وەزیری دادی عێراق بۆ رووداو: ئەو پارەیەی بەغدا دەینێرێت بۆ مووچەی مانگەکانی 9، 10 و 11یە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دادی عێراق دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی بەغدا دەینێرێت، بۆ مانگەکانی 9، 10  و 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە کە بەشێوەیەکی مانگانە دەدرێت. دەشڵێت: "بەغدا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ ماوەی سێ مانگ بە قەرز دەداتە هەرێمی کوردستان و دەبێت لەو ماوەیەدا هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتن لەبارەی هەمواری یاسای بودجە."
 
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق بە هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداوی لە بەغدای راگەیاند "پێشتر وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکانی عێراق باسکردبوو، ئەمڕۆش لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرەکان هەندێک تێبینییان لەسەر وردبینیکردن و ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڵام ئێمەش وەکو وەزیرە کوردەکان داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان دووپاتکردەوە". 
 
بە گوتەی خالید شوانی، "هەرێمی کوردستان ئامادە بووە یاسای بودجە جێبەجێ بکات، بەڵام بەهۆی ئەو هەموارانەی لە یاساکەدا کراوە، ئاستەنگ لە بەردەم جێبەجێکردنی دروستبووە، لەوانەش پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجی راستەقینە کە وایکردبوو بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی رابردوودا نەنێردرێت".
 
بڕیارەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران کێشەکان بۆ ماوەی سێ مانگ چارەسەر دەکات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجبکرێت و وەکو وەزیری دادی عێراق ئاماژەی پێدەدات "هاوتەریب لەگەڵ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانیش، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بڕگەکانی یاسای بودجە بە جۆرێک لە جۆرەکان هەموار دەکەنەوە، یان چارەسەری بۆ دەدۆزنەوە".
 
خالید شوانی لەبارەی پێشنیازەکان بۆ چارەسەر کێشەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دەڵێت؛ "یەک لەو بیرۆکانەی هەیە، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بودجە جیا بکەینەوە، واتا بودجە پەیوەست نەکرێت بە داهات و خەرجکردن کە بە خەرجی راستەقینە ناویان هێناوە، ئێمە دەمانەوێت چۆن مووچەی فەرمانبەرانی عێراق بەبێ خەرجی راستەقینە دەدرێت، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە و بەدەر لە بودجەی هەرێمی کوردستان دابینبکرێت".
 
ئەو قەرزەی ئەمڕۆ دراوە بە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ مانگ بەردەوامدەبێت و وەزیری دادی عێراق باس لەوە دەکات؛ "دەبێ لەو سێ مانگەدا بگەین بە چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ کێشەکان، قەرزەکەش بۆ هەر مانگێک 700 ملیار دینارە، واتا بۆ مانگەکانی ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم". دەشڵێت، "هەر ئەمڕۆ وەزیری دارایی عێراق راسپێردرا رێوشوێنە ئیداری و داراییەکان بگرێتەبەر و پارەکە بخاتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
لەبارەی قەرەبووی مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب کە تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان وەریاننەگرتووە، خالید شوانی گوتی، "بەپێی ئەو بڕگەیەی کە دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای خەرجی راستەقینە بێت، عێراق لە 01-01-2023 تاوەکو 16-06-2023 یاسای بودجەی نەبووە و تەنیا یەک لەسەر 12ـی بودجەی ساڵی 2022ـی مانگانە خەرجکردووە، بەو پێیەش، خەرجیی راستەقینەی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ هەژمار نەکراوە و ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی کوردستان هەژمارکراوە بەشی مووچەی فەرمانبەران و خەرجییەکانی هەرێمی کوردستانیش ناکات و مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابیش بۆیە باس نەکراوە، چونکە پەیوەستە بە چارەسەرکردنی کێشەی خەرجی راستەقینە لە یاسای بودجەدا".
 
خالید شوانی دووپاتیدەکاتەوە؛ "ئەگەر یاسای بودجە جێبەجێ بکرێت و بودجەی وەبەرهێنان بکەوێتەکار، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانیش بەرزدەبێتەوە و دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران بە مانگەکانی تەممووز و ئابیش بدات، ئەگەر ئەوەش جێبەجێنەکرا، دەبێ جارێکی دیکە بگەڕێینەوە لای حکومەتی فیدراڵی و داوای مووچەی مانگەکانی 7 و 8ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەین".
 
وەزیری دادی عێراق دەڵێت، بەغدا هەموو پارەکە بەیەکەوە ناخاتە سەر هەژماری بانکیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەکو ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەو دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینارەیە، لەبەرئەوەی بۆ سێ مانگە، ئەگەر عێراق بە یەکجار بینێرێت، کێشەی پارەی کاشی بۆ دروستبێت، بۆیە مانگانە 700 ملیار دەخرێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
وەزیرە کوردەکان لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، داوای مانگانە 800 ملیار دیناریان بۆ هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ ئەوەی مووچەی دوو مانگی رابردوو و مانگی 12شی پێبدەبدرێت، بەڵام خالید شوانی دەڵێت: "بەهۆی کێشەی نەختینە کە وەزیری دارایی عێراق گوتی لەو بابەتەدا هەندێک کێشەیان هەیە، هەروەها رێککەوتنە سیاسییەکەش بەرەو ئەو ئاراستەیە بوو کە 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگ بە بەردەوامیی بدرێت، بڕیار لەسەر مانگانە 700 ملیار دینار درا".
 
وەزیری دادی عێراق نەیشاردەوە کە ئەو تێبینیانەی چەندین ساڵە لە عێراقەوە لەسەر هەرێمی کوردستان دەدرێت، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی وەزیران جارێکی دیکە هەمووی باسکرایەوە و گوتی؛ "ئێمە لەگەڵ وەزیرە کوردەکانی دیکە و هەندێک لە وەزیرە شیعە و وەزیرە سوننەکانیش بەرگری باشمان لە قووتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات ئەو هەوڵانەی شاندی حکومەتی هەرێمیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو داویەتی و داتای داوەتە عێراق و بە شەفافییەت مامەڵەی کردووە، کاریگەری باشی دروستکردووە، جاران دەگوترا دیوانی چاودێری دارایی عێراق بۆی نییە بچێتە هەرێمی کوردستان".
 
خالید شوانی دووپاتیکردەوە؛ "ئەمڕ لە ئەنجوومەنی وەزیران باسمان لەوە کرد کە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان دەستیان کردووە بە وردبینیکردن لە داهات و خەرجییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان بە بایۆمەتری کراوە و ژمارەی خانەنشینانیش هەمووی روونە، واتا بەهۆی ئەو داتایانەی لەلایەن شاندی حکومەتی هەرێمەوە خراوەنەتەڕوو شێوەیەک لە بەرچاوڕوونی لەلایەن بەغداوە دروستبووە و ئەو بیانووانەی جاران هەیانبوو بۆ نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان، ئێستا ئێمە وەڵاممان بۆیان هەیە".
 
وەزیری دادی عێراق پێیوایە، هیچ سەرپێچییەکی دەستووری لە بریاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە، لەبەرئەوەی بریارەکە بۆ پێدانی قەرزە و بە وردی لایەنە یاساییەکانی تاوتوێ کراوە، ئەگەر بە هەر شێوازێکی دیکە بووایە رەنگە بتوانرابا لە دادگەی فیدراڵی تانەی لێبدرێت".