانرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، "خۆشحاڵم بە دانانی بەردی بناخەی چەندین پڕۆژەی جیاجیای پارێزگای هەولێر لەگەڵتانم. لە رابردوو و سەردەمی کۆرۆناشدا، خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بوو. پێویستە زیاتریش گرنگی پێبدرێت."
 
مەسرور بارزانی دەشڵێت، "تاوەکو قوتابییەکانمان لە کەشێکی ئارام بخوێنن، پێویستە قوتابخانەی دیکە و کەلوپەلی زیاتر دابین بکرێن. پێویستە قوتابخانەکانیش بگەیێندرێنە ئاستی ستاندارد. لەم چوار ساڵەی رابردوودا، توانراوە دەیان قوتابخانە بنیات بنرێن؛ هاوکات هەزارانیش نۆژەن بکرێنەوە. وەکو بیستمان لە وەزیری پەروەردە 194 قوتابخانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دروست دەکرێن و 1670 قوتابخانەیش نۆژەن دەکرێنەوە."
 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ئەم 15 قوتابخانەی ئەمڕۆ بەردی بناخەمان دانا؛ بە هاوکاریی کەرتی تایبەتە. ماوەیەک پێش ئێستا رێزمان لەو کەسانە نا کە بەشداربوون لە دروستکردنی قوتابخانە بۆ کەرتی گشتیی پەروەردە. دووبارە سوپاسیان دەکەمەوە."
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشدا، دانانی بەردی بناخە لە دەڤەری خەبات، ئاماژەیە بۆ گرنگیی ناوچەکە.
 
ئاماژەی بەوەش دا، "لە بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژدا، هەوڵدرا بابەتەکە بەلاڕێدا ببرێت؛ بەڵام خۆشحاڵم بەوەی لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا توانیمان بەڵێنەکەمان جێبەجێ بکەین. گوێیش لەو قسانە ناگرین و لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانیش بەردەوام دەبین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە