مەسرور بارزانی: وا دەکەین لە کوردستان چیدی كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كارەبا نەمێنێت

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو @Rudawkurdish
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ناحیەی قوشتەپە بەردی بناخەی پرۆژەیەکی ئاوی دانا و رایگەیاند: "هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیدی كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كارەبا نەمێنێت."
 
رۆژی سێشەممە، 17ـی ئەیلوول مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای هەولێر بەردی بناخەی دوو پرۆژەی دانا، یەکێکیان دانانی بەردی بناخەی 15 باخچەی ساوایان و قوتابخانە بوو لە قەزای خەبات، ئەوی دیکە دانانی بەردی بناخەی پرۆژەی ئاوی قوشتەپە بوو.
 
مەسرور بارزانی لەدوای راگەیاندنی پرۆژەکە، گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "خەڵكی دەڤەری قوشتەپە و نیشتمانپەروەری ئەم ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن."
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی وایە، دەڤەرەكە زەمینەی لەباری بۆ پێشكەوتن لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو هەیە بۆیە لە پلانەکانی داهاتوو "دەبێتە یەکێک لە دەڤەرە پێشکەوتووەکانی کوردستان."
 
مەسرور بارزانی جەختیشی لەوەکردەوە کە "هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیدی كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كارەبا نەمێنێت."
 
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
 
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
 
ئامادەبووانی بەڕێز
 
زۆر خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەو پڕۆژە گرنگە لێرە لە قوشتەپە دادەنێین. پێش چەند رۆژ بەردی بناخەی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێرمان دانا، ئەم پرۆژەی ئەمڕۆش تەواوكەری ئەو پرۆژەیەیە كە ئاوی پاك بۆ دانیشتووانی قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دابین دەكات. بەم جۆرە لانیكەم بۆ 20 ساڵی داهاتوو كێشەی كەمئاوی لەم دەڤەرە چارەسەر دەبێت.
 
كێشەی كەمئاوی تا ئەو ئاستە لە دەڤەری قوشتەپە سەخت ببوو كە مەترسیی چۆڵكردنی هەندێك گوند هەبوو، زۆربەی بیرەكانی ئەم دەڤەرەش كە لە قووڵترین بیرەكانی كوردستانن، وشك بوون كە ئەمەش ئاماژەیەكی مەترسیدارە بۆ دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی.
 
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە و گەشتنی ئاو بۆ سەرانسەری دەڤەرەكە، زۆربەی ئەو بیرانە، چیتر پێویستییان پێ نامێنێت و بە دروستكردنی چەندەها پۆندی دیكەش لەم دەڤەرەدا، ئاوی ژێرزەوی دەبووژێنینەوە و مەترسیی وشك ساڵی كەمتر دەبێتەوە.
دەڤەری قوشتەپە و خەڵكی نیشتمانپەروەری ئەو ناوچەیە، شایستەی هەموو خزمەتێكن. ئەم دەڤەرە بە ڕێز و میهرەبانی و دڵسۆزییەكی زۆرەوە، ژن و منداڵ و خانەوادەی زۆرێك لەو بارزانییانەیان لە خۆ گرت كە لە لایەن رژێمی پێشووی عێراقدا ئەنفال كران. ئەم هەڵوێستە نیشتمانپەروەرانەی خەڵكی قوشتەپە و هەولێر و دەوروبەری، هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانینە.
 
ئەم دەڤەرە زەمینەیەكی لەباری هەیە بۆ پێشكەوتن لە رووی كشتوكاڵی و پیشەسازی و سامانی ئاو، بۆیەشە یەكێك لەو شوێنانەیە كە پلان و بەرنامەكانی داهاتوومان دەیگرێتەوە و پەنا بە خوا دەبێتە یەكێك لە دەڤەرە پێشكەوتووەكانی كوردستان.
 
پێویستە هەرچی زووتریشە، پارێزگای هەولێر و قەزای قوشتەپە و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان، رێكاری ئیداریی باشتر بگرنە بەر بۆ رێكخستنەوەی ئەم دەڤەرە لە هەموو رووێكەوە، بۆ ئەوەی خزمەتێكی باشتری خەڵكی دەڤەرەكە بكرێت و ئاستی ئەو دەڤەرە لە ڕووی هاتووچۆ و پاكوخاوێنی و سیمای شار و ڕێگەوبانەكان، باشتر ببێت.
 
خۆشتان بینیتان كە كێشەی كارەباش هێشتا كێشەیەكی بەردەوامی هەموو كوردستانە، ئەوەش لە بەرنامەماندایە كە پشت بە خوا چارەسەرێكی گونجاو بۆ كارەبای هەولێر و دەوروبەر و هەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانیش دەدۆزینەوە، هەنگاو بە هەنگاو وا دەكەین لە كوردستان چیتر كێشەیەك بە ناوی كێشەی ئاو و كێشەی كارەبای نەمێنێت. 
 
جارێكی دیكەش سوپاستان دەكەم، بە هیوای ناوچەیەكی گەشەسەندووتر و كوردستانێكی ئاوەدانتر.
 
زۆر زۆر بەخێر بێن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە