تەرمی ئەو گەنجەی 14ی ئەیلوول لە ئاکرێ خنکا، دۆزرایەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی قەزای ئاکرێی سەر بە پارێزگای دهۆک رایگەیاند، تەرمی ئەو گەنجە 17 ساڵانەیان دۆزیوەتەوە کە چوار رۆژ لەمەوبەر لە زێی گەورە خنکابوو.
 
ئیراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای ماندووبوون و گەڕانێکی زۆری سێ تیمی ژێرئاو، بەیانیی ئەمڕۆ تەرمی بارزان عومەر عەلیی 17 ساڵان دۆزرایەوە، کە رۆژی شەممە 14ی ئەیلوول لە رووباری زێی گەورە خنکابوو."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، ئەو گەنجە دانیشتووی گوندی هیزای سەر بە ناحیەی بجێلی قەزای ئاکرێ بووە، دوای ئەوەی مەلەوانیی کردووە، لە ناوەڕاستی رووبار ویستوویەتی بگەڕێتەوە، بەڵام خنکاوە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ گوتیشی، "پێدەچێت هۆکاری پەشیمانبوونەوەکەی ماندووێتی بووبێت."
 
بەپێی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ساڵی 2024 تاوەکو ئێستا هەزار و 292 رووداوی ئاگركەوتنەوە، خنكان و هەڵدێران لە هەرێمی كوردستان روویانداوە.