بەهۆی تەقینەوە لە ماڵێکدا لە سلێمانی کەسێک گیانی لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی تەقینەوە لە ماڵی ئەفسەرێکی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە روویدا و بەهۆیەوە ئەفسەرەکە گیانی لەدەستدا.
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی گوتی بەپێی سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو "تەقینەوەکە (ئەمڕۆ، یەکشەممە، 17-9-2023) لە ماڵی ئەفسەرێکی خانەنشینی وەزارەتی پێشمەرگە روویداوە، خاوەن ماڵەکەش بەهۆی تەقینەوەکەوە گیانی لەدەستداوە."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە، لەدایکبووی ساڵی 1967ـە و خەریک بووە TNT بۆ راوەماسی ئامادەبکات، کاتێک تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
رووداو زانیویەتی ئەو کەسەی لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستداوە ناوی ئاکۆ محەممەد قادر یوسف ـە.
پەیامنێری رووداو هەروەها گوتی کەیسەکە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لێکۆڵینەوەی لێ دەکرێت.