خوێندنی باڵا: ئەو مامۆستایانە بە گرێبەست دادەمەزرێن کە ناویان لە لیستی 2023-2024دا بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بە گوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران کە دوێنێ 16ـی ئەیلوول دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، بڕیار دراوە ئەو مامۆستایانەی خوێندنی باڵا کە ناویان لە لیستی 2023-2024ـی وەزارەتی داراییدا هەبووە بە گرێبەست بکرێن. 
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2024، د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، تەنیا ئەو مامۆستایانە بە گرێبەست دەکرێن کە پێشتر خزمەتیان هەبووە و ناویان لە لیستی ئەو وانەبێژانەدا بووە کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ساڵی 2023-2024 شایستە داراییەکانیان خەرج کراوە."
 
د. توانا نەجەف دەڵێت، "ئەو بڕیارە بە واتای ئەوەیە کە ژمارەیەکی کەمتر لەو 3 هەزار مامۆستایەی ناویان رەوانە کرابوو بە گرێبەست دەکرێن؛ داوامان کردووە لیستی ئەو ناوانە بنێرن کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە بۆ ئەوەی بەرچاو روونی هەبێت و بزانین ژمارەیان چەندە."
 
سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیارەکە تەنیا تایبەتە بە مامۆستایانی وەزارەتی خوێندنی باڵا، د. توانا نەجەف گوتی، "ئەو بڕیارە وەزارەتی پەروەردەش دەگرێتەوە، بەڵام سەرجەم ئەو مامۆستایانەی وانەبێژی سەر بە وەزارەتی پەروەردە کە ژمارەیان نزیکەی 38 هەزار کەس بوو، ناویان لە لیستی 2023-2024دا هەبوو و بۆیە بەگرێبەستکردن سەرجەمیان دەگرێتەوە".
 
25ـی ئاب، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژی خوێندنی باڵا 500 هەزار دینارە و زۆرترینیشیان یەک ملیۆن و 250 هەزار دینارە، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت.