رووداو دیجیتاڵ
چوار رۆژە کێشەی گەڕانەوەی 2000 عومرەکاری کورد لە سعودیە چارەسەر نەبووە. کێشەکە بەهۆی نەبوونی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقە؛ بەرپرسێکی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، دەتوانین بە رێگەی وشکانی بیانگەڕێنینەوە."
رۆژی سێشەممە، 17ی ئەیلوولی 2024 رێبوار ئازاد، بەرێوەبەری کارگێڕیی کۆمەڵەی کۆمپانیاکانی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "چوار رۆژە کێشە بۆ گەڕانەوەی عومرەکارانی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سعودیە دروستبووە، کە بڕیار بوو بە چەند کاروانێکی 420 کەسی رۆژانە بگەڕێنەوە."
بە گوتەی رێبوار ئازاد، "کێشەکە بەهۆی ئەوەوە دروستبووە کە هێڵی ئاسمانیی عێراقی فڕۆکەی بەردەست نییە بۆ گەڕاندنەوەیان. بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان لەگەڵیاندا لەسەر هێڵن بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە کەی چارەسەر دەبێت."
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، دەبوو رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەست بە گەڕاندنەوەی عومرەکاران بکرێت و بە چەند کاروانێک رۆژانە 420 کەس لەو عومرەکارانە بگەڕێنەوە، "ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت، یان کێشەکە بە فڕۆکەی هێڵی دیکە چارەسەر دەکرێت، یان عومرەکارەکان لە رێگەی وشکانییەوە دەگەڕێندرێنەوە."
هێشتا دیارنییە کێ خەرجیی ئەو عومرەکارانە لەئەستۆ دەگرێت، بەڵام وەکو رێبوار ئازاد گوتی، "دەبێت ئەوە یەکلایی بکەینەوە کێ قەرەبوویان دەکاتەوە، چونکە کۆمپانیاکان قەرەبوویان ناکەنەوە."
بههۆی سهرپێچیی رێنوێنییهكانەوە، تاوهكو ئێستا زیاتر له 90 كۆمپانیا لهلایهن بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی حهج و عومرەوە راگیراون و مۆڵهتیان پێنهدراوه، تاوهكو كێشهكانیان یهكلایی دهبێتهوه؛ هەروەها 100 کۆمپانیاش مۆڵەتیان پێدراوە.
هێڵی ئاسمانیی عێراق 39 فڕۆکەی هەیە، بەڵام تەنیا 27یان گەشتیان پێدەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