گەشتوگوزار: دەست بە جێبەجێکردنی نووسین بە زمانی کوردی لەسەر تابلۆی شوێنە گەشتیارییەکان کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، هەر شوێنێکی گەشتیاری زمانی کوردی زمانی یەکەمی سەر تابلۆ، لیستی خواردن و رێنوێنییەکانی نەبێت، مۆڵەتی بۆ نوێ ناکەنەوە؛ دەشڵێت، لە داهاتووشدا هەر شوێنێکی گەشتیاری 75٪ـی دەستی کاری، نێوخۆیی نەبێت، مۆڵەتی بۆ نوێ ناکەنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2023، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشتر رامانگەیاندبوو دەبێت هەموو شوێنێکی گەشتیاری زمانی کوردی لەسەر تابلۆکەی، لیستی خواردن و رێنوێنییەکانی هەبێت. ئێستا ئەوە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و خاوەنی هەر شوێنێک پێیەوە پابەند نەبێت، مۆڵەتی بۆ نوێ ناکرێتەوە؛ شوێنەکەش نوێ بێت، مۆڵەتی پێنادرێت."
ئەو کەسانەی بۆ وەرگرتنی مۆڵەت یان نوێکردنەوەی دەچن، دەبێت وێنەی تابلۆ و لیستی خواردن و رێنوێنییەکانیان ببەن بۆ دەستەی گەشتوگوزار، وەک بەڵگەیەک کە بە چی زمانێک نووسیویانە. ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتی، "رێز لە زمان، کولتوور و ئایینی گەشتیاران دەگرین؛ تەنیا مەبەستمانە زمانی کوردی زمانی یەکەم بێت. لەگەڵ زمانی کوردیدا بە هەر زمانێکی دیکە بنووسرێت، کێشەمان نییە."
زۆرجار هاونیشتمانییان رەخنەی ئەوە دەگرن کاتێک دەچنە رێستۆرانتێک یان شوێنێکی گەشتیاری، کارمەندی کوردی لێ نییە. لەم بارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار گوتی، "لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان سەرقاڵی رووپێوییەکین و دەمانەوێت بزانین دەستی کاری نێوخۆیی لە شوێنە گەشتیارییەکاندا چەندە. دوای رووپێوییەکە بەدڵنیاییەوە ئەوەش دەکەینە مەرج، کە هەموو شوێنەکان 75٪ـی دەستی کاریان هاونیشتمانییان بن، کە ئەو رێژەیە رێنوێنیی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیشە."
ئیبراهیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوەکرد، هەموو هەوڵێکی ئەوان بۆ دەستخستنی هەلی کارە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان؛ گوتیشی، "بۆ سێکتەری گەشتیاری، زۆرجار رووبەڕووی ئەو کێشانە دەبینەوە کە دەرچووانی هەرێمی کوردستان جگە لە کوردی زمانی دیکە نازانن، لەکاتێکدا گەشتیاران دێن، بە زمانی عەرەبی، ئینگلیزی یان هەر وڵاتێکی دیکە قسە دەکەن."
لە شەش مانگی ئەمساڵدا 4 ملیۆن و 500 هەزار کەس هاتوونەتە هەرێمی کوردستان
ئیبراهیم عەبدولمەجید دەڵێت، نوێترین ئاماری بەردەستیان شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵە، کە تاوەکو 30ـی حوزەیران، 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.
سەردانیکردنی ئەو ژمارە گەشتیارە لەکاتێکدایە، شەش مانگی ساڵی رابردوو 3 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار و سەردانیکار لە هەرێمی کوردستان تۆمارکران.
23ـی ئەیلوول یەکەم رۆژی وەرزی پاییزە لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت، وەرزی زێڕینی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان هاوینە، بەڵام لە پاییزیشدا هاتنی گەشتیاران بەردەوامە و پلانی دەستەکەیان وایە، سەردانی گەشتیاران بکەنە هەمیشەیی نەوەکو تەنیا وەرزێک.
گەشتیارەکانی هەرێمی کوردستان کێن؟
بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ئەوانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ گەشتیاری، زۆرینەیان خەڵکی پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراقن؛ بەشێکیشیان لە دەرەوەی عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
بەشێکی ئەو گەشتیارانەی لە ئامارەکاندا تۆمار دەکرێن گەشتیاری نێوخۆیین؛ ئەوانەی لە شارێکەوە دەچنە شارێکی دیکە و زیاتر لە 24 کاژێر دەمێننەوە. گەشتوگوزار بەوانە دەڵێت سەردانیکار.
شوێنە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان
بەگوێرەی نوێترین ئاماری دەستەی گەشتوگوزار کە ئەمڕۆ 17ـی ئەیلوول بە رووداو دراوە، لە هەرێمی کوردستان 2 هەزار و 708 شوێن وەکو شوێنی گەشتیاری یان کارکردن لە بواری گەشتیاری تۆمار کراون کە بەمشێوەیەی خوارەوەن:
- 714 کافتریا
- 10 شاری یاری
- 589 رێستۆرانت
- 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری
- 54 کۆمەڵگەی گەشتیاری
- 460 هۆتێل
- 282 مۆتێل
ساڵانە هاتنی گەشتیاران زیادیکردووە
بەگوێرەی ئاماری دەستەی گەشتوگواز، 11 مانگی ساڵی 2021 چوار ملیۆن و 93 هەزار و 888 گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردسانیان کردووە.
ئامارەکە ساڵی رابردوو بەرزبووەوەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 6 ملیۆن گەشتیار. ئەمساڵ تەنیا شەش مانگ زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار تۆمار کراون، پلانی دەستەی گەشتوگوزاریش ئەوەیە، سەردانی گەشتیاران بگەیێنێتە 8 ملیۆن لە ساڵێکدا.
هەر بەگوێرەی ئامارەکانی دەستەی گەشتوگوزار، ساڵانە زۆرترین گەشتیار سەردانی پارێزگای هەولێر و ناوچە گەشتیارییەکانی دەکەن؛ سلێمانی دوای هەولێرە و پاشان دهۆک و هەڵەبجە.