کارکردن لە 'رێگەی مەرگ' دەستپێدەکاتەوە؛ 'کاری تێدا نەکرا، منیش دێمە نێو خۆپێشاندان'

رووداو دیجیتاڵ 

شاڕێگەی هەولێر - سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین بەهۆی یەک ئاراستەی شەقامەکە، قەرەباڵخی و خراپیی بەشێکی رێگەکە بە رێگەی مەرگ ناسراوە.
 
محەممەد ئیسماعیل، دانیشتوویەکی ناحیەی خەلەکانە لەبارەی رێگەکەوە دەڵێت: ''هەرچی ناحیەیە هەمووی دووسایدە، تەنیا خەلەکان نەبێت، لە ساڵی 1958 خەلەکان ناحیەیە، بڕۆ سەیری نێوبازاڕەکەی بکە بزانە چۆنە؟ دەبوو ئەو رێگەیە وەک رێگەی ئاکرێ و زاخۆ دووساید بووایە.''
 
جەلیل ئەنوەر، دانیشتوویەکی دیکەیە: ''لەوەتەی لەبیرمە ئەو رێگەیە تادەگاتە چوارقوڕنە و تاوەکو دووکان هەموو رۆژێک گرفتە، بەردەوام رووداوی هاتووچۆ روودەدەن، خەڵک دەبێتە قوربانی و مەترسیی دروستکردووە.''
 
دوو رۆژ لەمەوپێش دانیشتووانی دۆڵی خەلەکان بۆ ماوەی چوار کاژێر رێگەکەیان داخست، تاوەکو چوارشەممە مۆڵەتیان دابوو، هۆشداریی دووبارە داخستنەوەی رێگەکە بە تەواوی وەزیری ئاوەدانکردنەوەی هێنایە خەلەکان و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کارکردن لە رێگەکەدا دەستپێبکاتەوە.
 
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە رایگەیاند: ''لێرەوە بەهەمووتان رادەگەیێنم ئەگەر پارەی نەختینە بۆ پرۆژەکە خەرجنەکرێت و هەفتەی داهاتوو کارکردن لەرێگەکەدا دەستپێنەکاتەوە، لەگەڵ خەڵکی خەلەکان دێمە خۆپێشاندان، هیچ بیانوویەک نییە بۆ دابیننەکردنی نەختینە، چونکە لەداهاتی ناوخۆ بەشی ئەو پڕۆژانە پارە هەیە.''
 
پڕۆژەی دووسایدی دووكان - چوارقوڕنە کە بەپڕۆژەی دووسایدی کانی وەتمان - دووکان ناسراوە، بە گوژمەی 150 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە جێبەجێدەكرێت .
 
بە گوێرەی ئامارەکانی بنکەی هاتووچۆی خەلەکان لە هەشت مانگی رابردوودا 15 رووداوی هاتووچۆ لەو رێگەیەدا روویانداوە و  4 چوار کەس گیانیان لەدەست داوە و زیاترلە 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
پرۆژەی دوو سایدیکردنی 75 کیلۆمەتری رێگەی کانی وەتمان دووکان 12 ساڵە بە سێ قۆناخ چووەتە واری جێبەجێکردن 25کیلۆمەتری قۆناخی یەکەمی رێگەکە لە گوندی بێستانە و بۆ شارۆچکەی چوارقوڕنە تەواوکراوە، لە گوندی کانی وەتمان بۆ قەزای دووکان تاوەکو ئێستا هیچی قیرنەکراوە.