وردبینیی بەربژێران تەواو دەبێت و هەفتەی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ ئاریشەیەک لەبەردەم هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا نییە، دواکەوتنی بانگەشەش پەیوەندیی بە وردبینیی لیستی بەربژێرانەوە هەیە، کە کۆتایی ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا نییە، ئەو قسانەشی دەگوترێن گوایە دواخستنی بانگەشەی هەڵبژاردن لەبەر کێشەیە، دروست نییە."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کارەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەردەوامە، "دواکەوتنی بانگەشەی هەڵبژاردن پەیوەندیی بە وردبینیکردن لە لیستی ناوی بەربژێراندا هەیە، چونکە لیستەکە زۆرە، پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە وردبینیی تەواو ببێت. هەفتەی داهاتوو بانگەشەی بەربژێران و لیست و هاوپەیمانییەکانی بەشدار لە هەڵبژاردن دەستپێدەکات."
 
دوای وردبینیکردنی لیستی بەربژێران کە 1198 بەربژێرن لەلایەن وەزارەتەکانی ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لیستی بەربژێران لەلای کۆمیسیۆنە و دواین وردبینی خۆی تێدا دەکات.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە رۆژی 20ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بکرێت، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618ـیان دەنگدەری گشتی و 215 هەزار و 960ـیان دەنگدەری تایبەتن.