بەشێک لە نەخۆشانی چاو لەبارەی بایکۆتی پزیشکان: زیانی بۆ خەڵکی هەژار هەیە
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بایکۆتەوە بەشێک لەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانە حکومییەکان دەکەن، ناتوانن چارەسەری پێویست وەربگرن. کەسوکاری نەخۆشێک دەڵێت، "بایکۆتکردنی دەوامی نەخۆشخانەکان، تەنیا لە زیانی خەڵکی هەژارە."
ئەستی محەممەد، چاوێکی لەدەستداوە و چاوەکەی دیکەشی ئاوی سپی هەیە، لە رانیەوە بۆ چارەسەری چاوەکانی لەگەڵ کچەکەی چوونەتە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆی تایبەت بە نەخۆشییەکانی چاو لە سلێمانی و دەڵێت، "شەکرە و زەختم هەیە و چاوێکیشم نابینێت، پشکنینم بۆی کردووە دەڵێن، ئاوی سپی لەسەرە."
پوورە ئەستی 200 هەزار دیناری خانەنیشنی هاوژینەکەی وەردەگرێت کە ئەویش هاوشێوەی تەندروستکاران وەرینەگرتووە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا بە هاتنی بۆ نەخۆشخانەکە زیاتر لە 60 هەزار دیناری خەرجکردووە.
فاتیمە عومەر، کچی پوورە ئەستییە بە رووداوی گوت: "دایکم توانای نییە بە 500 بۆ 600 دۆلار نەشتەرگەری بکات، بۆیە هاتین بۆ ئەم نەخۆشخانەیە نەشتەرگەریمان بۆ بکەن، بەڵام بەداخەوە بایکۆتە، ئەمەش تەنیا زیانی بۆ خەڵکی هەژار هەیە، ئەگەرنا کەسێک دەوڵەمەند بێت کێشەی نییە."
محەممەد ئەحمەد، یەکێکە لە نەخۆشەکان و خانەنشینە بەدڵ گەرمییەوە بۆ رووداو دەدوێت و دەڵێت: "دەبێت چاوەڕێی هاتنی مووچە بکەم، چونکە توانای نەخۆشخانە تایبەتەکانم نییە، چاوم ئاوی سپی هەیە، پێش مانگێک پشکنینیان بۆ کردم و دەرمانیان پێدام، گوتیان مانگێکی دیکە وەرەوە، ئێستاش هاتوومەتەوە بۆ ئەوەی دووبارە پشکنینم بۆ بکەنەوە بزانم نەشتەرگەری پێویستە یان نا."
هەموو ئەو نەخۆشانەی نۆرەی نەشتەرگەرییان هەیە، بەناچاری دەبێت چاوەڕێی تەواوبوونی بایکۆت بکەن یاخود لە نەخۆشخانە تایبەتەکان نەشتەرگەری ئەنجامبدەن.
لوقمان سابیر، نەخۆشێکە و چووەتە نەخۆشخانە، بەڵام چارەسەری بۆ نەکراوە و گوتی: "چاوم زۆر سووربووەتەوە و خوێنی تێدا کۆبووەتەوە، لە بەغدا سەردانی پزیشکم کرد گوتیان، خوێنبەربوونە کە هاتمەوە بۆ سلێمانی هاتم بۆ ئەم نەخۆشخانەیە، بەڵام بەهۆی بێ مووچەییەوە بایکۆتە، لەکاتێکدا نەخۆشی چاو نابێت دوابخرێت."
لە 13ی ئەم مانگەوە بایکۆتی تەندروستکاران دەستیپێکردووە، سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی سلێمانی بڕیاریداوە تاوەکو مووچە وەرنەگرن بایکۆت نەشکێنن.
سەمیرە لوقمان، یەکێکە لە نەخۆشانی چاو و لەبارەی بایکۆتەوە دەڵێت: "پێشتر توانای نەشتەرگەریم نەبوو، پزیشکیش گوتی، باشیت پێویستت بە نەشتەرگەری نییە، بەڵام سەردانمان بکەرەوە، ئێستاش کە هاتوومەتەوە بایکۆتە."
پێشتر، رۆژانە لە نەخۆشخانەی [شەهید ئاسۆی تایبەت بە چاو] لە سلێمانی نزیکەی 450 نەخۆش چارەسەریان بۆ دەکرا و 20 نەشتەرگەری ئەنجامدەدرا، بەڵام ئێستا نەخۆشەکان چارەسەریان بۆ ناکرێت، بۆیە بەناچاری دەچنە نەخۆشخانەی شار، لەوێش بەهۆی نیمچەبایکۆتەوە، خزمەتگوزارییەکان کەمکراونەتەوە، هەر بۆیە ژمارەی سەردانی نەخۆش لە دوای بایکۆتەوە لە هەزار کەسەوە کەمبووەتەوە بۆ نیوە.