کوژران و برینداربوونی سێ کۆڵبەر ناڕەزایەتیی نوێنەری رێبەری ئێرانی لێدەکەوێتەوە


رووداو- هەولێر 

کوژرانی کۆڵبەرێک و برینداربوونی دوو کۆڵبەری دیکە لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود، ناڕەزایەتی گوتارخوێنی پاوەی لێکەوتەوە. مەلا قادر قادری رووی دەمی کردە هێزە سەربازییەکانی ئێران و گوتی: "ئێمە سڵاویان لێ دەکەین، ئەوان بە گوللـە وەڵاممان دەدەنەوە."
 
رۆژی هەینی 16.09.2022 هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچە سنوورییەکانی شارۆچکەی نەوسوود سەر بە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان تەقەیان لە کۆڵبەران کرد و هاونیشتمانییەک بەناوی ئیسماعیل عەبدی، خەڵکی گوندی "بازان"ی سەر بە شاری جوانڕۆ گیانی لە دەستدا و دوو کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کران.
 
مەلا قادر قادری، گوتارخوێنی شاری پاوە و نوێنەری رێبەری لە هەورامان لە نوێژی هەینییدا لەو بارەوە قسەی کرد و رووی دەمی کردە هێزە سەربازییەکان و گوتی: "ئێمە رێزیان دەگرین، بەڵام ئەوان رێزمان ناگرن؛ سڵاویان لێدەکەین، بەڵام ئەوان بە گوللـە وەڵاممان دەدەنەوە."
 
مەلا قادر قادری دەڵێت: "ئەمە شێوەی بەڕێوەبەربردن و حکومەتکردن نییە."
 
مەلا قادر قادری گوتیشی: "چەند رۆژ لەمەوبەر بۆ کوژرانی سەربازێک لە ناوچە سنوورییەکانی نەوسوود رێوڕەسمێکمان رێکخست و پێمان وابوو پاسەوانی سنوور رێزی ئەم هەوڵە دەگرێت، بەڵام 48 کاژێر تێپەڕ نەبوو بە تەقە لە کۆڵبەران وەڵامیان دایەوە".
 
مانگی ئایاری ئەمساڵ داواکاری گشتیی پاوە رایگەیاند، هاتووچۆی کۆڵبەرەکانی شارەکانی دیکە بۆ پاوە و ناوچە سنوورییەکان نەوسوود دەوەستێنن.
 
سەرەڕای ئەو بڕیارە، کۆڵبەرەکان بە تایبەت لە شارەکانی جوانڕۆ و سەلاس و باوەجانییەوە بۆ کۆڵبەری روو لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە دەکەن.
 
کۆڵبەرەکان دەڵێن، بەهۆی نەبوونی هەلی کار و دۆخی خراپی ئابوورییەوە ئەو کارە دەکەن. ساڵانە دەیان کەسیان بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانەش بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران، بریندار دەبن یان دەکوژرێن.