رووداو گۆڕانکارییەکانی هەمواری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڵاودەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرای دەکات، "لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا، بۆ 13 لیژنە کەمکراونەتەوە." روونیشی دەکاتەوە، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆئەوەی ئەندامانی پارتی و بەرەی تورکمانی، بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکەدا بکەن و "بە کۆدەنگی هەموارەکە پەسند بکرێت."
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک 17ی ئەیلوول، لەکاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) دا گوتی، "کەرکووک پێویستی بە یەکدەنگییە، بۆیە داوا دەکەین برادەرانی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بشکێنن."
 
هەموارکردنەوەی پەیڕەوی نێوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێک لە تەوەرەکانی بەرنامەکە بوو.
 
جۆفری پایت: هەولێر وەکو ئۆکڵاهۆمایەکی بچووکە
 
لە دەستپێکی بەرنامەکەدا، باس لە نێوەڕۆکی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرا. لەدوای کۆبوونەوەکانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هیوستن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وەزە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کردووە.
 
لەوبارەیەوە باڵیۆز جۆفری پایت دووشەممە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ رووداو کە بەمزووانە بڵاودەکرێتەوە، راگەیاند، "بەیانیی رۆژی هەینی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی زۆر باشم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بارزانی هەبوو."
 
باڵیۆز پایت ئاماژەی بەوەش دا، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی گوتووە، زۆر سوپاسگوزار بووە بە میواندۆستییە گەرمەکەی بۆ هەولێر و سەرسام بووە بەوەی کە لە هەرێمی کوردستان لەڕووی وەبەرهێنانی وزە دەکرێت.
 
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ پرسی وزە، هەولێر بە "ویلایەتی ئۆکڵاهۆما" دەچووێنێت و دەڵێت، "کە لە هەولێر بووم گوتم، هەولێر وەکو ئۆکڵاهۆمایەکی بچووکە و ئەمەش روانینی ئێمەیە."
 
ئۆکڵاهۆما، ویلایەتێکی ئەمریکایە و بەرهەمهێنەرێکی گەورەی نەوت و گازی سرووشتییە لەو وڵاتە.
 
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی لە رووماڵی رووداوە بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان
 
هەروەها لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لێدوانی کۆنسووڵی هەریەک لە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا بڵاوکرایەوە، کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵمەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان؛ تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی دووشەممە 16ی ئەیلوولی 2024، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە شاری هەولێر شێوازی رووماڵ و بەرنامەکانی بۆ هەڵبژاردن راگەیاند.
 
لەوبارەوە نوێنەری وڵاتان و لایەنە سیاسییەکان، ستایشی پلان و ئامادەکارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو-یان کرد بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. کۆنسووڵی ئەمریکا لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ئەو دیبەیتەی کە پێشبینی دەکرێت لە بەرنامەکانی رووداودا بکرێن، بەشێكی گرنگ دەبێت لە وەرزێکی سەرکەوتووی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بنەمایەکی سەرەکییە بۆ دیموکراسییەتێكی کارا لە هەرێمەکە.
 
هەروەها کۆنسووڵی بەریتانیا خۆشحاڵیی دەربڕی بە باسی میدیایەکی فراوانتر و گوتی، "دەمەوێت باسی ئەو رۆڵە بکەم کە میدیا نەریتییەکانی وەکو رووداو بۆ بەرژەوەندیی گشتی دەیگێڕن لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زانیاریی ناڕاست و هەراسانکردن."
 
لای خۆشیەوە کۆنسووڵی فەرەنسا رایگەیاند، میدیا لە هەرێمی کوردستانی عێراق و لە تەواوی جیهان، نەک تەنیا لەڕووی هەڵبژاردن، بەڵکو لەڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە رۆڵی هەیە، "ئێمە پاڵپشتی لەو یاسایانە دەکەین، کە بەرگری لە ئازادیی رادەربڕین و فرەچەشنی دەکەن."
 
