کێشەی زەوییە سندووقییەکانی گەرمیان چارەسەر دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

دوای داواکاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بۆ رێگەدان بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییە سندووقییەکانی سنوورەکە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر داواکەیان دەربڕی.
 
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریی هەرێمی کوردستان، رۆژی سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، كێشەی زەویی سندووقی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان چارەسەر کرا.
 
چۆمان ئەحمەد، گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێشتر بە نووسراوی فەرمی داوایان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کردبوو کە لە بەرژەوەندی هاونیشتمانییان رەزامەندی بدەن بە دروستکردنی خانوو لەسەر زەوییە سندووقییەکانی سنوورەکە.
 
هەر ئەمڕۆ دڵشاد فەتاح، جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە قەزاکانی کەلار، کفری و ناحیەی پێباز لە سنوورەکەمان زەوی سندووقی هەیە و خاوەنەکانیان لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن و چاوەڕوانی وەها بڕیارێك بوون".
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی شارەوانی، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار نووسراوی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی گەرمیان كردووە بۆ ئەوەی كاری پێویست ئەنجام بدەن.
 
جێگری بەڕێوەبەری شارەوانییەکانی گەرمیان گوتی، زەوییەکان ئەوانەن لای راست و چەپیان کراوە بە خانوو؛ ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانێک دەڵێن "ساڵانێک لەمەوبەر" زەویەکانیان بە گرێبەست کڕیوە و دەیانەوێت بیکەن بە خانوو.
 
زەوییە سندووقییەکان تاپۆیان نییە. دڵشاد فەتاح گوتی، "ئەو کەسەی دەڵێت خاوەنی زەوییەکەیە و گرێبەستی هەیە، دەبێت شایەتی هەبێت کە لە رابردوودا کڕیویەتی و بەڵێننامەش پڕبکاتەوە جگە لە ئەو کەسی دیکە خاوەنی نییە، ئەوکاتە لیژنەیەک خەمڵاندن بۆ نرخی زەوییەکە دەکات و بەنرخێکی دیاریکراو پێی دەدات و رێگە دەدات بیکاتە خانوو".