لەگەڵ رەنج؛ چارەنووسی خۆبەخشانی كەرتی تەندروستی چی دەبێت؟‎‏

 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، "چیتر چاوەڕوان مەکەن هەموو دەرچوویەکی پزیشکی دابمەزرێت"، بەڵام وەزارەتەکەیان سەرقاڵی رێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و گشتییە بۆ دەستەبەرکردنی هەلی کار بە شێوەیەکی دادپەروەرانە. لەبارەی دۆخی کارمەندانی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستیش دەڵێت؛ "لە هەمواری یاسای تەندروستیی هەرێمی کوردستاندا پێناسەی خۆبەخشەکان کراوە". جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددانیش ‏لە هەرێمی ‏كوردستان باس لەوە دەکات، "دەرچووی بەشی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان دۆخی داراییان باش نییە و تێیاندایە لە ریستۆرانتەکان کار دەکات یان لە بازاڕ پێڵاو بۆیاخ دەکات".
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023 لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداری دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی ‏تەندروستی ‏هەرێمی ‏كوردستان‏‎‏؛ جەبار محەممەد، نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی ‏كوردستان؛ دكتۆر شاخەوان خۆشناو، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستان و سەروەر سەرحەد، نوێنەری خۆبەخشانی ‏تەندروستی تاوتوێی پرسی دامەزراندنی کارمەندانی خۆبەخش لە کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان کرا.
 
"پێویستمان بە دامەزراندنی هەشت هەزار کەسە"
 
لە ساڵی 2014ـەوە کە دامەزراندن لە هەرێمی کوردستان وەستاوە، دكتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریكاری وەزارەتی ‏تەندروستیی ‏هەرێمی ‏كوردستان‏‎‏ رایگەیاند: "لە کەرتی پەروەردە سەروو هەشت هەزار میلاکمان کەمیکردووە و ساڵانەش ئەو ژمارەیە زیاد دەکات، بەدەر لەو ژمارەیەش کۆمەڵێک کارمەندی دامەزراومان هەن کە کارەکانیان ناکەن. ئێستا کەموکورتیمان هەیە لە ستاف و بەڕێوەبردنی دامودەزگاکانی تەندروستیمان."
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون دەڵێت، "بابەتی کارمەندی خۆبەخش بۆ سەردەمی خۆی بیرۆکەیەکی باش بوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکان، بەڵام بەپێی یاسای پلەبەندیی پزیشکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، پێویستە پزیشکی ددان و دەرمان سێ ساڵ پلەبەندیی پزیشکی بکەن، ئەگەر ئەمە نەکەن و یەکەمی سەر ئاستی جیهانیش بن، ناتوانن نۆرینگەی خۆیان بکەنەوە، بۆیە دەبێ هەموو پزیشکەکان ئەم سێ ساڵە کاری خۆبەخشییە بکەن".
 
"هەموو دەرچوویەک چاوەڕێی دامەزراندن لە حکومەت نەکات"
 
بریكاری وەزارەتی ‏تەندروستی لەبارەی دەرچووانی بەشی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان گوتی: "لەمەودوا دامەزراندنی بابەتێک نییە کە بڵێین هەموو دەرچوویەک دادەمەزرێنین."
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون ئاماژەی بەوە کرد: "لە دیوانی ئەنجوومەن، چەندینجار گفتوگۆمان کردووە و گەیشتووینەتە ئەو قەناعەتە کە لەمەودوا دامەزراندن بابەتێک نییە کە بڵێین هەموو دەرچوویەک دادەمەزرێنین، بەڵام بۆ ئەوەی هەلی کار لەو بوارەدا بڕەخسێنین، رێکخستنەوەمان لە کەرتی تایبەت و گشتیدا دەستپێکردووە و رەشنووسی یاسای نوێی تەندروستیمان ئامادە کردووە کە بەهۆی ئەو گرفتەی بۆ پەرلەمان دروستبوو، نەمانتوانی بینێرین بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، کە پێناسەی خۆبەخشمان خستووەتە نێو یاسا هەموارکراوە نوێیەکە کە پێشتر هیچ پێناسەیەکیان لە وەزارەت نەبوو."
 
وەزارەتی ‏تەندروستی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای پزیشکانی ددان و دەرمانسازان کردووە بۆ ئەوەی ئەو دەرمانساز یان ددانسازانەی پلەبەندیی پزیشکییان بەشێوەی یاسایی تەواوکردووە، پشتگیری ببەن بۆ وەزارەت بۆ ئەوەی کاریان بۆ بدۆزرێتەوە یان رێگەپێدانیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی لەنێو شاردا دوای نیوەڕوان دەرمانخانە بکەنەوە.
 
زیادبوونی ژمارەی کۆلێژە پزیشکییەکان
 
سەرباری ئەوەی زیاتر لە 23 هەزار کارمەندی تەندروستیی خۆبەخش لە هەرێمی کوردستان هەن و حکومەت توانای دامەزراندنی ئەو ژمارەیەی نییە، بە بەردەوامی مۆڵەت بە کردنەوەی کۆلێژی پزیشکیی ئەهلی دەدرێت و بریکاری وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: "سەندیکای پزیشکان کە خۆی بە داکۆکیکاری پزیشکان دەزانێت، لەو لیژنەیەدا کە هەڵسەنگادن بۆ پێدانی مۆڵەت دەکرێت، رەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کۆلێژی نوێ پێشاندەدات."
 
دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون گوتی: "بۆ ئەوەی زانکۆیەکی ئەهلیی پزیشکی بکرێتەوە، دوو لایەن بانگ دەکرێن، راگری کۆلێژی پزیشکی بۆ نموونە ئەگەر لە سلێمانی بێت راگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی سلێمانی و سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی لقی سلێمانی یان لە هەولێر بێت بە هەمان شێوە، لیژنەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دروستدەکرێت بە بەشداری ئەو دوو لایەنە، هەر ئەو سەندیکایانە کە خۆیان داکۆکی لە دانەمەزرانی کۆلێژی نوێ دەکەن، لەو لیژنانەدا پشتگیرییان لە دامەزراندنی کۆلێژی نوێ کردووە."
 
"سیستمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان نییە"
 
جەبار محەممەد، نەقیبی ‏سەندیكای ‏كارمەندانی ‏تەندروستی ‏كوردستان پێیوایە، "لە هەرێمی کوردستان شتێک نییە ناوی سیستمی تەندروستیبێت، لەبەرئەوەی سیستمی تەندروستی کۆمەڵێک بەرنامە و داتا و پلانی ساڵانەی هەیە، بەڵام لای ئێمە تەندروستی فەوزایە و کەس بە کەس نییە، واتا سیستمی تەندروستی نەک نەخۆشە، بەڵکو شتێک نییە ناوی لێبنێی سیستمی تەندروستی".
 
جەبار محەممەد باس لەوە دەکات، "بیرۆکەی خۆبەخش ئەوان دایانهێناوە و وەکو ئاماژەی پێدەدات، "لەبەر ئەوەی گوتمان ئەو خوێندکارانەی بەشی تەندروستی کە خوێندن تەواودەکەن، با مومارەسەی کارەکەیان بکەن بۆ ئەوەی کارەکەیان لەبیر نەچێتەوە، ئەوکات لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە قسەمان کردبوو، گرێبەستەکان دوای سێ ساڵ دەبوون بە هەمیشەیی، خۆبەخشیش دوای دوو ساڵ دەبێت چارەسەرییەکیان بۆ بدۆزرێتەوە، بەڵام ئێستا 100٪ پەشیمانین لەو بیرۆکەیەی بۆ خۆبەخشان خستمانەڕوو."
 
 
"هاوئاهەنگی لەنێوان وەزارەتەکانی حکومەتدا نییە"
 
سەرباری ئەوەی زیاتر لە 30٪ـی کارمەندانی کەرتی تەندروستی خۆبەخشن، بەردەوام ساڵانە حکومەت لە بەشی پزیشکی خوێندکار وەردەگرێت و زانکۆی نوێی پزیشکی دەکرێتەوە، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستانیش دەڵێت: "کێشەکە ئەوەیە وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ هاوئاهەنگییەکیان لەنێواندا نییە".
 
دكتۆر شاخەوان خۆشناو، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستان دووپاتیدەکاتەوە: "لە هەموو وڵاتان وەزارەتی پلاندانان بۆ ئەمە پلان دادەنێت کە چەند دکتۆر و کارمەندی پێویستە، بۆ نموونە هەر هەزار و 700 کەس لە کۆمەڵگەدا پێویستییان بە پزیشکێکی ددان هەیە و بەپێی رێژەی دانیشتووان دەڵێت ئەو ژمارەیەمان لە پزیشکی ددان پێویستە".
 
"ژمارەی پزیشکانی ددان زیاتر لە ئاستی ستانداردە"
 
دكتۆر شاخەوان خۆشناو، هۆشداری لەبارەی زیادبوونی ژمارەی پزیشکانی ددان لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، "نووسراوێکیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نووسیوە و تێیدا ئاگاداریان کردوونەتەوە کە وای لێدێت "بۆ هەر 100 کەس لە هەرێمی کوردستان پزیشکێکی ددان هەبێت."
 
جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستان گوتی: "نووسراوێکمان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نارد و لەبارەی زیادبوونی  ئەو کۆلێژە ئەهلییانە لە کوردستان دەکرێنەوە، لە باشترین وڵات بۆ هەزار و 700 کەس یەک دکتۆری ددان هەیە، کەچی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر هەزار و 400 کەس یەک دکتۆری ددان هەیە، بەڵام ئەگەر ئاوا بڕوات، وای لێدێت هەر 100 کەسە و پزیشکێکی ددانیان دەبێت لە هەرێمی کوردستان."
 
بە گوتەی دکتۆر شاخەوان خۆشناو، "دوو هەزار و 500 پزیشکی ددان لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەگەر خۆبەخشی نەکەن بۆیان نییە کار بکەن، لەبەرئەوەی دەبێ پێنج ساڵ لە کۆلێژ بخوێنن و دوو ساڵیش وەکو راهێنان لە تەندروستی کاربکەن، ئەگەر ئەو دوو ساڵە راهێنانیان پێنەکرێت، نابن بە دکتۆری ددان، ئێستا وەرگرتنی دکتۆری ددان بە خۆبەخشیش راگیراوە، ئەوانە مەگەر لە چێشتخانەیەک کار بکەن و کڕیار بڵێ دکتۆر کەبابم بۆ بێنە." 
 
"پزیشک هەیە لەگەڵ ئەوەی بە خۆبەخش کار دەکات، لە بازاڕ پێڵاو بۆیاخ دەکات"
 
نوێنەری خۆبەخشانی ‏تەندروستی دەڵێت، "خۆبەخش هەیە زیاتر لە نۆ ساڵە کاری خۆبەخشی دەکات، بەڵام هیچ هیوایەک نییە بۆ دامەزراندن یان بەگرێبەستبوونی و پزیشکمان هەیە لەگەڵ ئەوەی بە خۆبەخش کار دەکات، لە بازاڕ پێڵاو بۆیاخ دەکات."
 
سەروەر سەرحەد، نوێنەری خۆبەخشانی ‏تەندروستی باری دارایی خۆبەخشانی تەندروستی بە خراپ وەسف دەکات و پێیوایە: "ئەوانەی لە دەرەوەی کارە خۆبەخشییەکە ئەگەر لە شوێنێکی دیکە کاریان نەبێت، گوزەرانیان هێندەی دیکە خراپ دەبێت."
 
سەروەر سەرحەد باس لەوە دەکات، "کارمەند دوو کاژێر دواکەوتووە، دواتر کە لێی پرسیوە بۆ دواکەوتووی، گوتوویەتی پارەی کرێی پاسم پێنەبووە و بەپێ هاتووم، کارمەندمان هەیە شەش ساڵ پەیمانگە و زانکۆی خوێندووە و بە خۆبەخش کار دەکات، بەڵام لە بازاڕ پێڵاو بۆیاخ دەکات یان عەلاگە دەفرۆشێت."
 
ئەو نوێنەرەی خۆبەخشانی ‏تەندروستی پێیوایە "تاوەکو ئێستاش پشکپشکێنە و حیزبایەتی پێوەرن بۆ دامەزراندن لە کەرتی تەندروستی، کەس هەیە هیچ خۆبەخشیی نەکردووە، بەڵام راستەوخۆ بە گرێبەست دامەزرێندراوە لەکاتێکدا کارمەندمان هەیە زیاتر لە نۆ ساڵە خۆبەخشە و کەس ئاوڕی لێنەداوەتەوە."
 
هاوکات، جێگری سەرۆكی سەندیكای ‏پزیشكانی ‏ددان ‏لە ‏كوردستان دەشڵێت: "وەزیری تەندروستی داوای لێکردم لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک نوێنەرێکی کارمەندانی خۆبەخشی بۆ ببەم لەگەڵیان دابنیشێت، نوێنەرەکەی هەولێر بە وەزیری گوت؛ پارەی ئەو تاکسییەم پێنەبووە بۆ ئەوەی بێم بۆلات و بە قەرز وەرمگرتووە."
 
بە گوتەی دکتۆر شاخەوان خۆشناو، "پزیشک هەیە دەرس دەڵێتەوە، نووسینگەی کردووەتەوە و لە نەخۆشخانەش کار دەکات و چوار مووچە وەردەگرێت، پزیشکی ددانیشمان هەیە لە رێستۆرانت کاردەکات، ئەگەر حکومەت پلانی هەبێت بۆ دابەشکردنی هەلی کار، ئەو جیاوازییە قەت روونادات."