هەوڵی ئاشکردنەوەی پارتی و بەرەی تورکمانی لە کەرکووک
 
وا بڵاوکرابوویەوە، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 17-09-2024 کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکرێت بۆ دەنگدان بە هەمواری پەیڕەوی نێوخۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنەکە لە (رۆژی هیوا جەمال) رایگەیاند، "هێشتا داڕشتنەوەکەی تەواو نەبووە و کۆبوونەوەکە ناکرێت."
 
عەبدوڵڵا میروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، میوانی بەرنامەکە بوو، لەوبارەوە گوتی، "پەیڕەوێکی بەهێز دادەڕێژرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکە، دواتر دەنگ لەسەر پەیڕەوەکە دەدرێت دوای داڕشتنەوەی."
 
لەبارەی جۆری ئەو گۆڕانکارییانەی لە پەیڕەوە نوێیەکەدا دەکرێت، میروەیس گوتی، "پێشتر 41 ئەندام بووە، ئێستا 16 ئەندامن، بۆیە ژمارەی لیژنەکان بۆ 13 لیژنە کەمدەکرێتەوە، ئەوانەی کارەکانیان لە یەکتری نزیکن، تێکەڵ کراون."
 
لەبارەی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەشەوە، ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی یەکێتی نەیشاردەوە، "ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەنجام نادرێت، چونکە 20%ی داڕشتنەوەی پەیڕەوەکە ماوە و چەند رۆژی داهاتوو تەواو دەبێت."
 
هیوا جەمال پرسیاری کرد، لەبەرئەوەی کۆبوونەوە ناکرێت کە پەیڕەو تەواو نەبووە یان بایکۆتی ئەندامانی دیکە هەیە؟ لە وەڵامدا عەبدوڵڵا میروەیس گوتی، "هۆکارێکی دیکە بەشدارینەکردنی ئەندامانی ئەنجوومەنە، قسەی دڵی هەموومان ئەوەیە هەموو ئەندامان بەشدار بن، داوامان کردووە ئەندامانی پارتی و بەرەی تورکمانیش بەشدار بن، چونکە پەیڕەوەکە بۆ هەمووانە و داوا دەکەین هەموومان بەیەکەوە پەیڕەوەکە پەسند بکەن."
 
ئاشکرایشی کرد، "کەرکووک پێویستی بە یەکدەنگییە، بۆیە بەردەوام هەوڵمان داوە ئەوانیش بەشدار بن، ئەوان لە دادگەی فیدراڵی داوایان تۆمار کردووە، چاوەڕێ دەکەین بڕیارەکە بدرێت و ئەوانیش بگەنە ئەو بڕوایەی بەشدار بن."

 

 
 
وێنەکانی سان جۆڵا لەگەڵ هاوڕەگەزخوازان
 
سان جۆڵا، ئەندامی پارتی ئێس پی دی ئەڵمانیا، باسی وێنەکانی لەگەڵ گرووپی هاوڕەگەزخوازان دەکات، هاوکات رێژەیان لە حزبەکەی ئاشکرا دەکات.
 
لە پەیامێکی تایبەتدا کە لە رێگەی رووداوەوە رایگەیاندووە، ئەو تۆمەتانەش رەتدەکاتەوە کە پەیوەندیی بە دەزگای هەواڵگریی وڵاتێکی دراوسێوە هەبێت.
 
لە یەکەمین ئەڵقەی بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، کە 8ی ئەیلوول پەخش کرا، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ سان جۆڵا ئەنجامدا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و دەنگدانەوەی گەورەی هەبوو، بە ملیۆنان بینەر بەرنامەکەیان بینی.
 
دواتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سان جۆڵا بەوە تۆمەتبار کرا، کە هاوڕەگەزخوازە، لەو بارەوە لە روونکردنەوەکەیدا سان جۆڵا گوتی، "لە چەند رۆژی رابردوودا رەوتێکی تووندئاژۆ هاتووە لە کەسایەتیی من و هاوڕێکانم دەدات، دەستیان کردووە بە هەڵبەستنی درۆ و بوختان، بەوەی من سەر بە میتی تورکیام و هاوڕەگەزخوازیشم، بەڵام سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکەمەوە."
 
سان گوتی، "هەندێک وێنە لە پەیجەکەی خۆیەوە دەرهێندراون و دژی ئەو بەکارهێندراونەتەوە. وێنەکە لە ساڵی 2021 لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەم گیراوە کە ئاڵای هاوڕەگەزخوازان و پارتی دەسەڵاتدار دەردەکەوێت، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە من هاوڕەگەزخوازم."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "راستە لە ئەڵمانیام، بەڵام رەگ و ریشەم کوردییە و دەزانم ئەمە لەگەڵ داب و نەریتی من ناگونجێت، ئەگەر کەسێکی هەژار و دەوڵەمەند بەیەکەوە وێنە بگرن، نە هەژارەکە دەوڵەمەند دەبێت و نە دەوڵەمەندەکەش هەژار دەبێت."
 
لەبارەی ئەوەی کە بەوە تۆمەتبار دەکرێت، سەر بە دەزگای هەواڵگریی وڵاتێکی دراوسێ بێت، سان جۆڵا گوتی، "راستە تورکیا دراوسێمانە و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریمان هەیە، بەڵام هەرگیز بیریشم لەوە نەکردووەتەوە لەگەڵ ئەو دەوڵەتە کار بکەم."
 
لە کۆتایی پەیامەکەیدا سان جۆڵا روو دەکاتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، "با یەک بگرین و واز لە بابەتی بچووک بهێنین، کێشەی گەورەمان هەیە و دەبێت بەیەکەوە خەبات بکەین بۆ باشکردنی دۆخی میللەتەکەمان."
 
لە کۆتاییدا سان جۆڵا دەڵێت، "ئێوە خوشک و برای منن و منیش هی هەمووتانم، قوربانتان بم."

 

 
رێکخراوی دادپەروەریی باکووری کەنەدی: جینۆسایدی ئێزدییەکان دەبەینە دادگەی نێودەوڵەتی
 
سەرۆکی رێکخراوی دادپەروەریی باکووری کەنەدی نیگەرانە لە کشانەوەی یونیتادی نەتەوەیە کگرتووەکان لە عێراق کە 17-09-2024 دوا وادەیە، ئەوان هاتبوون کەیسی تاوانەکانی داعش بە دادگا بدەن کەچی هیچ کەیسێک لە کوردستان لەوبارەیە و بەدادگا نەدراوە.
 
رۆژی 16-9-2024 رێکخراوی دادپەروەری باکووری کەنەدی لەگەڵ فەرمانگەی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسێکیان رێکخست بۆ توێژینەوە لە هۆکاری بەجینۆسایید نەناساندنی تاوانەکانی داعش دژی کوردانی لەلایەن حکومەتی عێراق.
 
د. شەریف ئایدن، سەرۆکی رێکخراوی دادپەروەری باکووری کەنەدی دەڵێت هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپا پەرلەمان و حکوومەتەکانیان تاوانی داعش بەرامبەر ئێزدییەکان  بە جینۆساید بناسێنن و خزمەتی قوربانییەکان بکەن.
 
لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، بابەتەکە زیاتر قسەی لەسەر کرا بە میوانداریی د. شەریف ئایدن، سەرۆکی رێکخراوی دادپەروەری باکووری کەنەدی، لەبارەی نیگەرانییەکانیان لە کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی یونیتاد،  ئایدن گوتی "یونیتاد ئەرکێکی گەورەی هەبوو بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش، خەڵک چاوەڕوان بوون دادپەروەری لەسایەی کارەکانی یونیتاد بەدی بهێنرێت، بەڵام بە داخستنی ئەو هیوایە نامێنێت". 
 
لەبارەی هەوڵەکانی رێکخراوەکەیانەوە، بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەکان و کارکردن بۆ پرسی جینۆساید لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، سەرۆکی رێکخراوی دادپەروەری باکووری کەنەدی روونیکردەوە "ئێمە لەگەڵ ژمارەیەک دادوەری نێودەوڵەتی کار دەکەین بۆ ئەوەی تاوانەکانی داعش ببەینە دادگەی نێودەوڵەتی، ئێستا لەسەر سێ دۆسیەی قوربانییانی دەستی داعش کار دەکەین لە کەنەدا، تاوەکو ئەو دۆسیانە ببەینە دادگەی نیودەوڵەتی و جینۆسایدەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کاری لەسەر بکرێت".
 
 
یەکگرتنی مێتا، سناپچات و تیکتۆک دژی خۆکوژی
 
لە بەرنامەی رۆژی هیوا جەمال، هەروەها باس لە کارێکی هاوبەشی هەرسێ کۆمپانیای مێتا، تیکتۆک و سناپچات کرا، بۆ رێگرتن لە خۆکوژی. هەرسێ کۆمپانیاکە  لەکارێکی هاوبەشدا پرۆگرامی ترایڤ واتە کۆڵنەدان دروستدەکەن بەمەبەستی رێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو نێوەڕۆکانەی باسی خۆکوشتن و ئازاردانی کەسی بەرامبەر دەکەن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی هەرسێ کۆمپانیاکە، کۆمەڵێک رێکخراوی تایبەت بە تەندروستی دەروونیی بەشدارن.
 
پرۆگرامی ترایڤ دەتوانێت سیگناڵەکانی بابەتی پەیوەندیدار لەنێوان کۆمپانیاکان بەشبکات و لەو رێگەیەوە هەوڵەکان بدۆزنەوە، یان نێوەرۆکە رێگە پێنەدراوەکان بسڕنەوە.
 
لەوبارەوە ساهیرە سدیق، بەرپرسی تەکنیکی رووداو دیجیتاڵ گوتی "ئەمە لەسەر دەستپێشخەریی مێتا کراوە، بە دروستکردنی پڕۆگرامێک بە هاوکاری لەگەڵ رێکخراوی تەندروستی دەروونیی جیهانی، بۆ رێگریکردن لەو نێوەڕۆکانەی پڕوپاگندە و هاندانە بۆ خۆکوشتن."

 

 
روونیشیکردەوە، "بەشێک لەو نێوەڕۆکانەی لە سۆسیال میدیا بڵاودەکرێنەوە، کاتێک شێوازی کوخۆشتنەکەی بڵاودەبێتەوە، ئەو نێوەڕۆکە فلتەر دەکرێت، بەتایبەتی ئەگەر وینەو ڤیدیۆ بێت، هەر نێوەڕۆکێک دەربکەوێ بۆ نموونە لە مێتا بسڕدرێتەوە، بەرنامەکە نێوەڕۆکەکە بە کۆدێکەوە بۆ سناپچات و تیکتۆک دەنێرێت و پێیان دەڵێت ئێوەش بیسڕنەوە، بەهۆی هاندان بۆ خۆکوژی."
 
بەرنامەکە لەلایەن خودی ئەو کۆمپانیایانە بەکاردەهێنرێت بۆ سڕینەوەی ئەو بابەتانەی نێوەڕۆکەکەیان هاندانە بۆ خوکوشتن، لەبارەی ئەوەی ئاخۆ بەکارهێنەران چۆن دەتوانن هاوکاربن لە دەرخستنی نێوەڕۆکی زیانبەخش، ساهیرە سدیق گوتی "بەکارهێنەر دەتوانێت لە رێگەی ریپۆرتکردن، کۆمپانیاکان لە بابەتی مەترسیدار ئاگادار بکاتەوە."